راپۆرتێك له‌باره‌ى باجی خانوبه‌ره‌ له‌ گه‌رمیان

2023/04/05    1364 جار بینراوە
 
رادیۆى ده‌نگ
 
یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌ نوێترین راپۆرتى مانگانه‌ى دا له‌سه‌ر پرسی باجی خانوبه‌ره‌ له‌ گه‌رمیان وه‌ستاوه‌ و كێشه‌ و واقیعی ئه‌و بواره‌ى خستوه‌ته‌ڕو.
 
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه‌ بكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە به‌ شێوازى (PDF).
 
 
یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانى سه‌ر به‌ رادیۆی ده‌نگ، له‌ چوارچێوه‌ى پرۆژه‌كانى رادیۆكه‌دا به‌ پاڵپشتى سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، هه‌ر مانگه‌ و له‌سه‌ كه‌رتێكى حكومی راپۆرتێك ئاماده‌ ده‌كات. بۆ مانگى ئادارى 2023 كارى له‌سه‌ر پرسی باجی خانوبه‌ره‌ له‌ گه‌رمیان كردوه‌ و له‌و باره‌وه‌ راپۆرتێكى قوڵی ئاماده‌ كردوه‌ و تیایدا به‌ وردی زانيارى له‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ و چۆنیه‌تى به‌ڕێوه‌بردنى له‌لایه‌ن حكومه‌ت و كێشه‌ و ئاسته‌نگیه‌كانى به‌رده‌م فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان و هاوڵاتیان په‌یوه‌ست به‌م بواره‌، خستوه‌ته‌ڕو.
 
ده‌قی راپۆرته‌كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ده‌خوێننه‌وه‌.
 
 
به‌شى یه‌كه‌م: ناساندنی پرۆسەی باجى خانوبه‌ره‌ و باجی خانوبەرەی گەرمیان
 
1. باج چیه‌؟
باج بریتیە لەسەپێنراوێکی نەختینەیی بەسەر داهاتی هاوڵاتیان لە خانوبەرە و شوێنکار و کارگە و زەوى و کاڵا و شمەکەکاندا، چونکە سەرچاوەی سەرەکی پارەدارکردنی دەوڵەتە، باج بەشێکی سەرەکیە لەداهاتی گشتی.
دو جۆر باجمان هەیە: باجى راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ. باجی راستەوخۆ: بریتیە لەو باجەی ئەخرێتە سەرداهاتی تاک و حكومه‌ت راستەوخۆ بەشێک لەو داهاتە ئەبات، ئه‌مه‌ش به‌ كۆمه‌ڵێك رێنماى جیاوازه‌وه‌، یه‌كێك له‌و رێنماییانه‌ خه‌مڵاندنى ئەو ئه‌و شوێنانه‌یه‌ كه‌ ده‌یدان به‌ كرێ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ر زه‌ویه‌ك تاپۆى هه‌بێت ساڵانە باجى لێوه‌رده‌گیرێت.
 
2. جۆره‌كانى باجى خانوبه‌ره‌
2 جۆر باجمان هه‌یه‌: باجى موڵكایه‌تى و باجى زه‌ویوزار.
باجى موڵكایه‌تى بریتیه: له‌و داهاته‌ى كه‌ هاوڵاتیان موڵكه‌كانى وه‌ك یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون و دوكان و كۆگا كه‌ ده‌درێن به‌ كرێ، ساڵانه‌ بڕێك پاره‌ له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌ده‌ن به‌ حكومه‌ت ئه‌مه‌ش به‌ یاسا رێكخراوه‌، به‌ جۆرێك به‌پێى یاساى ژماره‌ 162ـى ساڵى 1952ـى هه‌موارى كوردستان له‌ %9ـى كۆى داهاتى كرێى ساڵێكى ئه‌و موڵكه‌ى كه‌ ده‌درێت به‌ كرێ بۆ حكومه‌ت ده‌بێت.
هاوكات باجى زه‌ویوزارە، ئه‌و باجه‌یه‌ كۆى خه‌مڵاندنى ئه‌و زه‌وییه‌ كه‌ بۆى ده‌كرێت له‌ %2ـى باجى بۆ حكومه‌ت ده‌بێت ئه‌گه‌ر تاپۆش بێت، ئه‌مه‌ش به‌پێى یاساى ژماره‌ 26ـى ساڵى 1962ـى هه‌موارى كورستان وه‌رده‌گیرێت.
ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ حكومه‌ت 5 ساڵ جارێك به‌ لیژنه‌ى تایبه‌ت سه‌رژمێرى ده‌كرێت بۆ ئه‌وەى بزانرێت رێژه‌ى ئه‌و موڵك و زه‌ویانه‌ چه‌نده‌ و چۆنه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌مڵاندنه‌كان به‌پێى یاساى ژماره‌ 11ـى ساڵى 2018 ئه‌نجام ده‌درێت، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و موڵكانه‌ى كه‌ ده‌درێت به‌ كرێ به‌پێى یاساى ژماره‌ 87ـى ساڵى 1979 كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌كرێدانى خانوبه‌ره‌ كارى پێده‌كرێت له‌ نێوان كرێچى و خاوه‌ن موڵكدا.
 
3. هه‌یكه‌لى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ی گەرمیان
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان له‌ كۆمه‌ڵێك هۆبه‌ پێكهاتوه‌ ئه‌وانیش: (هۆیه‌ى كارگێڕى، هۆبه‌ى ژمێریارى، هۆبه‌ى خانوبه‌ره‌، هۆبه‌ى زه‌ویوزار، هۆبه‌ى خه‌زنه‌، هۆبه‌ى كۆمپیوته‌ر و هۆبه‌ى چاودێر).
هاوكات له‌ هه‌یكه‌لیه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ هۆبه‌ى وردبین و هۆبه‌ى یاسا بونى هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بونى فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ ئه‌و 2 هۆبه‌یه‌ داخراوه‌ له‌ ئێستادا.
 
4. قه‌زاى كفرى فه‌رمانگه‌ى تایبه‌ت به‌ خۆى هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنى باج
قه‌زاى كفرى فه‌رمانگه‌ تایبه‌تى به‌ خۆى هه‌یه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى باج، ئه‌و داهاته‌شى كه‌ ده‌چێته‌وه‌ ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ راسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، ئه‌و په‌یوه‌ندى كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان هه‌یه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ سه‌رپه‌رشتى كاركانیان ده‌كرێت، ئه‌گه‌رنا وه‌ك خۆیان له‌ روى ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیانن، ئه‌مه‌ بۆ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ناحیه‌ى رزگارى و ناحیه‌ى باوه‌نوریش هه‌ر راسته‌ كه‌ فه‌رمانگه‌ى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ و سه‌ر به‌ گه‌نجینه‌ن.
عه‌دنان قادر عه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكى لیژنه‌ى خه‌مڵاندن له‌ فه‌رمانگه‌ى دارایی قه‌زاى كفرى سه‌ر به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: "ئێمه‌ فه‌رمانگه‌ین و سه‌ر به‌ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیانین، فه‌رمانگه‌كه‌ش 2 لیژنه‌ى هه‌یه‌: ئه‌ویش لیژنه‌ى خانوبه‌رە و لیژنەى بازرگانیه‌، له‌ لیژنه‌ى خانوبه‌ره‌ كۆمه‌ڵێك لیژنه‌ى لێ ئه‌بێته‌وه‌ ئه‌وانیش: (لیژنه‌ى خه‌مڵاندن، لیژنه‌ى وردبین، لیژنه‌ى خه‌مڵاندنى ماڵ و موڵكى ده‌وڵه‌ت و لیژنه‌ى تایبه‌ت به‌ كرێچى و خاوه‌ن موڵك)، ئه‌م لیژنانه‌ش هه‌ر یه‌كه‌یان و له‌ 3 ئه‌ندام پێكهاتوه‌".
وتیشى: كارى ئێمه‌ كۆكردنه‌وه‌ى باج و خه‌مڵاندنه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ ده‌درێن به‌ كرێ یان چۆڵ ده‌كرێن یان مۆڵه‌تى كردنه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان سه‌رپه‌رشتى كاره‌كانمان ده‌كه‌ن وه‌ك لیژنه‌كان، ئه‌گه‌رنا داهاتمان راسته‌وخۆ ده‌چێته‌وه‌ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان.
باسى له‌وه‌شكرد: قه‌زاى كفری خۆى له‌ 11 گه‌ڕه‌ك ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر گه‌ڕه‌كێك نزیكه‌ى 10 تۆماری هه‌یە، كه‌ ئه‌ویش به‌ تۆمارى (5أ) تۆمارى ده‌كه‌ین.
هاوكات، كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: "به‌پێى رێكاره‌كان گه‌نجینه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ فه‌رمانگه‌مانى دارایی كفرى و ناحیه‌ى رزگارى و ناحیه‌ى باوه‌نور به‌شێكن له‌ ئێمه‌ و یه‌كه‌ى ژمێریاریان نیه‌ و هه‌مویان دێنه‌وه‌ لاى ئێمه‌.
سەبارەت بە ناحیەکانی دیکەش، ئەگەر سەر بە قەزای کەلار بن (جگە لە باوەنور و رزگاری) ئەوا دەگەڕێنەوە سەر بەڕێوبەرایەتی باجی خانوبەرەی گەرمیان، ئەگەریش سەر بە قەزای کفری بن دەگەڕێنەوە فەرمانگەی دارایی کفری.
 
