رادیۆی دهنگ
یەکەی چاودێری حکومەتی خۆجێی گەرمیان لەگەڵ قایمقامی قەزای کفری کۆبویەوە و لە کۆبونەوەکەشدا گفتوگۆ کرا لە بارەی ئاستى خزمهتگوزارییهكان له قهزاكهدا.
لە کۆبونەوەکەدا، ساهر عەلی، قایمقامی قەزای کفری باسی لەوەکرد: هەنگاوی باش نراوە بۆ دهستپێكردنهوهى کارکردن لە هەندێک لە پرۆژەکان لە قەزاکەدا چ لەسەر ئاستی وەزارەتەکان چ لەسەر ئاستی فەرمانگەکان.
وتیشی: لە ئێستادا کارمان لەسەر ئەوەکردوە ١٠ پارچە زەوی نایاب لە قەزاکە بفرۆشین و لە ئیدارەی گەرمیان تەندەرینی بۆ کراوە و کاری لەسەر دەکرێت، ئەو بڕە پارەیەی کە دێتەوە شارەوانی دەتوانین لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی قەزاکەدا بەکاری بهێنین.
هێمای بۆ ئەوەشکرد: هاوکات لە ئێستادا کارکردن لە پرۆژهى رێگاسازی و ئاوەڕۆی گەڕەکی راپەڕینی قەزاکە دەستیپێکردوە، گوژمەکەشی خۆی لە ١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناردا دەبینێتەوە.
لەبارەی ئەوەی پرۆژی چی دیکە هەیە رۆشتبێتە بواری جێبەجێکردنەوە لە قەزای کفری، قایمقامی قەزاکە وتی: لە ئێستادا بەردی بناغەی پرۆژهى رێگاسازی (دوانزەئیمام-قەرەبڵاغ) دانراوە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کە گوژمەی پرۆژەکەی خۆی لە ٦ ملیار دینار دەبینێتەوە، ئەمە جگە لەوەی چەندین پرۆژەی دیکەمان هەیە بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تیایاندا وەستاوە و بەردەوامین لە کارکردن تیایاندا بۆ ئەوەی دەست پێبکەنەوە.