راپۆرتێك له‌باره‌ى رۆڵی گه‌نجان له‌نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌ گه‌رمیان

2021/06/21    1457 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ رادیۆی ده‌نگ، له‌ راپۆرتێكدا له‌سه‌ر پرسی رۆڵی گه‌نجان له‌ حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌ سنورى گه‌رمیان ده‌وه‌ستێت و ئاست و ئاله‌نگاریه‌كانى ئه‌و پرسه‌ ده‌خاته‌ڕو.
 
له‌چوارچێوه‌ى چالاكیه‌كانى یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ رادیۆی ده‌نگ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی ئه‌مریكی، یه‌كه‌كه‌ هه‌ستاوه‌ به‌ ئاماده‌كردنى راپۆرتێك له‌باره‌ى رۆڵ و ئه‌دا و به‌شداریی گه‌نجان له‌ حزبه‌ سیاسیه‌كان، هه‌روه‌ك دیارترین ئه‌و كێشه‌ و ئاله‌نگاریانه‌ى خستوه‌ته‌ڕو كه‌ له‌م روه‌وه‌ دێنه‌ رێی گه‌نجان به‌تایبه‌تى له‌ سنورى گه‌رمیان.
 
بۆ خوێندنه‌وه‌ و داگرتنى راپۆرته‌كه‌ به‌ نوسخه‌ى (PDF) كلیك له‌م لینكه‌ى خواره‌وه‌ بكه‌.
 
 
یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ، یەکەیەکی رۆژنامەوانیی تایبەتە بە بەدواداچونی پرسەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و دیموکراسی. لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە و بە پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی دامەزراوە. کاری بەرھەمھێنانی بابەتی رۆژنامەوانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و دیموكراسی، ھەروەھا چالاکی جیاوازی وەکو: خول، وۆرکشۆپ، راپرسی، سیمینار، گفتوگۆی کراوە و راپۆرتی قوڵ ئه‌نجام دەکات.
 
ده‌قی راپۆرته‌كه‌ به‌ تێكست له‌ خواره‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕو:
 
 
 
یه‌كه‌م: راپۆرت
 
1. پێشه‌كی:
سیاسه‌ت له‌و هونه‌رانه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام پێویستی به‌ نوێبونه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌م نوێبونه‌وه‌ش چ له‌ ئاستى فیكردا بێت یاخود كادیر و كاراكته‌ره‌كانى.
ئه‌وه‌ى له‌ كاری حزبایه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌كو نه‌نگی باسی لێوه‌كراوه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌متر ده‌رفه‌ت به‌ گه‌نجان دراوه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵكو باسیش له‌وه‌ده‌كرێت كه‌ ره‌نگه‌ وه‌كو ژماره‌ گه‌نجان له‌ حزبه‌كاندا زۆر بن، به‌ڵام وه‌كو رۆڵ، ئه‌و رۆڵه‌یان نییه‌.
له‌میانه‌ى ئه‌م راپۆرته‌وه‌، له‌سه‌ر پرسی به‌شداریی گه‌نجان له‌ كارى سیاسیی و حزبیی و ئاسته‌كه‌ى ده‌وه‌ستین، هه‌روه‌ك ئاله‌نگارییه‌كانى ئه‌م بواره‌ش ده‌خه‌ینه‌ڕو.
 