5. بۆچونی هاوڵاتیان لەسەر باجی خانوبەرە
هاوڵاتیان ره‌خنه‌ ده‌گرن له‌و بڕه‌ باجه‌ى كه‌ لێیان وه‌رده‌گیرێت، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن باج ناده‌ن و رێژه‌یه‌ك قه‌رزران، هه‌ندێكیش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.
فه‌وزى سلێمان، هاوڵاتى له‌ قه‌زاى كه‌لار ده‌ڵێت: "خانویه‌كم هه‌یه‌ و داومه‌ به‌ كرێ مانگانه‌ به‌ بڕى 150هه‌زار دینار، بۆ هه‌ر ساڵێك 150 هه‌زار دینارم لێوه‌رده‌گیرێت، كه‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ باجم نه‌داوه‌ و له‌ ئێستادا بڕى 3 ملیۆن و 20 هه‌زار دینار قه‌رزارم".
ده‌شڵێت: ناشتوانم ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بده‌م به‌ حكومه‌ت.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌، حسێن فه‌تاح، هاوڵاتى له‌ ناحیه‌ى رزگارى باس له‌وه‌ ده‌كات: "ساڵانه‌ باج به‌ حكومه‌ت ده‌ده‌م و هیچ قه‌رزار نیم‌، خانویه‌كم هه‌یه‌ و داومه‌ به‌ كرێ له‌ ناحیه‌ى رزگارى كرێكه‌شى خۆى له‌ 180 هه‌زار دینار مانگانه‌ ده‌بینێته‌وه‌".
وتیشى: له‌ كۆى 12 مانگى ساڵه‌كه‌ بڕى 180 هه‌زار دینار باج ده‌ده‌م كه‌ ده‌كاته‌ كرێى مانگێكى.
به‌هه‌مان شێوه‌، فه‌تاح محه‌مه‌د، هاوڵاتى له‌ ناحیه‌ى رزگارى هێماى بۆئه‌وه‌كرد: "خانویه‌كم هه‌یه‌ داومه‌ به‌ كرێ و تاپۆشه‌ كه‌ مانگانه‌ بڕى 125 هه‌زار دیناره‌، ساڵانه‌ش باج ئه‌ده‌م كه‌ كۆى داهاتى ساڵه‌كه‌ 1 مانگى ده‌بات كه‌ بڕى 125 هه‌زار دیناره‌".
وتیشى: هه‌مو ساڵێك باج ئه‌ده‌م و قه‌رزار نیم.
وه‌رگرتنى باج ته‌نها یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون ناگرێته‌وه‌ كه‌ ده‌درێت به‌كرێ، به‌ڵكو دوكان و كۆگاش ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌گه‌رچى خودى هاوڵاتیان موڵكه‌كانیان هى خۆیانه‌.
شوانه‌ مه‌حمود، هاوڵاتى و دوكاندار له‌ قه‌زاى كه‌لار وتى: ئێمه‌ سێ دوكانمان هه‌یه‌ له‌ سه‌ر پارچه‌ زه‌ویه‌ك دروستمان كردوه‌ و بچوكن، بۆ دوانیان كرێكه‌ى 150 هه‌زار دیناره‌ بۆ هه‌ر دانه‌یه‌كیان، ئه‌وى تریشیان 50 هه‌زار دیناره‌، كه‌ كۆى گشتى ئه‌كاته‌ 350 هه‌زار دینار.
ده‌شڵێت: ساڵانه‌ رێژه‌یەك باجمان بۆ دێته‌وه‌ و ناشزانم بڕه‌كه‌ى چه‌نده‌ ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌زانم به‌پێى وه‌سڵێك كه‌ بۆمان هاتوه‌ته‌وه‌ بڕى 1 ملیۆن و 500 هه‌زار دینار قه‌رزارین، ته‌نها ئه‌وه‌ى ده‌یزان قسه‌یەك هه‌یه‌ ده‌ڵێن له‌ 12 مانگ مانگێكى بۆ حكومه‌ته‌.
باسى له‌وه‌شكرد: باج ناده‌م، چونكه‌ رێژه‌یه‌كى موچه‌ى پاشه‌كه‌وتمان لاى حكومه‌ته‌ با بۆمان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ئه‌وكات ئێمه‌ش باج ئه‌ده‌ین.
"ئه‌م دوكانه‌م موڵكیه‌ و كوڕى خۆمى تیایه‌ كه‌چى ساڵانه‌ بڕى 180 هه‌زار دینار باجم بۆ دێته‌وه‌، كه‌ بۆ ماوه‌ى 10 ساڵه‌ باجم نه‌داوه‌ كه‌ پێشتر 5 ساڵ كرێى تێدابوه‌، له‌ كاتێكدا چه‌ند جارێك سه‌ردانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌م كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى داشكاندنم بۆ بكرێت به‌پێى یاساى عێراقى به‌وشێوه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كوڕى خۆمى تیایه‌". ئه‌حمه‌د سلێمان، هاوڵاتى و دوكاندار له‌ قه‌زاى كه‌لار وتی.
ده‌شڵێت: له‌ ئێستادا 3 ملیۆن و 340 هه‌زار دینار قه‌رزرارم.
 
6. ئەو هاوڵاتیەی باج نەدات سزا دەدرێت
هاوڵاتیان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر نه‌دانى باجى هه‌ر موڵكێكیان كه‌ داویانه‌ به‌ كرێ ئه‌وه‌ سزاده‌درێن به‌پێى یاساى باجى خانوبه‌ره‌، به‌ جۆرێك رێژه‌یه‌ك پاره‌ ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌ قه‌رزران، به‌ڕێوبه‌رى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیانیش ئه‌وه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌.
ئه‌حمه‌د سلێمان، هاوڵاتى و دوكاندار له‌ قه‌زاى كه‌لار وتیشى: ئه‌و بڕه‌ باجه‌ى كه‌ له‌سه‌رمه‌ و نه‌مداوه‌ ساڵانه‌ سوى ده‌چێته‌سه‌ر، به‌جۆرێك بۆ هه‌ر ساڵێك بڕى 100 هه‌زار دیناره‌.
به‌هه‌مان شێوه‌، حسێن فه‌تاح، هاوڵاتى له‌ ناحیه‌ى رزگارى باس له‌وه‌ ده‌كات: ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى بۆت دیاریكراوه‌ له‌ كاتى خۆى نه‌ده‌ى كه‌ چوه‌ ساڵى دواتر ئه‌وه‌ سوى ئه‌چێته‌ سه‌رو بڕى پاره‌كه‌ زیاتر ئه‌بێت، بۆیه‌ من هه‌مو ساڵێك له‌ كاتى خۆى راده‌ستى ده‌كه‌م.
له‌ به‌رامبه‌ردا، ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى كه‌ باج ناده‌ن ساڵانه‌ (ته‌بلیغ) ئاگاداریانه‌ ئه‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ باجى له‌سه‌ره‌ و پێویسته‌ بیدات، ئه‌گه‌ر نه‌هات به‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌مان دواتر (انزار)ى ئه‌كه‌ین و ده‌ست ئه‌كه‌ین به‌ ئیجرائاته‌كان له‌ رێگه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى باجه‌كانه‌وه‌ ئه‌مه‌ش به‌ وه‌سڵى تایبه‌ت به‌ خۆمان ده‌كرێت، به‌جۆرێك به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كان موڵكمان هه‌یه‌ (حجز) ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: هه‌ر هاوڵاتیه‌ك كه‌ باج نه‌دات سزا ده‌درێت، بۆنمونه‌ له‌ (1/1/2023) تاوه‌كو (31/12/2023) هیچ بڕه‌ سزایه‌ك ناچێته‌ سه‌ر ئه‌و باجه‌ى كه‌ لایه‌تى، به‌ڵام له‌ دواى ئه‌و رێکەوتەوە به‌ رێژه‌ى له‌ %10 سو ئه‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى كه‌ قه‌رزاره،‌ ئه‌مه‌ش ساڵانه‌یه‌ بۆ هه‌ر ساڵێك ئه‌و رێژه‌یه‌ى ده‌چێته‌ سه‌ر، ئه‌مه‌ بۆ موڵكى نیشتەجێبون و زه‌ویوزاریش هه‌ر هه‌مان شته‌.
هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: هاوڵاتیان باج به‌ حكومه‌ت ناده‌ن ئه‌مه‌ش گرفته‌ و زۆرجار ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌شمان لێئه‌گیرێت له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رى گشتى باجه‌كان له‌ هه‌ولێر، كه‌ پێمان رائه‌گه‌یه‌نرێت زه‌وى و خانو لێره‌ زۆر گرانه‌ و داهاتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان كه‌مه‌، هۆكارى ئه‌مه‌ش ئه‌به‌ستینه‌وه‌ به‌ دۆخى دارایی و سیاسى كه‌ كاریگه‌رى هه‌یه‌.
 
