له‌ساڵی (2010)ه‌وه رادیۆی ده‌نگ وه‌كو میدیایه‌كى كۆمه‌ڵگه‌یی سه‌ربه‌خۆ له‌گه‌رمیان له‌ژێر دروشمى (رادیۆیه‌كى ئازاد بۆ خزمه‌تى ئازادیی) دا ده‌ستى به‌كار كرد، ئامانجیشی بریتیی بوه له قسه‌كردن له‌سه‌ر ئازادیی و مافه‌كانى مرۆڤ و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنى دیموكراسیی.
دواى (9) ساڵ له‌م پرۆژه‌یه كه له ته‌مه‌نى كورتى خۆی دا روبه‌ڕوى چه‌ندین جۆری هێرش و په‌لامار و هه‌ڵكوتانه سه‌ر بوه‌ته‌وه، هێشتا وایده‌بینین ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ى هانى داین بۆ ده‌ستكردن به‌م پرۆژه‌یه، هه‌مان زه‌مینه‌یه و هۆكاره‌كانی دروستبونیشمان وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر له رابردودا دروستبونى وه‌ها ده‌زگایه‌ك پێویست بوبێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و قۆرغكاریه‌ى له فه‌زاى میدیایدا هه‌بو له‌لایه‌ن حزبه‌وه، ئه‌وا ئه‌مڕۆ هه‌مان پێویستیی و گرنگیی درێژه‌ى هه‌یه، به‌تایبه‌ت كه ئێستا میدیا لایه‌ندار و حزبیه‌كان به رێگاى جیاواز و تایتڵی دیكه‌وه خۆیان ده‌نوێنن.
ئه‌م فه‌زایه ئه‌گه‌رچی ئه‌ركی ده‌زگاكه‌مان و كارمه‌نده‌كانى قورس‌تر كردوه، به‌ڵام به‌وپێیه‌ى ئامانجه‌كان هه‌مان ئامانجن كه ئه‌و (9) ساڵه له‌پێناوی دا تێكۆشاوین، بۆیه خۆمان به ماندو و جاڕس نازانین بۆ درێژه‌دان به‌م كاروانه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌و ئاله‌نگاریانه ده‌گه‌ین كه میدیای بیستراو به گشتى له‌سه‌ر ئاستى جیهان روبه‌ڕوى ده‌بێته‌وه له ئێستادا، هه‌ربۆیه بۆ داهاتو به‌شێكى گرنگییدانه‌كانى ده‌زگاكه‌مان به ئاقارى نوێبونه‌وه و داهێنان ده‌بێت، به تایبه‌تى له گرنگیدانى زیاتر به بواری میدیای دیجیتاڵی و گرێدانه‌وه‌ى كاركردنى ته‌قلیدیمان به هی نوێ.
لێره‌شه‌وه جارێكى دیكه سوپاسگوزاریی خۆمان ئاراسته‌ى هه‌مو ئه‌و رۆژنامه‌نوس و چالاكوان و سیاسیی و ئازادیخوازانه ده‌كه‌ین كه له‌م (9) ساڵه‌دا هاوكار و پشتیوانمان بون، بێگومان به‌بێ بونى ئه‌وان ئه‌ركی ئێمه قورس‌تر و ته‌نانه‌ت مه‌حاڵیش ده‌بو، هه‌روه‌ك درود ده‌نێرین بۆ رۆحی هاوڕێی شه‌هیدمان (كاوه گه‌رمیانى) و هاوڕێی كۆچكردومان (شاخه‌وان فایه‌ق) كه تائێستاش قوربانیدان و خه‌ونه‌كانیان، بزوێنه‌رى به‌رده‌وامیی ئێمه‌یه.
پیرۆزه ساڵیادی دامه‌زراندنى رادیۆی ده‌نگ، به‌رده‌وامییش بۆ ده‌نگه ئازاده‌كان.
ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوبردنى رادیۆی ده‌نگ
6/2/2019