2. رۆڵی گه‌نجان له‌ حزبه‌كان له‌ نێوان روكه‌شیی و جه‌وهه‌رى دا
به‌رپرسه‌ سیاسیه‌كانى گه‌رمیان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ رۆڵ به‌ گه‌نج دراوه‌ بۆ هاتنه‌پێشه‌وه‌ین بۆ نێو سیاسه‌ت، به‌ڵام هه‌ندێك پێىوایه‌ ئه‌و رۆڵه‌ روكه‌شه‌ و هه‌ندێكیشیان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.
هاشم ساڵەح، سکرتێری مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە قەزای کفری، وتی: "رۆڵی گەنج لە ئێستادا بەگشتی بە رواڵەت هەیە و رۆڵی پێدراوە، بەڵام ئەگەر تەماشا بکەین لە پشتەوەی هەر گەنجێک کە لەناو حزب و سیاسەت دایە کاراکتەرێکی بەتەمەنی لە پشتەوەیە و بەو ئاراستەیە ئەیان جوڵێنن کە لە بەرژەوەندیەکانی خۆیانە و حزبە سیاسیەکان چۆنیان بوێت ئەوە دەبێت، ئەمەش مایەی دڵخۆشی نیە".
دەشڵێت: ئەمەش کاریگەری خراپی ئەبێت لەسەر گەنجان، چونکە ئەگەر به‌ ته‌واوى لەکەدار نەکرابێت و وانیشان نەدرابێت کە فاشیلە و ناتوانێت ئیدارەی وڵات بدات، ئەگەرنا ئەبێت گەنجێکی گوێڕایەڵ و بە ئارەزوی پیاوە بەتەمەنەکانی ناو سیاسەت بێت، ئەمەش وایکردوە کە گەنج خۆی نەدات لە حوکمڕانی و سیاسەت لە بری ئەوەی دەستیان بگرێت ئەیانشکێنن.
به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رپرسێكى حزبى باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ رۆڵ به‌ گه‌نجان دراوه‌ له‌ نێو پارته‌ سیاسیه‌كان به‌جۆرێك رێژه‌كه‌ زیادى كردوه‌ بۆ سه‌روى %60.
عومەر عەلی، لێپرسراوی بەشی رێکخستن لە مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانى كوردستان، باس له‌وه‌ ده‌كات: رۆڵی گەنج لە نێو حزبە سیاسیەکان و لە گەرمیانیش بە تایبەت هاتنەپێشەوە هەبوە و رۆڵ بە گەنج دراوە و ده‌توانم بڵێم ئاستى به‌شدارییان %70ـه‌، بەتایبەت باسی یه‌کێتی بکەم گەنجی زۆر هەیە و دەتوانم بڵێم لە نیوە گەنج بەڕێوەى ئەبات.
وتیشى: لەگه‌ڵ ئەوەشدا دەیان بوارمان هەیە ده‌بێت کەسانی بەتەمەن و بە ئەزمون بەرێوەی ببات و نابێت هەموی بدرێت بەدەست گەنجەوە، چونكه‌ له‌ روى سیاسیه‌وه‌ ئه‌زمونیان هه‌یه‌. 
له‌ هه‌مان كاتدا، وریا عەلی، به‌رپرسی ناوچه‌ى كه‌لاری پارتى دیموكراتى كوردستان، وتى: "ئێمە وەک خۆمان چ لەسەر ئاستی ئۆرگانە حزبیەکان چ لەسەر ئاستی وەزیفەی حکومی و پەرلەمانیش كۆمەلێک گەنجی زۆرباشمان هێناوەتە پێشەوەوە، به‌ جۆرێك رێژه‌كه‌ى ده‌گاته‌ نزیكه‌ى له‌ %80 ده‌بێت".
ده‌شلێت: له‌ هه‌مو حزبێكى سیاسى رۆڵ ده‌درێت به‌ گه‌نج كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسى حزب و به‌ره‌وپێشبردنى حزبه‌كه‌ى كار ئه‌كات و هه‌مو هه‌نگاوه‌كانى بۆ حزبه‌كه‌یه‌تى، به‌ گرنگیش سه‌یرى ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئاستى ئه‌و وه‌زیفانه‌ى كه‌ وه‌ریان گرتوه‌، به‌ جۆرێك هەر وەزیفەیەک هاتبێتە پێشەوە هەتا گەنجێکی ئەکادیمی و بەتوانا وەستابێت شوێنەکەمان بە کەسی تر پڕ نەکردوەتەوە.
"به‌شێوه‌یه‌كى گشتى رێژه‌یه‌كى باش گه‌نجان رۆڵیان پێدراوه‌ له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ناتوانم به‌راوردكارى بكه‌م له‌ نێوان ئێستا و رابردو، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى سیسته‌مى حوكمڕانى له‌ هه‌رێمى كوردستان ناشرین كراوه‌ به‌ تایبه‌ت لاى گه‌نجان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌ڕوانن، هۆكارى ئه‌مه‌ش ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسیه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌رێم كوردستان هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌". عومه‌ر نه‌جم، به‌رپرسى بۆردى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى كوردستان له‌ گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
پسپۆرێكى سیاسى جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان فه‌زایه‌كى گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ ئێستادا، به‌ڵام حزبه‌كان رۆڵیان به‌گه‌نج داوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ دواى ساڵى 2009، چونكه‌ ژینگه‌یه‌كى وا ره‌خسا ناچاربون ئه‌وه‌ بكه‌ن، ئه‌گه‌رچى ئه‌و گه‌نجانه‌شى كه‌ چونه‌ نێو پارته‌ سیاسیه‌كان ئیستغلالى ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان كرد و هه‌مان ئه‌قڵیه‌تى كۆنه‌كانیان جێبه‌جێ كرد، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى خراپى هه‌بو له‌سه‌ر پرۆسه‌ى سیاسى له‌ هه‌رێم.
ئاریان ره‌ئوف، مامۆستاى زانكۆ و پسۆڕى سیاسى، ده‌ڵێت: "له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان فه‌زایه‌ك هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌ دواى ساڵى 2009ـه‌وه‌ ژینگه‌یه‌كى وا دروست بو كه‌ حزبه‌كان رۆڵ به‌ گه‌نج بده‌ن و ژماره‌یه‌كى زۆر گه‌نجیش داخل به‌ پارته‌ سیاسیه‌كان بو، به‌ڵام گه‌نجان نه‌یانتوانى ئه‌م هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌ و به‌قازانجى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان بیبه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مانیش چونه‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ى ئه‌وانه‌ى پێشوتر كه‌ له‌ نێو پارته‌ سیاسیه‌كان هه‌بون و هه‌ن".
وتیشى: هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌پۆلێكى پۆپۆلیستی له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى سه‌رى هه‌ڵدا، گه‌نجه‌كانیش به‌شێكیان ئه‌و هه‌له‌یان بۆ ره‌خسا له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م شه‌پۆله‌ پۆپۆلیستیه‌ په‌ره‌یان به‌ خۆیان دا زه‌مینه‌یان بۆ خۆیان سازان و بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وامى بده‌ن به‌ خۆیان له‌و پۆست و كایانه‌ى كه‌ پێشتر بۆیان فه‌راهه‌م نه‌بو، له‌ كاتێكدا ره‌خنه‌یان ده‌گرت له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم كه‌ ئه‌و پۆستانه‌یان قۆرخ كردوه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كى درێژه‌ له‌و پۆستانه‌ن، به‌ جۆرێك ئیستغلالى ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان كرد بۆ مانه‌وه‌یان له‌و پۆستانه‌ كه‌ له‌ هه‌رێم هه‌ن.
به‌ رای هاشم ساڵه‌ح، به‌شداریی گه‌نجان له‌ حزبه‌كاندا زۆرتر شكڵییه‌ "هەمو حزبە سیاسیەکان باسی گەنج و نوێکاری ئەکەن، بەڵام ئەوەی هەیە رواڵەتە و گەنج بڕیاردەر نین له‌ حزب دا".
 