7. هاوڵاتیان نازانن بۆچى باجیان لێوه‌رده‌گیرێت
هاوڵاتیان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و بڕه‌ باجه‌ى كه‌ حكومه‌ت لێیان وه‌رى ده‌گرێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر موڵكێك كه‌ ده‌یده‌ن به‌ كرێ نازانن بۆچى لێیان وه‌رده‌گیرێت، به‌ڕێوبه‌رى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: ئه‌و باجه‌ى وه‌رده‌گیرێت به‌ پێى یاسایه‌ و بۆ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارییه‌ به‌ هاوڵاتیان.
فه‌وزى سلێمان، هاوڵاتى له‌ قه‌زاى كه‌لار ده‌ڵێت: ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ نازانم له‌ به‌رامبه‌ر چى وه‌رده‌گیرێت هه‌ر ئه‌وه‌نه‌ ئه‌زانم ئه‌و كه‌سه‌ى به‌ كرێ له‌ خانوه‌كه‌مه‌ وه‌سڵێكم بۆ ده‌هێنێت و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌، بڕێكى زۆر پاره‌ى له‌سه‌ره‌.
هاوكات، حسین فه‌تاح، هاوڵاتى له‌ ناحیه‌ى رزگارى باس له‌وه‌ ده‌كات: من نازام بۆچى ئه‌و باجه‌م لێوه‌رده‌گیرێت و هیچ زانیاریم نیه‌ له‌سه‌رى، به‌رپرسانى باجى خانوبه‌ره‌ش ئه‌وه‌یان رون نه‌كردوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌ڵك كه‌ ئه‌و بڕه‌ باجه‌ له‌به‌رامبه‌ر چى وه‌رده‌گیرێت.
"من نازانم ئه‌و بڕه‌ باجه‌ له‌به‌رامبه‌ر چى وه‌رئه‌گیرێت، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش پێمان نه‌وتراوه‌ و ئاگادار نه‌كراوینه‌ته‌وه‌ كه‌ چى تیایه‌ كرێكه‌ى چه‌نده‌ به‌پێى ئه‌وه‌ حساباتى بۆ بكرێت، كه‌چى وه‌سڵێك دیته‌وه‌ و بڕێك پاره‌ى له‌سه‌ره‌". شوانه‌ مه‌حمود، هاوڵاتى و دوكاندار له‌ قه‌زاى كه‌لار وای وت.
ئه‌حمه‌د سلێمان، هاوڵاتى و دوكاندار له‌ قه‌زاى كه‌لار وتیشى: من نازانم ئه‌م بڕه‌ باجه‌ بۆچى لێم وه‌رده‌گیرێت له‌ كاتێكدا من 5 ده‌فته‌ر دۆلارم داوه‌ به‌م دوكانه‌ و موڵكیه‌، ئه‌وه‌شیان رون نه‌كردوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌ڵك.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: له‌ وڵاتان هاوڵاتیان كه‌ باج ده‌ده‌ن حكومه‌ت وەک ‌ بیمه‌یه‌ك له‌ بونى هه‌ر حاڵه‌تێك پێان ئه‌داته‌وه‌، من ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌م دوكانه‌م ئاگر بگرێت حكومه‌ت چیم پێئه‌دات، بێگومان هیچ، بۆیه‌ پێم داخه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بده‌م به‌ حكومه‌ت.
له‌ به‌رامبه‌ردا، ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: ئه‌و باجه‌ى كه‌ له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و موڵكه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى یان داویه‌تى به‌ كرێ به‌ یاساى عێراقى رێكخراوه‌ و هه‌موارى كوردستانى هه‌یه‌، هاوكات بۆ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارییه‌ له‌ كۆى سێكته‌ركان كه‌ حكومه‌ت ئه‌نجامى ده‌دات.
 
8. وه‌رگرتنى باج به‌ قیست
به‌پێى یاسا هاوڵاتیان ده‌توانن به‌ قیست باجه‌كانیان بده‌ن، جیاواز له‌ باجى ده‌رامه‌ت هیچ سویه‌كى ناچێته‌ سه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: جگه‌ له‌و سزایه‌ى له‌سه‌ریارنه‌ هیچ سویه‌كى ناچێته‌ سه‌ر.
ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: "هاوڵاتیان ده‌توانن باجه‌كانیان به‌ قیست بده‌نه‌وه‌ به‌ حكومه‌ت به‌بێت ئه‌وه‌ى هیچ سویه‌كى بچێته‌ سه‌ر، بۆ نمونه‌ هاوڵاتیه‌ك 2 ملیۆن دینار قه‌رزاره‌ و ته‌نها ده‌توانێت 1 ملیۆن دینار بداته‌وه‌، ئه‌و ملیۆنه‌كه‌ى دیكه‌ى كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى به‌ قیست ده‌یداته‌وه‌ هیچ سویه‌كى ناچێته‌ سه‌ر، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌و سزایه‌ى كه‌ به‌پێى یاسا دیاریكراوه‌ و له‌ %10‌ـه‌ بۆ هه‌ر ساڵێكى دواكه‌وتن ته‌نها ئه‌وه‌ى ده‌چێته‌ سه‌ر".
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: له‌وباره‌یه‌وه‌ زۆر هاوكارى هاوڵاتیان بوین.
 
9. كاره‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ به‌ لیژنه‌ ده‌كرێت
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان كاره‌كانى به‌ لیژنه‌ ئه‌نجام ده‌دات به‌ جۆرێك به‌ كۆى گشتى 5 لیژنه‌ى هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانى كاره‌كان.
مه‌ریوان ئه‌حمه‌د، كارمه‌ند له‌ هۆبه‌ى خانوبه‌ره‌ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان بۆ هه‌ر كارێك به‌ لیژنه‌ كاره‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ جۆرێك هه‌ر لیژنه‌یه‌ك و له‌ 3 ئه‌ندام و 4 ئه‌ندم پێكهاتوه‌.
وتیشى: لیژنه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ن:
 
1. لیژنه‌ى خه‌مڵاندن
لیژنه‌ى خه‌مڵاندن له‌ 3 لیژنه‌ پێكهاتوه‌ و هه‌ر لیژنه‌یه‌ك و له‌ 3 ئه‌ندام پێكهاتوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م لیژنانه‌ 3 مانگ جارێك ئه‌ندامه‌كانى گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت، كارى ئه‌م لیژنه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ نمونه‌ خاوه‌ن موڵكێك دێت و كه‌ خانویه‌كى هه‌یه‌ و داواكارى ئه‌كات كه‌ چۆڵ بوه‌ و پێشتر به‌ كرێى داوه‌، ئه‌م لیژنانه‌ سه‌ردان ده‌كه‌ن و پشكنین ده‌كه‌ن داخوا ئه‌و خانوه‌ كه‌سی تێدایه‌ یان هه‌ر كرێیه؟
یه‌كێكى دیكه‌ له‌ كاره‌كانى كه‌سێك خانویه‌ك ئه‌كڕێت و ئه‌یه‌وێ تۆمارى بكات به‌ناوى خۆیەوە، هه‌م دیسان ئه‌م لیژنه‌یه‌ ده‌چێت و پشكنین ده‌كات داخۆ ئه‌و خانوه‌یه‌ کە هاوڵاتییەکە ئه‌یه‌وێ تۆمارى بكات؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش یه‌كێكى دیكه‌ له‌ كاره‌كانى ئه‌م لیژنه‌یه‌ كه‌سێك دێت و داواكارى ئه‌كات خانویه‌كى دروست كردوه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌ زیاده‌ڕه‌وه‌كان ئه‌م لیژنه‌یه‌ ده‌چێت پشكنینى بۆ ئه‌كات داخوا رێگه‌پێدانى شاره‌وانى هه‌یه‌ یاخود نا؟ ئه‌گه‌ر نه‌یبێت ئه‌وه‌ تۆمارى ناكات، هاوكات ئه‌م لیژنانه‌ له‌ هه‌ر ده‌رچونێك و به‌ زنجیره‌ بڕى 8 هه‌زار دیناریان بۆ حساب كراوه‌ وه‌ك پاداشت.
 
