گفتوگۆیه‌ك له‌باره‌ى ره‌وشى رۆژنامه‌وانى مێینه‌ له‌گه‌رمیان

5/14/2020    1172 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوس و نوێنه‌رى سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانى كوردستان، خوێندنه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌نجامى راپرسیه‌كى رادیۆی ده‌نگ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ باره‌ى ره‌وشى رۆژنامه‌وانى مێینه‌ له‌گه‌رمیان ئه‌نجامى دابو.
 
له‌ سه‌روبه‌ندى رۆژى رۆژنامه‌وانى كوردیی، (رۆژنامه‌ى نه‌وژین) و (یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ) كه‌ دو پرۆژه‌ى رادیۆی ده‌نگن، راپرسیه‌كیان له‌نێو رۆژنامه‌نوسانى مێینه‌ ئه‌نجامدا، به‌مه‌به‌ستى تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگ و ئاله‌نگاریانه‌ى دێته‌ پێشیان. (كلیك بكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپرسیه‌كه‌)
 
به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆی زیاتر له‌باره‌ى ده‌ره‌نجامى ئه‌و راپرسیه‌وه‌، گفتوگۆیه‌ك له‌ هۆڵی رادیۆی ده‌نگ به‌ڕێوه‌چو، به‌ به‌شداری رۆژنامه‌نوسان: (شنه‌ محه‌مه‌د، له‌یلا ئه‌حمه‌د، نیگار عومه‌ر و په‌رژین كامه‌ران)، هه‌روه‌ها (دلێر كه‌ریم) به‌ نوێنه‌رایه‌تى نوسینگه‌ى گه‌رمیانى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانى كوردستان.
 
له‌و گفتوگۆیه‌دا، باس له‌ دیارترین ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ كرا كه‌ راپرسیه‌كه‌ خستویه‌تیه‌ڕو، به‌تایبه‌تى سێ ته‌وه‌ر، یه‌كه‌میان: كه‌می ژنان له‌ پۆسته‌ جیاوازه‌كانى ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان و زۆر ده‌رنه‌كه‌وتنیان له‌و روه‌وه‌، دوه‌م: جیاكاری ره‌گه‌زیی و رۆڵی له‌ كه‌م هاتنه‌پێشه‌وه‌ى ژنان له‌ ده‌زگاكان و سێیه‌میش: رێشوێنه‌كانى مامه‌ڵه‌كردنى رۆژنامه‌نوسان له‌كاتى هاتنه‌پێشه‌وه‌ى كێشه‌كان و رۆڵی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان له‌وباره‌یه‌وه‌.
 
له‌ گفتوگۆكه‌دا به‌ وردیی قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ كرا، باس له‌وه‌كرا به‌شێك له‌و كێشه‌ و ئاله‌نگاریانه‌ په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ به‌ عه‌قڵیه‌تى پیاوسالاریی و پێنه‌دانى ده‌رفه‌تى ئه‌وتۆ به‌ ژنان له‌ سه‌رجه‌م كایه‌كان به‌گشتى، به‌شێكیشی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ رۆتینی كاركردنى ده‌زگاكان و هه‌وڵنه‌دانیان بۆ بره‌ودان به‌ لایه‌نى راگرتنى باڵانسی جێنده‌ری، هه‌روه‌ك به‌شێكى تریشیان په‌یوه‌ندی به‌خودی پیشه‌ى رۆژنامه‌وانیه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ كه‌ به‌ باشی پێنه‌گه‌یشتوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێكى په‌یوه‌ندی به‌ هۆكارى خودییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌لای رۆژنامه‌نوسانى مێینه‌.
 
هه‌روه‌ك له‌ گفتوگۆكه‌دا تاوتوێی ئه‌وه‌شكرا چۆن بتوانرێت به‌شداریی و كارایی ژنان له‌ بوارى رۆژنامه‌وانى دا زیاتر بكرێت، له‌مڕوه‌وه‌ ده‌ستپێشخه‌ریی رێكخراو و سه‌ندیكا و لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان به‌ بواری رۆژنامه‌وانی بۆ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان له‌باره‌ى گرنگییدان به‌ پرسی راگرتنى باڵانسی ره‌گه‌زیی و نه‌كردنى جیاكاریی ره‌گه‌زیی به‌ گرنگ زانرا، هاوكات ئه‌نجامدانى چالاكى دیكه‌ى هۆشیاری و هه‌ڵسه‌نگاندن به‌پێویست زانرا، له‌نمونه‌ى كردنه‌وه‌ى خول و ئه‌نجامدانى راهێنان.
 
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,349,495     ژمارەی میوان 471