3. گرنگیدان له‌ گه‌نجان له‌ناو حزبه‌كان دا
به‌شێك له‌ به‌رپرسه‌ سیاسیه‌كان پێیانوایه‌ گه‌شه‌سه‌ندنى هه‌ر پارتێكى سیاسی په‌یوه‌سته‌ به‌ بونى گه‌نج له‌ نێو ئه‌و پارته‌دا، ده‌شڵێن گرنگى به‌ گه‌نج دراوه‌ له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كانى گه‌رمیان، به‌ڵام هه‌ندێك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌ڕوانن به‌ جۆرێك ئه‌وه‌ى هه‌بێ تله‌ نێو سیاسه‌ت و به‌ رواڵه‌ت گه‌نج بێت به‌ ئه‌قڵیه‌ت گه‌نج نیه‌.
عومەر عەلی، لێپرسراوی بەشی رێکخستن لە مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی باس له‌وه‌ ده‌كات: "له‌ ئێستادا گەنج بەشداری گرنگی هەیە لە ناو حزب و سیاسەتدا، هینانە پێشەوەی گەنجان لە ئێستا بە گرنگ ده‌بینرێت، چونکە سەردەم سەردەمی تەکنەلۆژیایە کە ئەمەش پێویستی بە گەنجى شارەزا هەیە، بۆیه‌ هه‌ر لایەنێکی حزبی لەم رۆژگارەدا گرنگی بە گەنج نەدات له‌ نێو كایه‌ى سیاسیدا ئەوە لایەنی سلبی زۆری ئەبێت لەسەر ئەو حزبە".
ده‌شڵێت: بەکۆی گشتی لە بەرژەوەندی گشتی نیە ئەگەر گرنگی بە گەنج نەدرێت بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌یان بۆ نێو سیاسه‌ت.
هه‌ندێك له‌ به‌رپرسان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن گرنگى به‌ گه‌نجان دراوه‌ له‌ نێو پارته‌ سیاسیه‌كان و له‌ حزبێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكى دیكه‌ ده‌گۆڕێت، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر حزبێك بیه‌وێت به‌ به‌رده‌وامى له‌ گه‌سه‌ندندا بێت و چالاك بێت، ده‌بێت گرنگى به‌ گه‌نجان بدات.
عومه‌ر نه‌جم، به‌رپرسى بۆردى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى له‌ گه‌رمیان وتی: "له‌ نێو هه‌ر پارت و حزبێكى سیاسى شێوازه‌كان جیاوازن بۆ به‌گرنگ سه‌یركردنى گه‌نجان، چونكه‌ له‌ حزبێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكى دیكه‌ ده‌گۆڕێت، به‌ نسبه‌ت حزبه‌كه‌ى خۆمه‌وه‌ گرنگى زۆرى به‌ گه‌نجان داوه‌، جا بۆیه‌ هه‌ر حزبێك ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌رده‌وام له‌ ئاستى گه‌شه‌سه‌ندندا بێت و به‌ زیندویى بمێنێته‌وه‌ و چالاك بێت، ده‌بێت گرنگى به‌ گه‌نجان بدات و رۆڵیان به‌ هه‌ند وه‌ربگرێت".
به‌پێچه‌وانه‌وه‌، هاشم ساڵەح، سکرتێری مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە قەزای کفری، وتی: "گەنجان لە ناو سیاسەت بە گرنگ سەیرناکرێن، چونکە ئەو گەنجەی کە ئەیەوێت بچێتە ناو سیاسەت و بەراستی خەون و ئاواتی گەنجان بەدی بهێنێت لەگەڵ ئەوانەی کە لە ناو دەسەڵاتن دو ئاراستەی پێچەوانەن، بۆیە بەهەند وەرناگیرێن، بۆیە ئەگەر بە رواڵەت لە ناو سیاسەت گەنج بن، بەڵام بە ئەقڵیەت گەنج نین و هەمان ئەقڵیەتی بەتەمەنەکانیان هه‌یه‌".
له‌ به‌رامبه‌ردا، ئاریان ره‌ئوف، مامۆستاى زانكۆى گه‌رمیان و پسۆڕى سیاسى، وتى: "ئه‌گه‌ر باسى حزبى ئۆپۆزسیۆن بكه‌م، گه‌نجان به‌ گرنگ رۆڵیان هه‌ڵسه‌نگێندرا و رێگه‌شیان پێدرا، پۆست و كایه‌ى گرنگ گرنیگیشیان به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌ بو بۆ مانه‌وه‌ى خۆیان په‌یوه‌ست بون به‌ ئه‌قڵى ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ پێشتر هه‌بون، به‌ جۆرێك ئه‌و په‌یژه‌یه‌ى كه‌ به‌سه‌رى سه‌ركه‌وتن بۆ مانه‌وه‌ى خۆیان دانه‌كانى هه‌مو ئه‌و په‌یژه‌یان شكان بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى دواى خۆیان نه‌توانن سه‌ركه‌ون".
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى خراپى له‌سه‌ر كۆى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان دروست كرد، به‌ جۆرێك به‌شێكى خه‌ڵك كه‌ بڕواى به‌ پرۆسه‌كه‌ نه‌ماوه‌ و به‌شدارى پارته‌ سیاسیه‌كان ناكات هۆكاره‌كه‌ى ئه‌مه‌یه‌، نه‌یانتوانى ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ى كه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌ به‌رده‌وامى پێبده‌ن و رێگه‌ نه‌ده‌ن ئه‌و بارودۆخه‌ى كه‌ له‌ پێشتر هه‌بو دوباره‌ ببێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ى كه‌ ره‌خسا له‌ ساڵى 2009 بۆ گه‌نجان زه‌مینه‌یه‌كى باش بو.
 