2. لیژنه‌ى وردبینی
لیژنه‌ى وردبینی له‌ 4 ئه‌ندام پێكهاتوه‌، سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ش نوێنه‌رى قایمقامیه‌تى كه‌لاره‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رى باجى خانوبه‌ره‌ و فه‌رمانبه‌ران كه‌ ئه‌ندامن تێیدا، ئه‌م لیژنه‌یه‌ ساڵانه‌ گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت، كارى ئه‌م لیژنه‌یه‌یش بۆنمونه‌ هاوڵاتیه‌ك تاپۆى خانویه‌كى هه‌یه‌ و ئه‌یه‌وێ تۆمارى بكات به‌ناوى كه‌سێكى دیكه‌وه‌یه‌ و هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌م لیژنه‌یه‌ سه‌ردانى موڵكه‌كه‌ ده‌كات و كه‌شفى بۆده‌كات و بۆى راست ده‌كاته‌وه‌ و تۆمار ده‌كرێت به‌ ناویه‌وه‌، ئه‌م لیژنه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر كه‌شفێك به‌ زنجیره‌ بڕى 10 هه‌زار دینار بۆ ئه‌ندامانى وه‌ك پاداشت دانراوه‌.
 
3. لیژنه‌ى خه‌مڵاندنى موڵكى ده‌وڵه‌ت
ئه‌م لیژنه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خه‌مڵاندنى ئه‌و موڵكانه‌ى كه‌ هى ده‌وڵه‌تن، بۆنمونه‌ هاوڵاتیه‌ك موڵكێك ئه‌گرێت به‌كرێ داواكارییه‌ك پێشكه‌ش ئه‌كات خاوه‌ن موڵكه‌كه‌ تاپۆكه‌ى ئه‌هێنێت، ئه‌گه‌ر زه‌وی بێت كارى بۆ ناكرێت هه‌تاوه‌كو موڵكه‌كه‌ تۆماره‌كه‌ى نه‌بێت به‌ تۆمارى بینا، ئه‌وكات خه‌مڵاندنى بۆ ده‌كرێت و چ بۆ زه‌ویه‌كه‌ى له‌ روى نرخه‌وه‌ چ بۆ مه‌ترى زه‌ویه‌كه‌، ئه‌م لیژنه‌یه‌ش له‌ 3 ئه‌ندامی هەیە و لە نوێنه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جێگرى به‌ڕێوبه‌ر و كارمه‌ندى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ كه‌ ئه‌ندامن تێیدا پێکهاتوە، ئه‌م لیژنه‌یه‌ش ساڵانه‌ گۆرانكارى تێدا ده‌كرێت، له‌ بونى هه‌ر ده‌رچونێكیش بڕى 8 هه‌زار دینار وه‌ك پاداشت بۆیان حساب كراوه‌.
 
4. لیژنه‌ى تایبه‌ت به‌ كرێچى و خاوه‌ن موڵك
ئه‌م لیژنه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كاره‌كانى نێوان كرێچى و خاوه‌ن موڵك، بۆ نمونه‌ هاوڵاتیه‌ك دێت و داواكارى پێشكه‌ش ئه‌كات كه‌سێك بۆ ماوه‌ى ساڵانێكى زۆر كرێچییه‌تى و ئه‌یه‌وێ كرێكه‌ى بۆ زیاتر بكات، دێت و داواكارییه‌ك پێشكه‌ش ئه‌كات و ئه‌م لیژنه‌یه‌ سه‌ردان ده‌كات و كه‌شف بۆ موڵكه‌كه‌ ده‌كات هاوكات خه‌مڵاندنیشى بۆ ده‌كرێت كه‌ كرێكه‌ى لێكدانى دوانزه‌ مانگ ده‌كه‌ن و دواتر دابه‌شى له‌ %9 ده‌كرێت ئه‌و كات نرخێك ده‌رده‌چێت و یه‌كلاى ئه‌كاته‌وه‌. ئه‌مه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كرێچیه‌ك خاوه‌ن موڵكه‌كه‌ داواى له‌ %20ـى زیاترى كرد بۆ زیاتر كردنى كرێكه‌ى ئه‌وه‌ ده‌توانێت داواكارییه‌ك پێشكه‌ش بكات هه‌مان لیژنه‌ سه‌ردان ده‌كات كه‌ به‌پێى یاساى ژماره‌ 11ـى ساڵى 2018 ناتوانێت داواى ئه‌و نرخه‌ بكات بۆ كرێكه‌ى. ئه‌م لیژنه‌یه‌ش له‌ 3 ئه‌ندم پێكهاتوه‌ له‌ فه‌رمانبه‌رانى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان پێكهاتوه‌، 1 ساڵ جارێك گۆرانكارییان به‌سه‌ردا دێت، به‌هه‌مان شێوه‌ى لیژنه‌كانى دیكه‌ له‌ هه‌ر ده‌رچونێك بڕى 8 هه‌زار دینار وه‌ك پاداشت حساب كراوه‌ بۆیان.
 
5. لیژنه‌ى سه‌رژمێرى گشتى
ئه‌م لیژنه‌یه‌ 5 ساڵ جارێك پێك ئه‌هێنرێت له‌سه‌ر ئاستى كوردستان وه‌زاره‌تى دارايی خۆى بڕیار ده‌دات كه‌ لیژنه‌كان چۆن پێكبهێنرێت، ئه‌م لیژنه‌یه‌ له‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌ك پێكدێن و كاریان سه‌رژمێرى كردنى ئه‌و مۆڵكانه‌یه‌ كه‌ دراون به‌ كرێ یان چۆڵ كراون یان چه‌ند زه‌وى بونى هه‌یه‌، هاوكات هه‌ر پاداشته‌كه‌شیان به‌پێى ساڵ وه‌زاره‌تى دارایی خۆى دیارى ئه‌كات.
 
10. له‌ نێو لیژنه‌كانى باجى خانوبه‌ره‌ نوێنەری دەزگاکانی دیکە بونی هەیە
پشتیوان كه‌ریم عه‌لى، نوێنه‌رى قایمقامى كه‌لار و سه‌رۆكى لیژنه‌ى وردبینى له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: قایمقام وه‌ك سه‌رۆكى یه‌كه‌ى ئیدارى ناوچه‌كه‌ سه‌رۆكى لیژنه‌ى وردبینیه‌ له‌ نێو به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانى تایبه‌ت به‌ باج نه‌ك ته‌نها لێره‌، به‌ڵكو له‌ كۆى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان سه‌رۆكى لیژنه‌كان ئێمه‌ین.
وتیشى: كارى ئێمه‌ وردبینی کردنى خانویه‌كه‌ بۆ نمونه‌ ده‌فرۆشرێت و هاوڵاتیه‌ك بیه‌وێت تاپۆى بكات و هه‌ڵه‌یه‌ك هه‌بێت ئێمه‌ سه‌ردان ده‌كه‌ین و وردبینى تێدا ئه‌كه‌ین یان خانویه‌ك ده‌درێت به‌ كرێ به‌هه‌مان شێوه‌.
هاوكات، كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان کە هاوكات ئه‌ندامى لیژنه‌ى به‌كرێدانى موڵك و ماڵى ده‌وڵه‌تە له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: به‌پێى یاساى فرۆشتن و به‌ كرێدانى ماڵ و موڵكى ده‌وڵه‌ت ئه‌بێت لیژنه‌ى خه‌مڵاندن و لیژنه‌ى فرۆشتن ئه‌ندامێكى وه‌زاره‌تى دارایی تیا بێت ئێمه‌ش وه‌ك نوێنه‌رى ئه‌وان له‌ لیژنه‌ى لیژنه‌ى خه‌مڵاندنى موڵكى ده‌وڵه‌تین.
هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ لیژنه‌كه‌دا ده‌رچونمان هه‌یه‌ كه‌ كارى ئێمه‌ زیاتر خه‌مڵاندنى ئه‌و زه‌ویانه‌یه‌ كه‌ ده‌فرۆشرێن یاخود ده‌درێن به‌ كرێ، به‌پێى روپێوى زه‌ویه‌كه‌ نرخى داده‌نرێت، كه‌ زیاتر كاره‌ ژمێریارییه‌كه‌ى دێته‌وه‌ لاى ئێمه‌.
 
