پێنجه‌مین كۆنفرانسی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی به‌ڕێوه‌چو

2024/09/08    351 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
پێنجه‌مین كۆنفرانسی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، له‌ قه‌زاى كفری به‌ڕێوه‌چو، به‌شداران ژماره‌یه‌ك راسپارده‌یان بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردولا خسته‌ڕو.
 
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ (22ـى ئابی 2024)، رادیۆی ده‌نگ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، پێنجه‌مین كۆنفرانسی ساڵانه‌ى خۆی له‌ بوارى حكومه‌تى خۆجێی و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی گه‌رمیان ئه‌نجامدا. له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا كه‌ له‌ هۆڵی كۆلێجی ته‌كنیكی كفری  له‌ قه‌زاى كفری به‌ڕێوه‌چو، (40) به‌ڕێوبه‌رى حكومی و چالاكی مه‌ده‌نی و كه‌سانى ئه‌كادیمی، به‌شداربون.
 
له‌سه‌ره‌تای كۆنفرانسه‌كه‌دا، له‌ راپۆرتێكى ڤیدیۆییدا تیشكخرایه‌ سه‌ر یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان كه‌ پرۆژه‌یه‌كى رادیۆی ده‌نگه‌ به‌ پاڵپشتی رێكخراوى NED و كار و ئه‌رك و ئامانجه‌كانى رونكرایه‌وه‌.
 
پاشان قایمقامی قه‌زاى كفری- ساهر عه‌لی جاسم، وته‌یه‌كى پێشكه‌شكرد و تیایدا جه‌ختى له‌ گرنگی سازدانى كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ قه‌زاى كفری كرده‌وه‌ و پێداگیریشی كرد له‌سه‌ر بونى په‌یوه‌ندیه‌كى دروست له‌نێوان حكومه‌تى خۆجێی و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی.
 
لە بڕگەیەکی تری کۆنفرانسەکەدا، راهێنه‌ر و چالاكى مه‌ده‌نی- سامان عه‌زیز، سیمینارێكى  له‌باره‌ى بنه‌ماكانى په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌ت و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی خسته‌ڕو، تیایدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دو لایه‌نه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى دروست بێت و به‌ ئامانجی خزكه‌تى گشتى بێت.
 
دواتر گفتوگۆیه‌كى كراوه‌ له‌نێوان به‌شداران به‌ڕێوه‌چو، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان و له‌ روانگه‌ى خۆیه‌وه‌، باسی له‌ ئاستى په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كرد، هه‌روه‌ك تیشكیانخسته‌ سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ى له‌مڕوه‌وه‌ بونى هه‌یه‌. له‌ گفتوگۆكه‌دا چالاكوانان و به‌رپرسانى حكومیی، به‌ راشكاوانه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ و ئاله‌نگارییه‌كانى په‌یوه‌ندی نێوانیان قسه‌یان كرد.
 
له‌ كۆتا به‌شى كۆنفرانسه‌كه‌دا، وۆركشۆپێك به‌ڕێوه‌چو، كه‌ تیایدا به‌شداران له‌رێگه‌ى كارى گروپه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك راسپارده‌یان گه‌ڵاڵه‌ كرد بۆ باشتركردنى په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تى خۆجێی و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى، له‌وباره‌وه‌ پێشنیازى جیاواز و گرنگیان خسته‌ڕو، كه‌ بڕیاره‌ دواتر ئه‌م راسپاردانه‌ به‌ فه‌رمی راده‌ستى حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى كارى له‌سه‌ر بكه‌ن.
 
كۆنفرانسی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، كۆنفرانسێكى ساڵانه‌یه‌ و چوار كۆنفرانسی رابردو له‌ قه‌زاى كه‌لار به‌ڕێوه‌چو، ئه‌مساڵ رێكخه‌رانى به‌ پێویستیان زانى له‌ قه‌زاى كفری ئه‌نجام بدرێت، له‌لایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى بره‌وى زیاتر به‌ چالاكیه‌كان له‌م قه‌زایه‌ بدرێت و به‌شداریی بكرێت له‌و هه‌وڵه‌ى بۆ كاراكردنى سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانى ئه‌م شاره‌ له‌ ئارادایه‌، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌م شاره‌دا باشتر به‌شداریی پێبكرێت له‌ بڕیاردان له‌وه‌ى په‌یوه‌ندی نێوانیان چۆن بێت و چۆن پێشی بخه‌ن.
 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,349,631     ژمارەی میوان 607