4. ئاستى هاتنه‌پێشه‌وه‌ی گه‌نجان له‌ناو حزبه‌ سیاسیه‌كان دا
به‌رپرسێك جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ رێگه‌ به‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى گه‌نجان ده‌درێت بۆ نێو پارته‌ سیاسیه‌كان، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌وان كاربكه‌ن ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بێت ئاسته‌نگى بۆ دروست ده‌كرێت.
هاشم ساڵەح، سکرتێری مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە قەزای کفری، وتی: "رێگە بەهاتنەپێشەوەی گەنجان دەدرێت بۆ ناو سیاسەت و حزب، بەڵام بە مەرجێک لە بەرژەوەندی ئەواندا بێت کە لەو حزبەدان ئەگەرنا رێگەیان نادرێت بێنە پێشەوە، بە جۆرێک ئەوەندە گرفت و ته‌گه‌ره‌ى بۆ دروست دەکەن خۆشی نازانێت ئامانجی چیبوە کە هاتوەتە ناو سیاسەت، تەنانەت وایان کرد گرنگی بونى گەنجیان لەناو سیاسەت و لەلای خەڵک رسوا کرد، بۆ نمونە ئەیهێنێتە بەڕێوبەرایەتیەک كه‌چى هەزار ئاستەنگی بۆ دروست دەکات".
 