11. رێژەی وەرگرتنی باجى موڵك و زه‌ویوزار
به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كان باجى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون و هه‌ر موڵكێك كه‌ ده‌درێت به‌ كرێ له‌ %9ـى كۆى كرێى ساڵانه‌كه‌ى وه‌رده‌گیرێت، كه‌ ئه‌مه‌ بۆ زه‌ويوزارى جیاوازه‌ كه‌ له‌ %2ـى كۆى خه‌مڵاندنى زه‌ویه‌كه‌ وه‌رده‌گیرێت.
ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: دو جۆر باج هه‌یه،‌ باجى خانوبه‌ره‌ و ئه‌و موڵكانه‌ى كه‌ ده‌درێن به‌ كرێ، له‌گه‌ڵ زه‌ویوزار كه‌ ئه‌مه‌ش باجى له‌سه‌ره‌، بۆ باجى خانوبه‌ره‌ و دوكان و كۆگا و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون كه‌ ده‌درێت به‌ كرێ، ساڵانه‌ له‌ %9ـى كۆى ساڵه‌كه‌ باجى لێوه‌رده‌گیرێت، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر دوكانێك به‌ 150 هه‌زار دینار درابێت به‌ كرێ ئه‌وه‌ له‌ كۆى ساڵه‌كه‌ بۆنمونه‌ 160 هه‌زارى لێ وه‌رئه‌گیرێت كه‌ ئه‌كاته‌ %9، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌پێى یاساى ژماره‌ 162ـى ساڵى 1952ـى عێراقى هه‌مواركراوى كوردستان ده‌بێت، كه‌ به‌ پسولەی (37 أ) ئه‌و داهاته‌ كۆده‌كرێته‌وه‌.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: هه‌ر هاوڵاتیه‌ك ئه‌گه‌ر چه‌ند خانویه‌كى هه‌بێت خۆى و كوڕه‌كه‌ى و كچه‌كه‌ى و دایك و باوكى تێدا بێت ئه‌وه‌ باجى لێوه‌رناگیرێت، بۆ نمونه‌: تاوه‌كو دوه‌م خانو، به‌ڵام بو به‌ سێیه‌م و درا به‌ كرێ، له‌ دواى ئه‌وه‌وه‌ راسته‌وخۆ باجى لێوه‌رده‌گیرێت.
باسى له‌وه‌شكرد: به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ باجى زه‌ویوزار جیاوازه‌ كه‌ خۆى له‌ %2 ئه‌بینێته‌وه،‌ ئه‌مه‌ش كۆى خه‌مڵاندنى زه‌ویه‌كه‌یه‌تى، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر زه‌ویه‌كى 200 مه‌ترى بێت و بۆ هه‌ر مه‌ترێكى به‌ 5 هه‌زار دینار دابنرێت ئه‌وه‌ى له‌ كۆى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى كه‌ بۆى دیارى ئه‌كرێت له‌ %2ـى باجه‌كه‌ى بۆ حكومه‌ت ئه‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌پێى یاساى ژماره‌ 6ـى ساڵى 1962ى هه‌مواركراوى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت.
هاوكات، سوعاد ئه‌حمه‌د جومعه‌، لێپرسراوى به‌شى زه‌ويوزار له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: 5 ساڵێك جارێك سه‌رژمێرى ده‌كرێت بۆ ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌ تاپۆكان هه‌ن و تۆماریان هه‌یه‌ ئه‌و زه‌ویانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ زیاده‌ڕه‌وین، به‌پێى یاساكه‌ش له‌ %2 باجه‌كه‌ى بۆ حكومه‌ت ئه‌بێت.
وتیشى: له‌ ئێستادا زه‌وى زۆر كه‌م بوه‌ته‌وه‌، له‌ 2011 نزیكه‌ى 19 تۆمار "سجل"مان بوه‌ له‌ 2016  بو به‌ نزیكه‌ى 10 تۆمار، بۆ 2021 كه‌مبوه‌ته‌وه‌ بۆ 8 تۆمار، ئه‌وه‌شى باج نه‌دات ساڵانه‌ له‌ %10 سو ئه‌چێته‌ سه‌رى.
ئامارى   دۆسیه‌كان   له‌   کەلار   و   کفری   بەمشێوەیەی   لایخوارەوەن :
 
کەلار
 
 
کفری
 
تێبینى: قه‌زاى كه‌لار له‌ 22 گه‌ڕه‌ك پێكهاتوه‌ و كۆى گشتى ئه‌و تۆمارانەی كه‌ هه‌ن له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ناوبرا 265 تۆمارن كه‌  تۆمارى (5أ)ـن.
 
12. هاوڵاتیان ده‌توانن لێخۆشبون وه‌ربگرن له‌ نه‌دانى باج بۆ زه‌ویه‌كانیان
"هه‌مو هاوڵاتیه‌ك بۆى هه‌یه‌ 600 مه‌تر لێخۆشبون وه‌بگرێت له‌ باج، جا ئیتر ئه‌و 600 مه‌تره‌ له‌ ساڵێك به‌كارى ئه‌هێنێت یان زیاتر لاى خۆیه‌تى، بۆنمونه‌ ئه‌گه‌ر هاوڵاتیه‌ك 1000 مه‌تر زه‌وى هه‌بێت ئه‌وه‌ ته‌نها ده‌توانێت باجى 400 مه‌ترى بدات، كه‌ به‌پێى یاسا و ئه‌و خه‌مڵاندنه‌ى بۆى ده‌كرێت ته‌نها له‌%2 كۆى خه‌مڵاندنه‌كه‌ى لێى وه‌رده‌گیرێت، بۆنمونه‌ زه‌وییه‌ك باى 100 ملیۆن دیناره‌ 2 ملیۆنى بۆ حكومه‌ته‌". ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان واى وت.
ده‌شڵێت: ئه‌و لێخۆشبونه‌ هه‌ر هاوڵاتیه‌ك بۆى هه‌یه‌ له‌ ته‌واوى ژیانى 1 جار وه‌ريبگرێت كه‌ ئه‌مه‌ش به‌پێى رێنماییه‌كان به‌وشێوه‌یه‌یە.
هاوكات، سوعاد ئه‌حمه‌د جومعه‌، لێپرسراوى به‌شى زه‌ویوزار له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: "به‌پێى یاساى زه‌ویوزار هاوڵاتیان ده‌توانن تاوه‌كو 600 مه‌تر لێخۆشبون وه‌ربگرێت كه‌ زه‌ویه‌كه‌ى تاپۆیه‌، پێشتر 5 ساڵ جارێك بو ئێستا رێنماییه‌كان گۆڕاوه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ده‌توانێت ته‌نها 600 مه‌تر لێخۆشبون وه‌ربگرێت، به‌ڵام كاتێك وه‌فات ده‌كات كه‌سێك ناتوانیِت ئه‌و لێخۆشبونه‌ وه‌ربگرێت".
 
به‌شى دوه‌م: باجی خانوبەرە له‌ گه‌رمیان وكێشه‌كانى
 
1. بونى فشار له‌سه‌ر هۆبه‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌
به‌رپرسانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ ئێستادا هیچ فشارێك له‌سه‌ر هۆبه‌كان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ نیه‌، هۆكاره‌كه‌شى بۆ دۆخى دارایی و بازاڕده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
سوعاد ئه‌حمه‌د جومعه‌، لێپرسراوى به‌شى زه‌ویوزار له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: هیچ فشارێكمان له‌سه‌ر نیه‌ ئێستا، چونكه‌ سه‌ردانیكه‌ر زۆر كه‌م بوه‌ته‌وه‌ هۆكاره‌كه‌شى بۆ دۆخى دارایی و بازاڕ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ جاران به‌لاى كه‌مه‌وه‌ رۆژانه‌ نزیكه‌ى 20 هاوڵاتى سه‌ردانى ده‌كردین و به‌پێى رۆژ گۆڕانكارى به‌سه‌ردا ده‌هات.
به‌هه‌مان شێوه‌، ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: ساڵانه‌ له‌ مانگى 10 به‌ دوا فشارێكى زۆرمان له‌سه‌ره‌ بۆ دانى باج، چونكه‌ كۆتایى ساڵه‌، ئه‌گه‌رنا وه‌ك رۆژه‌كانى دیكه‌ ئاساین، به‌جۆرێك رۆژى وا هه‌یه‌ 10 مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان به‌ڕێده‌كرێت، رۆژى واش هه‌یه‌ 15 بۆ 30 مامه‌ڵه‌یه‌.
 
2. كێشه‌ى كه‌مى ژماره‌ى فه‌رمانبه‌ران
كه‌مى فه‌رمانبه‌ر له‌ فه‌رمانگه‌كاندا كێشه‌ى بۆ خودى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ و هاوڵاتیانیش دروست كردوه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ حكومه‌ت دامه‌زراندنى راگرتوه‌، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان به‌ كۆى گشتى ته‌نها 30 فه‌رمانبه‌ریان هه‌یه‌.
ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: گرفتى كه‌مى میلاكمان هه‌یه‌ به‌كۆى گشتى به‌ شۆفێر و پاسه‌وانیشه‌وه‌ 30 فه‌رمانبه‌رین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مۆڵه‌تمان هه‌یه‌ هی دایكایه‌تى و بێ موچه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى كردوه‌ته‌ سه‌رمان، له‌و رێژه‌یش 4 فه‌رمانبه‌رمان گرێبه‌سته‌ 3 فه‌رمانبه‌ریشمان ته‌نسیبى كه‌ركوكن هى ماده‌ى 140 كه‌ له‌سه‌ر میلاكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان كاتى خۆى دامه‌زراون.
له‌ باره‌ى ئه‌وه‌ى پێویستیان به‌ چه‌ند كارمه‌نده‌ بۆ ئه‌وه‌ى كاره‌كانیان به‌ باشتر راى بكرێت، به‌ڕێوبه‌رى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: به‌لاى كه‌مه‌وه‌ پێویستمان به‌ 10 فه‌رمانبه‌رى دیكه‌یه‌،
 
