په‌یامى رادیۆی ده‌نگ له‌ ساڵیادی ده‌رچونى رۆژنامه‌ى (نه‌وژین) دا

12/31/2019    989 جار بینراوە
 
دەقی په‌یامەکە:
 
زیاده‌رۆِیی نیه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین هێنده‌ى دامه‌زراندنى رادیۆی ده‌نگ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 2010 وه‌كو یه‌كه‌مین رادیۆی ئه‌هلی له‌ گه‌رمیان، شانازیی به‌ ده‌رچون و به‌رده‌وامى (رۆژنامه‌ى نه‌وژین)ه‌وه‌ ده‌كه‌ین. ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ى تایبه‌تمه‌ند نه‌بوه‌ له‌ بوارى ژنان له‌گه‌رمیان، به‌ڵام بێشك وه‌كو به‌ ته‌مه‌نترین رۆژنامه‌ى تایبه‌تمه‌ند به‌ ژنان و ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌ گشتیه‌كانى تری گه‌رمیانیش، ناوى ده‌چێته‌ مێژوى رۆژنامه‌وانیه‌وه‌ له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا.
 
هه‌ڵبه‌ت پێش 3 ساڵ كه‌ بیرمان له‌ ده‌ركردنى رۆژنامه‌ى (نه‌وژین) كردبویه‌وه‌، حسابمان بۆ زۆر ئه‌گه‌رى باش و خراپیش كردبو، ئاله‌نگاریه‌كانمان له‌ پێش چاودا بو و ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنه‌كانیشمان بیر لێكردبویه‌وه‌، بۆیه‌ وه‌كو هه‌نگاوێكى خوێندنه‌وه‌ بۆ كراو "مدروس" پێى هه‌ستاین.
 
ئێمه‌ له‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى 10 ساڵی كاركردنمان دا له‌ رادیۆی ده‌نگ، له‌ هه‌ر كار و چالاكی و پرۆژه‌یه‌ك كه‌ ده‌ستمان داوه‌تێ، ئه‌وه‌نده‌ى به‌لامانه‌وه‌ جێگه‌گرتنى گرنگ بوه‌، ئه‌وه‌نده‌ گوێمان به‌ ئاسته‌نگ و ئاله‌نگارییه‌كان نه‌داوه‌، له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا نه‌مانویستوه‌ پرۆژه‌ بكه‌ین هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بوترێت پرۆژه‌ ده‌كه‌ین! به‌ڵكو مه‌به‌ستى ئێمه‌ ئه‌وه‌بوه‌ ئه‌و بوارانه‌ى كه‌ پێویستیان به‌ په‌ره‌پێدان و كارتێداكردن هه‌یه‌، گرنگیی پێبده‌ین، ته‌نانه‌ت له‌م روه‌وه‌ چوینه‌ته‌ نێو هه‌ندێك پرۆژه‌وه‌ كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ پسپۆڕێتى خۆمان كه‌ كارى رۆژنامه‌وانیه‌، نه‌بوه‌، به‌ڵام چونكه‌ پێمانوابوه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ پێویست و گرنگه‌ ئه‌نجام بدرێت، ده‌ستمان داوه‌تێ و چوینه‌ته‌ ژێر باری به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ى.
 
نه‌وژین، وا سێ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ ده‌رچون، له‌ده‌مێك دا رۆژنامه‌ى كاغه‌زیی نه‌ك له‌ كوردستان، به‌ڵكو له‌ هه‌مو جیهان دا روبه‌ڕوى ئاله‌نگاریی و قه‌یرانى زۆر بوه‌ته‌وه‌، ورده‌ورده‌ فه‌زاى گریمانیی خه‌ریكه‌ به‌ڕه‌ له‌ژێر پێی ئه‌م تایپه‌ له‌ میدیا راده‌كێشێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا رۆژنامه‌ به‌رده‌وامه‌ و كۆتایی پێنه‌هاتوه‌.
 
ئێمه‌ ئه‌م واقیع و راستیانه‌مان له‌پێش چاوه‌، چاك له‌ ئاله‌نگارییه‌كانیش تێگه‌یشتوین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێدراو و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان كه‌ له‌رێگه‌ى كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆ و راپرسیی ورده‌وه‌ ئه‌نجاممان داوه‌ و ده‌ده‌ین، هانده‌رمانن بۆ ئه‌وه‌ى له‌م پرۆژه‌یه‌دا به‌رده‌وام بین.
 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نایشارینه‌وه‌ وه‌كو هه‌مو پرۆژه‌یه‌كى تری میدیایی، رۆژنامه‌ى (نه‌وژین)یش پێویستی به‌ ئه‌پده‌یت و نوێبونه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ستافه‌كه‌ى دا پلان و به‌رنامه‌ى تایبه‌ت ده‌گرینه‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى دروست تازه‌گه‌ریی له‌ رۆژنامه‌كه‌ دا بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى كاریگه‌ریی زۆرتر و باشتری لێبكه‌وێته‌وه‌.
 
له‌ كۆتایی دا ده‌ستخۆشیی و سوپاسی زۆرمان ئاراسته‌ى ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌م 3 ساڵه‌دا به‌رده‌وام بون له‌م پرۆژه‌یه‌دا، سوپاسیش بۆ هه‌مو ئه‌و رۆژنامه‌نوس و چالاكوان و ئازادیخوازانه‌ى كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا پاڵپشتی پرۆژه‌كه‌ بون و به‌ته‌نگیه‌وه‌ هاتون.
 
به‌هیواین (نه‌وژین) رۆڵێكى هه‌بوبێت له‌ بره‌ودان به‌ چه‌سپاندنى مافه‌كانى ژنان و به‌گژاچونه‌وه‌ى توندوتیژی و پێشێلكاریه‌كانى سه‌ر ئه‌و ره‌گه‌زه‌ و هه‌روه‌ها به‌رقه‌راركردنى یه‌كسانى ره‌گه‌زیی.
 
ئازاد عوسمان
 
به‌ڕێوبه‌رى رادیۆی ده‌نگ
 
 
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,225,339     ژمارەی میوان 73