5. تا چه‌ند بۆچونى گه‌نجان له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت؟
وه‌رگرتنى بۆچونى گه‌نجان وه‌ك باسى لێوه‌ده‌كرێت له‌ نێو پارته‌ سیاسیه‌كان به‌ هه‌ند وه‌رناگیرێت ئه‌گه‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندى حزب و كاراكته‌ره‌كانى نێو حزب نه‌بێت، هه‌ندێكیش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌ڕوانن.
هاشم ساڵەح، سکرتێری مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە قەزای کفری، وتی: "بۆچونی گەنج وەرئەگیرێت، بەڵام کاتێک بڕژێتە بەرژەوەندی حزب و کاراکتەرەکانی ناو حزب، ئەگەر نا بە پێچەوانەوە رەئیان وەرناگیرێت، چونکە بەتەمەنەنەکانی ناو سیاسەت وا بیر دەکەنەوە ئەم جیلی گەنجە دژی ئەوان و بەرژەوەندیەکانیانن، لە کاتێکدا ئەبێت ببن بە ئاوێنەیەک بۆ ئێمە و جوانکردن و رێکخستنی ئایندەی سیاسەت لای گەنجان، هاوکات هەمیشە هەوڵیان داوە گەنج ناشرین بکەن و خۆیان بە پیرۆزی بمێننەوە و هەمو شتێکیان چەواشه‌ کردوە".
به‌پێچه‌وانه‌وه‌، عومەر عەلی، لێپرسراوی بەشی رێکخستن لە مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانى، باس له‌وه‌ ده‌كات: رای گه‌نج به‌ هه‌ند وه‌رگیراوه‌ و وه‌رئه‌گیرێت، به‌ڵام به‌ كه‌سه‌كان خۆیان كه‌وتوه‌ كه‌ چه‌ند خاوه‌نى بڕیارى خۆیانن، له‌ گه‌رمیانیش زۆر گه‌نج هه‌ن له‌ رێگه‌ى حزبه‌وه‌ پۆستیان وه‌رگرتوه‌ و له‌ شوێنى كاردان و خاوه‌نى بڕیاریشن.
"رای گه‌نج وه‌رئه‌گیرێت له‌ نێو كایه‌ى سیاسه‌تدا، راكانیش له‌ چوارچێوه‌ى كۆبونه‌وه‌ حزبیه‌كان وه‌رگیراوه‌، هه‌ر رایه‌ك درابێت چ گه‌نج بێت چ به‌ ته‌مه‌نێك بێت، ئه‌وا به‌هه‌ند وه‌رگیرا‌وه‌ و به‌باش زانراوه‌ و كارى له‌سه‌ر كراوه‌". وریا عەلی، به‌رپرسی ناوچه‌ى كه‌لاری پارتى دیموكراتى كوردستان وای وت.
 