3. گرفتی بینا
یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى روبه‌ڕوى به‌شێك له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان بوه‌ته‌وه‌ نه‌بونى بینا تایبه‌ت به‌ خۆیانه‌، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیانیش ئه‌و بینایه‌ى كه‌ تێیدا تایبه‌ت به‌ خۆیان نیه‌، به‌ڵكو هى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و لاوانه‌.
ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: وه‌زاره‌تى دارایی به‌گشتى گرفتى بیناى هه‌یه‌ ئێمه‌ش بێبه‌رى نه‌بوین له‌و گرفته‌، ئێمه‌ ئێستا له‌ بیناى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و لاوانین كه‌ تایبه‌ت به‌ خانمان دروست كراوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ساڵى 2016 به‌ بڕیارێكى حكومه‌ت كه‌ ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ى له‌ بیناى كرێن بێنه‌ بیناى حكومى".
وتیشى: زه‌ویمان بۆ ته‌رخان كراوه‌ له‌ گه‌ڕه‌كى شه‌هیدانی قەزای کەلار له‌لاى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاسایش كه‌ بینایه‌كى تایبه‌ت به‌ باجه‌كان دروست بكرێت، گوژمه‌ پرۆژه‌كه‌ش له‌سه‌ر 7 ملیار دینار دانرابو، دواتر ته‌نده‌رینى بۆكرا كۆمپانیا ئاماده‌ نه‌بو بیكا، چونكه‌ وه‌ك خۆیان باسین لێوه‌كرد كه‌ بینایه‌كى له‌و شێوه‌یه‌ له‌ پارێزگاى دهۆك دروست كراوه‌ گوژمه‌كه‌ى 12 ملیار دینار بوه‌ بۆیه‌ ئه‌و كات نه‌كرا، دواتر قه‌ریرانى دارایی به‌سه‌را هات تاوه‌كو ئێستا وه‌ستاوه‌ و نه‌كراوه‌، ئه‌گه‌رچى به‌به‌رده‌وامى له‌ كۆبونه‌وه‌كانمان و به‌ نوسراوى فه‌رمیش داوامان كردوه‌ ئه‌و بینایه‌ دروست بكرێت نه‌كراوه‌، چونكه‌ له‌ ئێستادا گرفتى شوێنمان هه‌یه‌.
 
4. نه‌كردنه‌وه‌ى خول بۆ فه‌رمانبه‌ران بۆ نوێ كردنه‌وه‌ى زانیارییه‌كانیان
ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى كه‌ كارى خه‌مڵانن ده‌كه‌ن و له‌ لیژنه‌كاندا هه‌ن به‌ به‌رده‌وامى پێویستیان به‌ راهێنانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى زانیارییه‌كانین نوێ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان وه‌ك به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌ى باسى لێوه‌كردوه‌ راهێنانه‌كان له‌ سه‌نته‌رى پارێزگاكان ده‌كرێنه‌وه‌ و به‌هۆى كه‌مى ژماره‌ى فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كه‌ ناتوانن به‌شدارى خوله‌كان بكه‌ن.
ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: له‌ گه‌رمیان خول تایبه‌ت بۆ فه‌رمانبه‌رانمان ناكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌شى ده‌كرێته‌وه‌ له‌ سه‌نته‌رى پارێزگانى هه‌ولێر و سلێمانین كه‌ به‌شێكى زۆرى فه‌رمانبه‌رانمان ناتوانن به‌شدار بكه‌ن، له‌لایه‌ك به‌هۆى كه‌مى فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ له‌لایه‌كى دیكه‌ به‌هۆى دۆخى تایبه‌تى خودى فه‌رمانبه‌ره‌كان خۆیان.
وتیشى: ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كردنه‌وه‌ى خول زۆر گرنگە بۆ نوێكردنه‌وه‌ى زانیارییه‌كانى فه‌رمانبه‌ران، خودى خۆشمان ناتوانین وه‌ك به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان خولى تایبه‌ت بكه‌ینه‌وه‌.
 
5. سیسته‌مى داتابه‌یس وه‌ك پێویست به‌كار ناهێنرێت
"تاڕاده‌یه‌كى باش سیسته‌مى كۆمپیوته‌ر به‌كارئه‌هێنین، به‌تایبه‌ت ناوه‌كان و بڕى باجه‌كان و جۆرى موڵكه‌كه‌ هه‌موى داتا به‌یسه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌ڕه‌كه‌كان به‌ تۆمار (سجلات) كراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش مه‌ترسى له‌سه‌ر ئه‌و سجلانه‌ هه‌یه‌ له‌ بونى هه‌ر حاڵه‌تێك له‌ناوبچن". ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
ده‌شڵێت: به‌ رەزامه‌ندى ئیداره‌ى گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى باجه‌كان له‌ هه‌ولێر سجله‌كانمان گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنێكى دیكه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كۆپى دیكه‌ى له‌ به‌ڕێوبه‌رایەتى گشتى باجه‌كان هه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر و دانراوه‌.
 
6. رانەگەیاندنی داهاتى باج له‌ گه‌رمیان
یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ى كه‌ هه‌ن نارونى و پێنه‌دانى زانیارییه‌ له‌سه‌ر داهات له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كانه‌وه، ئەمەش‌ به‌ كۆمه‌ڵێك پاساوى جیاواز، له‌وانه:‌ وه‌زاره‌ته‌كان ره‌زامه‌ند نین كه‌ زانیارى له‌سه‌ر داهات بڵاوبكرێته‌وه.
دواى چه‌ند جارێك سه‌ردان كردن و په‌یوه‌ندى كردن به‌، ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان سه‌باره‌ت به‌وەی داهاتی ساڵانەیان چه‌نده‌، ناوبراو جه‌ختى لێكرده‌وه‌: "له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى باجه‌كان پێیان راگه‌یه‌ندراوه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتى خودى ئه‌وانیشدا نیه‌ كه‌ داهات رابگه‌یه‌ندرێت، به‌ڵكو له‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى داراییه‌".
ئه‌گه‌رچى به‌پێى ئه‌و ئاماره‌ نافه‌رمیانه‌ى ده‌ست یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێى گه‌رمیان كه‌وتوه‌، ساڵانه‌ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان 1 ملیار و 400 بۆ 500 ملیۆن دینار داهات كۆ ده‌كرێته‌وه‌.
 
7. پسپۆڕیی فەرمانبەران 
به‌شه‌كانمان رێژه‌یه‌كى باشیان پسپۆرى خۆیانن به‌تایبه‌ت به‌شه‌كانى ژمێریارى و كارگێڕى و كۆمپیوته‌ر.
ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له‌ %80ى كارمه‌نده‌كانمان پسپۆڕى خۆیانن به‌تایبه‌ت ژمێریارى و كارگێڕى و كۆمپیوته‌ر كه‌ 3 هۆبه‌ى گرنگى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ن هه‌مویان پسپۆڕى خۆیانن.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: گرنگى كۆى هۆبه‌كان پسپۆڕى خۆیان بن، چونكه‌ باشتر له‌ كاره‌كه‌ ده‌زانن.
 
8. گرفتى ئۆتۆمبێل
"له‌ روى پێداویستیه‌وه‌ خراپ نین، له‌ ماوه‌كانى پێشتر ئۆتۆمبێلێكمان هه‌بو كۆن بو به‌ڵام له‌ ساڵى 2022 بۆیان گۆڕین، كۆى گشتى كاره‌كانى به‌ڕێێوبه‌رایه‌تیمان به‌و ئۆتۆمبێله‌ رائه‌په‌ڕێنین". ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
باسى له‌وه‌شكرد: ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێلێكى دیكه‌مان هه‌بوایه‌ باشتر ده‌بو و هاوكار ده‌بو بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین ئاسانتر كاره‌كانمان ئه‌نجام بدایه‌.
 
9. گرفتى كه‌مى نه‌سریه‌
یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى روبه‌ڕوى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان بوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی، كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و پێشینانە "نه‌سریانه"‌یه‌ كه‌ بۆیان خه‌رج ده‌كرا به‌مه‌به‌ستى كڕینى پێداویستیه‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان، یه‌كێك له‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ش باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیانه‌.
ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: ئه‌و نه‌سریه‌ى كه‌ هه‌مانه‌ وه‌ك پێویست نیه‌ به‌جۆرێك پێش قه‌یرانى دارایی 1ملیۆن و 500 هه‌زار دینار بو، دواتر كه‌مكرایه‌وه‌ بۆ 750 هه‌زار دینار، دواتر چه‌ندجارێك داوامان كرد نه‌سریه‌مان زیادبكرێته‌وه‌ بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ مانگێكه‌ كراوه‌ته‌وه‌ به‌ 1ملیۆن و 500 هه‌زاره‌كه‌، ئه‌مه‌ش موچه‌ى كارگوزاره‌كه‌مانى له‌سه‌ر ده‌ده‌ین كه‌ گرتومانه‌ و 200 هه‌زار دیناره‌.
ده‌شڵێت: ئه‌مه‌ش به‌شى پێویستیه‌كانمان ناكات وه‌كپێویست.
 