6. ئاسته‌نگیه‌كانى به‌رده‌م هاتنه‌پێشه‌وه‌ى گه‌نجان له‌ حزب دا
به‌شدارانى پارته‌ سیاسیه‌كان له‌ گه‌رمیان هه‌موان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى گه‌نجان له‌ نێو حزبدا روبه‌ڕوى ئاسته‌نگ و ئاله‌نگاریی ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام نه‌گه‌شتوه‌ به‌ ئاستێك كه‌ شكستیان پێبهێنێت، به‌ڵكو به‌رده‌وام له‌ روبه‌روبونه‌وه‌ى ئه‌و ئاسته‌نگیانه‌دان.
وریا عەلی، به‌رپرسی ناوچه‌ى كه‌لاری پارتى دیموكراتى كوردستان، وتى: "رێگرى هه‌یه‌ و له‌ هه‌مو دونیادا هه‌مو شتێك به‌ دڵى ئه‌و كه‌سه‌ نابێت كه‌ خۆى ئه‌یه‌وێت، ئه‌مه‌ له‌ بوارى سیاسه‌تیش هه‌مان شته‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌كرێت له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و واقیعبینى كاته‌كه‌دا به‌رنامه‌ و پلانه‌كانى خۆت جێبه‌جێ بكه‌یت، پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ى خواستى گه‌نج و به‌هێزكردن و هێنانه‌پێشه‌وه‌ى گه‌نج كاربكرێت، به‌ڵێ رێگرى و ئاله‌نگاریی هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ نین كه‌ شكست به‌ گه‌نج بهێنێت له‌ بوارى سیاسه‌تدا".
به‌ هه‌مان شێوه‌، عومه‌ر نه‌جم، به‌رپرسى بۆردى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى كوردستان له‌ گه‌رمیان، وتى: یه‌كێك له‌ ئاله‌نگاریه‌كان بوارى مادییه‌ كه‌ رۆڵێكى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ له‌سه‌ر هاتنه‌پێشه‌وه‌ى گه‌نجان كه‌ ده‌بێت ئه‌و به‌ربه‌سته‌ تێبپه‌ڕێنن، له‌لایه‌كى دیكه‌ ململانێ به‌رده‌وامه‌كانى نێو حزب و سیاسه‌ت یه‌كێكى دیكه‌یه‌ له‌و به‌ربه‌ستانه‌ى كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌نجان هه‌یه‌ بۆ هاتنه‌ پێشه‌وه‌یان.
"لەهەر بوارێک کە بەرپرسیارێتی وەربگیرێت ئاسته‌نگ ئه‌بێت و‌ به‌ بێ ئاله‌نگاریی نابێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت بگات بەوەی کە شکستی پێ بهێنێت، بەڵێ رێگری و ئاسته‌نگ هەیە لە هێنانەپێشه‌وەی گەنج بۆ نێو سیاسه‌ت، هاوكات به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى رێگه‌دراوه‌ و ئه‌گه‌ر ئاسته‌نگێكیش هه‌بوبێت نه‌بوه‌ به‌ كێشه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ باسى حزبى خۆم ده‌كه‌م"، عومەر عەلی، لێپرسراوی بەشی رێکخستن لە مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانى كوردستان وای وت.
به‌رپرسێكیش پێیوایه‌ پێویسته‌ گه‌نجان خۆیان ئازاد بكه‌ن و ملكه‌چى ئه‌و بڕیارانه‌ نه‌بن كه‌ بڕوایان پێى نیه‌.
هاشم ساڵەح، سکرتێری مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە قەزای کفری، وتی: "یەکێک لەو تەحەدیاتانەی کە گەنجان لە ناو حزب روبەڕوی دەبنەوە ئازادییە، گەنجانمان ئازادن، بەڵام ئه‌م ئازادییه‌ بەرتەسک کراوەتەوە، چونکە کاتێک ئازاد ده‌بن كه‌ پێداگیریی له‌ ئایدیای سیاسی خۆیان بكه‌ن و ملكه‌چى ئه‌و بڕیارانه‌ نه‌بن كه‌ بڕوایان پێى نیه‌، ئەگەرنا بە پێچەوانەوەیە.
 