10. ئاستی راپەڕاندنی کاروبارەکان لەلایەن فه‌رمانبه‌رانەوە
هاوڵاتیه‌ك ده‌ڵێت: فه‌رمانبه‌رانى باجى خانوبه‌ره‌ ئیهمالن له‌ كاره‌كانیان و وه‌ك پێویست به‌ ده‌م هاوڵاتیانه‌وه‌ نین، به‌ڕێوبه‌رى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیانیش ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كاتەوە.
ئه‌حمه‌د سلێمان، هاوڵاتى و دوكاندار له‌ قه‌زاى كه‌لار وتى: یاسا و رێنماییه‌كان له‌ ده‌سه‌ڵاتى فه‌رمانبه‌ره‌كاندا نیه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئیهمالن، بۆ نمونه‌ 4 مانگ پێش ئێستا سه‌ردانى باجى خانوبه‌ره‌م كردوه‌ كه‌ پیِم وتون كوڕى خۆمى تیایه‌ و یاداشتم داوه‌، كه‌چى ئێستا وه‌سڵه‌كه‌مان بۆ هاتوه‌ته‌وه‌ هه‌ر به‌ كرێ حساب كراوه‌، ئه‌وان ته‌نها بۆ وه‌رگرتنى پاره‌ زیره‌كن، له‌ راپه‌ڕاندنى كاره‌كانى هاوڵاتیان به‌وشێوه‌یه‌ نین".
به‌پێچه‌وانه‌وه‌، فه‌وزى سلێمان، هاوڵاتى له‌ قه‌زاى كه‌لار ده‌ڵێت: هیچ كات نه‌بوه‌ زۆرم لێ بكرێت ئه‌و باجه‌ بده‌م یاخود نا، ته‌نها وه‌سڵی ئاگاداركردنه‌وەم بۆهاتوه‌تەوە‌، منیش به‌ده‌میه‌وه‌ نه‌رۆشتوم.
"مامه‌ڵه‌ى فه‌رمانبه‌ره‌كان هیچ گرفتێكیان نیه‌، هیچ كاتیش نه‌بوه‌ زۆرله‌ هاوڵاتیان بكه‌ن باج بده‌ن یاخود نا، به‌ڵكو پێیان وتوم كه‌ ئاره‌زوى خۆته‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ئه‌ده‌یت یان نا. حسین فه‌تاح، هاوڵاتى له‌ ناحیه‌ى رزگارى وای وت.
له‌ به‌رامبه‌ردا، ئارام عادل قادر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌رانمان كاروبارى هاوڵاَتیان رانه‌په‌ڕێنن، به‌ڵكو به‌ پیِچه‌وانه‌وه‌ هاوكارى زۆرى هاوڵاتیانن".
 
به‌شى سێیه‌م: هەڵسەنگاندنی پسپۆڕان و چالاكوانان
 
1. پسپۆرێكى ئابورى: كۆكردنه‌وه‌ى باج له‌ هه‌رێمى كوردستان دروست نیه‌
پسپۆرێكى بوارى ئابورى جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، وه‌رگرتنى باج له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌یه‌كى دروست نیه‌ و رۆڵى نه‌بوه‌ له‌ زیاتركردنى بودجه‌، هاوكات یه‌كێكه‌ له‌ فاكته‌ره‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى جیاوازى چینایه‌تى ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى دروست دابه‌شبكرێت.
بیابان نورى، پسپۆرى دارایی و ئابورى و مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان ده‌ڵێت: كاتێك بودجه‌ى هه‌ر ساڵێك ئاماده‌ده‌كرێت سه‌یرى داهات ده‌كرێت له‌ وڵات كه‌ چین، چونكه‌ بودجه‌ له‌ داهات و خه‌رجى پێك دێت، باجیش له‌ وڵاتاندا پێكهێنه‌رى سه‌ره‌كى بودجه‌یه‌ كه‌ له‌ وڵاتانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست باج ئه‌و رێژه‌ گه‌وره‌ى داگیرنه‌كردوه‌ له‌ بودجه‌ى وڵاتدا كه‌ له‌م وڵاته‌ له‌ %90‌ بودجه‌ له‌سه‌ر نه‌وته‌.
وتیشى: بۆیه‌ باج رۆڵێكى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ له‌ زیادكردنى داهات ئه‌گه‌ر هاتو وه‌كخۆى كۆبكرێته‌وه‌ و وه‌كخۆى دابه‌شبكرێته‌وه‌، كه‌ باج كۆده‌كرێته‌وه‌ ئامانج لێى چیه‌؟ بۆ نمونه‌ ئامانجى كه‌مكردنه‌وه‌ى جیاوازیه‌ له‌ نێوان ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاره‌ له‌ روى خزمه‌تگوزارییه‌وه‌.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: بۆنمونه‌ حكومه‌ت كه‌ باج له‌ ده‌وڵه‌مه‌ند وه‌رده‌گرێت و له‌ هه‌ژار وه‌رناگرێت و ده‌چێته‌ ناو بودجه‌وه‌ و دوباره‌ دابه‌ش ده‌كرێته‌وه‌ ده‌كرێته‌ خزمه‌تگوزارى و هه‌مو كۆمه‌ڵگه‌ مافى به‌كارهێنانى ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى هه‌یه‌ چ له‌ رێگه‌وبان چ له‌ ته‌ندروستى چ له‌ په‌روه‌رده‌، به‌ڵام ئایه‌ ئه‌مه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌؟ نه‌خێر نیه‌، ئه‌مه‌ش بۆ 2 هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌: یه‌كێكیان خودى حكومه‌ته‌ كه‌ به‌شێوه‌ى رێك باج كۆناكاته‌وه‌، ئه‌وى دیكه‌شیان هاوڵاتیانه‌ كه‌ رێگه‌یه‌ك ده‌دۆزنه‌وه‌ كه‌ باج نه‌ده‌ن.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر له‌ روى فه‌لسه‌فه‌ى ئابوریه‌وه‌ سه‌یرى باج بكه‌ین كه‌مكردنه‌وه‌ى چینایه‌تیه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌ و رۆڵى نه‌بوه‌ له‌ پڕكردنه‌وه‌ى بودجه‌ و دوبار دابه‌شكردنه‌وه‌ى.
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان 2 جۆر باج هه‌یه‌ باجى راسته‌وخۆ و باجى ناراسته‌وخۆ، باجى راسته‌وخۆ ئه‌و باجه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر داهات و سه‌رمایه‌یه‌، باجى نارسته‌وخۆش ئه‌و باجه‌یه‌ كه‌ له‌ باجى گومركى و كۆمپانیاكان پێك دێت.
 
2. چالاكوانێك: ئه‌و باجه‌ى له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت ته‌نها بۆ زیادكردنى داهاته‌
"ساڵانه‌ ئه‌و موڵكانه‌ى كه‌ ئه‌درێت به‌ كرێ له‌ 12 مانگدا مانگێكى بۆ حكومه‌ته‌ وه‌ك باج، خه‌ڵكیش نازانێت بۆچى لێیان وه‌رده‌گرێت، به‌ڵكو باجێكه‌ ته‌نها بۆ زیاتر كردنى داهاتى به‌رشێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ وه‌رده‌گیرێت و دواتر ده‌چێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ى ده‌وڵه‌ت". ئاراز محه‌مه‌د، چالاكوان له‌ گه‌رمیان وای وت.
هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: له‌ كاتێكدا وه‌رگرتنى ئه‌و باجانه‌ له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌دا بۆ باشتركردنى گوزه‌رانى خه‌ڵكه‌، بۆ نمونه‌ كه‌ باجى رێگاوبان له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت رێگه‌یه‌كى باشترى پێئه‌دات بۆ به‌كارهێنان، یان كرێى ئاو كاره‌با وه‌رده‌گیرێت له‌به‌رامبه‌ردا كاره‌با و ئاوى باشتر بدات به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و گه‌رمیانیش به‌ تایبه‌ت به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، چونكه‌ ته‌نها بۆ زیاتر كردنى داهاته‌وه‌ و خه‌رج ناكرێته‌وه‌ بۆ سنوره‌كه‌.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: ئه‌كه‌ر خه‌رجیش بكرێته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى نایه‌كسانى دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر پارێزگاكاندا، ئه‌گه‌رنا بۆ ناوچه‌یه‌كى وه‌ك گه‌رمیان ئه‌و باجه‌ى كه‌ لێى كۆده‌كرێته‌وه‌ خه‌رج ناكرێته‌وه‌ بۆى.
 