دوه‌م: چى بكرێت بۆ باشتركردنى به‌شدارى گه‌نجان له‌ حزبه‌كان؟
هاشم ساڵەح، سکرتێری مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە قەزای کفری، وتی: یەکێک لە چارەسەرەکان ئەوەیە کە ئەو گەنجانەی دێنە ناو سیاسەت و بۆ ئەوانەشی دوای خۆیان، پێویستە ملکەچی ئەو بڕیارانە نەبن کە بروایان پێی نیە، بۆئەوەی گەنجانی دیکەش بێنە پێشەوە و سیاسەتیان بوێت نەک عەیبدار بکرێن.
وتیشی: "ئه‌و رێگه‌ چارانه‌ى بۆ باشتركردنى به‌شدارى گه‌نجان بۆ نێو سیاسه‌ت یه‌كه‌میان خێزانه‌ كه‌ پێویسته‌ كار له‌سه‌ر لایه‌نى رۆشنبیرى بكرێت، هاوكات ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كان وه‌ك زانكۆ كه‌ پێویسته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بكات".
یه‌كێكى دیكه‌ له‌ رێگه‌ چاره‌كان بۆ بره‌ودان به‌ به‌شداریی گه‌نجان، رێكخراوه‌كانن.
عومه‌ر نه‌جم، به‌رپرسى بۆردى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى كوردستان له‌ گه‌رمیان، وتى: رێكخراوه‌كان پێویسته‌ به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر رۆشنبیركردن و چالاككردنى ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ن كه‌ بوار به‌ گه‌نجان بدرێت له‌لایه‌ن پارته‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ بۆ هاتنه‌ پێشه‌وه‌یان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له‌ لوتكه‌ى گه‌شه‌كردن بمێننه‌وه‌، ئه‌بێت بوار بۆ گه‌نجان بڕه‌خسێنن.
پسپۆرێكى سیاسى پێىوایه‌ كه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ى ئێستا هه‌یه‌ له‌ نێو كایه‌ى سیاسى دا ئاڵۆزه‌ و پرۆسه‌كه‌ش كاتێكى زۆرى ده‌وێت.
ئاریان ره‌ئوف، مامۆستاى زانكۆ و پسۆرى سیاسى، باس له‌وه‌ ده‌كات: "دۆخه‌كه‌ زۆر ئاڵۆزه‌ له‌ ئێستادا بۆ باشتركردنى ئه‌و بارودۆخه‌ى كه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ نیه‌ بتوانین له‌ زه‌مینه‌یه‌كى كورتدا وه‌چه‌رخانێكى نوێ بێته‌ ئاراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى دۆخه‌كه‌".
وتیشى: "له‌ ساڵى 1991 تاوه‌كو ساڵى 2009 یه‌ك جار ئه‌م زه‌مینه‌یه‌‌ ره‌خسا، ئێستاش  پێویستى به‌ چه‌ند ساڵێكى تره‌ تا ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بڕه‌خسێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گۆڕانكارى دروست ببێت".
 
* دەربارەی رادیۆی دەنگ
رادیۆی ده‌نگ، یه‌كه‌مین رادیۆی كۆمه‌ڵگه‌یی ئه‌هلیه‌ له‌ گه‌رمیان.
له‌ ساڵی 2010ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌و له‌ به‌روارى 6ى شوباتى ئه‌و ساڵه‌وه‌، ده‌ستى كردوه‌ به‌په‌خشی خۆی له‌ سنورى قه‌زاى كه‌لار و ده‌وروبه‌رى.
 ئامانجیشی بریتییە‌ له‌ په‌ره‌پێدانى دیموكراسیی و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیاریی هاوڵاتیانى سنورى گه‌رمیان له‌رێگه‌ى ئه‌و به‌رنامه‌و هه‌واڵ و بابه‌تانه‌ى كه‌ به‌دواداچونیان بۆ ده‌كات.
سەرباری پەخشی زەمینی، رادیۆکە خاوەنی چەند پرۆژەیەکی دیکەیە، وەکو: سایتی رادیۆی دەنگ، سایتی دەنگ نێت، سایتی نەوژین، یەکەکانی: چاودێریی حکومەتی خۆجێی گەرمیان، رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ، وزە و ھەڵبژاردن.
 
* دەربارەی یەکەی رۆژنامەوانیی مافەکانی مرۆڤ
یەکەیەکی رۆژنامەوانیی تایبەتە بە بەدواداچونی پرسەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و دیموکراسی. لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە و بە پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی دامەزراوە.
کاری بەرھەمھێنانی بابەتی رۆژنامەوانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ھەروەھا ئەنجامدانی چالاکی جیاوازی وەکو: خول، وۆرکشۆپ، راپرسی، سیمینار، گفتوگۆی کراوە و راپۆرتی قوڵ دەکات.
 
* سەرپەرشتیاری یەکەی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ و ئەم راپۆرتە: زریان محەمەد
 
* پەیوەندی:
‭٠٧٧٤ ٠٨٧ ٨١٥٣‬
‭٠٧٧٢ ٨٥١ ٨١٦٣
 
* شوێنی یەکەی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ لە ئینتەرنێت:
http://radiodeng.net/pages.aspx?kodtech=3
 
 
 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,349,638     ژمارەی میوان 614