به‌شى چواره‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
 
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. سیسته‌مى باجی خانوبه‌ره‌ وه‌كو زۆرینه‌ى بواره‌كانى تر، مه‌ركه‌زییه‌، واتا یه‌ك سیسته‌م هه‌یه‌ بۆ هه‌مو ناوچه‌كان و له‌گه‌رمیانشدا هه‌مان سیسته‌م په‌یڕه‌و ده‌كرێت و هیچ جیاكاری و تایبه‌تمه‌ندییه‌كى نییه‌. دو جۆر باجی خانوبه‌ره‌ش هه‌یه‌: یه‌كه‌میان له‌سه‌ر موڵكه‌ "خانو، شوقە، دوكان و كۆگا"، دوه‌میشیان له‌سه‌ر زه‌ویزار.
هه‌رچی باجى موڵكایه‌تییه‌، به‌پێى یاساى ژماره‌ 162ـى ساڵى 1952ـى هه‌موارى كوردستان رێكخراوه‌ و %9ـى كۆى داهاتى كرێى ساڵێكى ئه‌و موڵكه‌ وه‌كو باج له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت.
هه‌رچی باجى زه‌ویوزاره‌، به‌پێى یاساى ژماره‌ 26ـى ساڵى 1962ـى هه‌موارى كورستان رێكخراوه‌ كه‌ بڕى 2%ـى خه‌مڵاندنى نرخی زه‌ویه‌كه‌ى وه‌كو باج بۆ حكومه‌ت لێ وه‌رده‌گیرێت.
2. هاوڵاتیان ناڕونیه‌كى زۆریان له‌لا هه‌یه‌ له‌باره‌ى ئه‌و باجه‌ى لێیان وه‌رده‌گیرێت، به‌شێوه‌یه‌ك نازانن چیه‌ و بۆچیه‌؟
ئه‌م ناڕونییه‌ به‌گشتى له‌ باجه‌كانى دیكه‌شدا به‌دیی ده‌كرێت، حكومه‌ت له‌وه‌دا كه‌مته‌رخه‌م بوه‌ كه‌ رونی بكاته‌وه‌ باج چیه‌ و چۆن وه‌رده‌گیرێت و بۆ چ مه‌به‌ستێك به‌كارده‌هێنرێت.
3. داهاتى باجی خانوبەرە كه‌ پرسێكه‌ پێویستی به‌ شه‌فافیه‌ت هه‌یه‌، به‌ڵام راناگه‌یه‌نرێت و ده‌شاردرێته‌وه‌، له‌كاتێكدا هاوڵاتى مافی خۆیه‌تى رێژه‌ى داهاته‌كه‌ بزانێت. ئه‌گه‌رچی به‌پێی زانیارییه‌كانى یه‌كه‌كه‌مان، بڕی داهاتی باجی خانوبەرە لە گەرمیان ساڵانەی له‌نێوان ملیارێك هه‌تا ملیار و نیوێك دیناره‌.
هه‌روه‌ك ئه‌م داهاته‌ به‌بێ هیچ لێبڕانێك بۆ خه‌زێنه‌ى ناوه‌ندیی حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ناوچه‌كان مافی مامه‌ڵه‌كردنیان نیه‌ به‌ هیچ بڕ و رێژه‌یه‌كییه‌وه‌.
4 .  له‌   سنورى   بەڕێوبەریەتی   باجی   خانوبەرەی   گه‌رمیان   دا،   کە   کەلار   دەگرێتەوە،  (37)  هه‌زار   و  (98)  خانو   و   شوقه‌،  (11)  هه‌زار   و  (17)  دوكان   و   كۆگا   و  (1)  هه‌زار   و  (730)  زه‌وی   هه‌ن   كه‌   باجی   خانوبه‌ره‌   ده‌یانگرێته‌وه‌،   به‌و   مانایه‌ى   بۆ   مه‌به‌ستى   بازرگانى   به‌كاردێن. 
له‌   سنورى   قەزای   کفریش   دا،   لە   قەزای   کفری   کە   لە  (13)  گەڕەک   پێکھاتوە،  (9)  ھەزار   و  (250)  خانو،   (2)  ھەزار   و  (24)  دوکان   و   کۆگا   هەن   و   زەوی   نیە .   واتا   کۆی   گشتی   دەکاتە  (11)  ھەزار   و  (274)  موڵک.
5. پرۆسه‌ى باجی خانوبه‌ره‌ له‌ گه‌رمیان، له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تی باجی خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت كه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كى سه‌ر به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى خانوبه‌ره‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌تى دارایی. هاوکات لە قەزای کفری و ناحیەکانی باوەنور و رزگاری، لەلایەن فەرمانگەی دارایی ئەو شوێنانەوە بەڕێوەدەبرێن کە ئەگەرچی پەیوەندیان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی باجی خانوبەرەی گەرمیانەوە هەیە، بەڵام بە فەرمی پەیوەستن بە بەڕێوبەرایەتی گەنجینەی گەرمیانەوە.
6. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجی خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان، كێشه‌ و گرفتی جیاوازى هه‌یه‌، له‌وانه‌: كه‌می فه‌رمانبه‌ر، نه‌بونى بینای تایبه‌ت به‌ خۆی، كارنه‌كردن به‌ سیسته‌مى پێشكه‌وتوى ئیلیكترۆنى و پشت به‌ستن به‌ مامه‌ڵه‌ى نوسراو، گرفتی دارایی و ئۆتۆمبیل و ...هتد.
 
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. بوارى باجی خانوبه‌ره‌ یه‌كێكه‌ له‌و بوارانه‌ى كه‌ پێویستى به‌ پێداچونه‌وه‌ و رێكخستنێكى زۆر هه‌یه‌، به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنى زیاتری ئه‌م بواره‌، چونكه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى و له‌نێویشی دا گه‌رمیان رۆژ دواى رۆژ رو له‌ فراوانبونه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات پرۆسه‌ى كۆكردنه‌ و ئیداره‌دانى باجی خانوبه‌ره‌ تیایدا به‌پێی پێویستییه‌كانى رۆژ نوێ بكرێته‌وه‌. 
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ گرنگه‌ وه‌زاره‌تى دارایی و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌گه‌ڵ پارله‌مانى كوردستان، ئاماده‌كاریی بكەن بۆ ده‌رچواندن یان هەموار و رێكخستنه‌وه‌ى یاسا و رێنمایی تایبه‌ت به‌م بواره‌.
2. گرنگترین هه‌نگاو كه‌ ده‌بێت حكومه‌ت بینێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاركردن له‌م بواره‌دا له‌ شكڵه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ى ده‌ربهێنێت، به‌ڵكو هه‌وڵبدات پشت به‌ سیسته‌مى داتابه‌یس و كۆمپیوته‌رى ببه‌ستێت، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستى باشتر كۆنترۆڵكردنى و هه‌روه‌ها كه‌مكردنه‌وه‌ى رۆتین و خاوه‌خاویی ئیشوكاره‌كان.
3. ناكرێت چاوه‌ڕێی پێشكه‌وتن له‌ ده‌زگایه‌كى حكومیی بكه‌یت، كه‌ خۆی كێشه‌ و گرفتى بونیادیی زۆری هه‌یه‌. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ پێویسته‌ كه‌موكورتییه‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجی خانوبه‌ره‌ی گەرمیان له‌ فه‌رمانبه‌ر و بینا و پێداویستی مادیی، پڕ بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌توانرێت زۆر هه‌نگاو بنرێت، له‌نێویدا خه‌رجكردنه‌وه‌ى بڕێك له‌ داهاته‌كه‌یان بۆ په‌ره‌دان به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌.
4. پێویسته‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى دارایی و خودی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى باجی خانوبه‌ره‌ و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باجی خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان، كار له‌سه‌ر لایه‌نى هۆشیاركردنه‌وه‌ى هاوڵاتیان بكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ رێگه‌ى میدیا و سۆسیال میدیاوه‌ رێنمایی و به‌رچاوڕونى و هۆشیاری به‌ هاوڵاتیان بدەن له‌باره‌ى چیه‌تى كاری ئه‌م ده‌زگایه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانى، ئه‌مه‌ش بۆ هاوڵاتیان رون بكرێته‌وه‌.
5. واباشتره‌ پرۆسه‌ى ئیداره‌دانى باجی خانوبه‌ره‌ له‌گه‌رمیان له‌لایه‌ن یه‌ك به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، نه‌ك وه‌ك ئێستا كه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ ته‌نها تایبه‌ته‌ بۆ كه‌لار و هه‌رچی كفری و ناحیه‌كانه‌ ئه‌وا پرسی باجى خانوبه‌ره‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌كانى داراییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن.
6. مه‌دام باج له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گریت، ده‌شبێت شه‌فاف بیت له‌ راگه‌یاندنى بڕه‌كه‌ى دا. ئه‌مه‌ ساده‌ترین پرنسیپی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆرجار حكومه‌ت خۆی لێ ده‌بوێرێت. بۆیه‌ گرنگه‌ بكرێت به‌ مه‌رجێك كه‌ ساڵانه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانى باج داهاتى خۆیان بۆ رایگشتى ئاشكرا بكه‌ن.
7. هاوڵاتیان و شاره‌زایان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ كاریگه‌ریی باجه‌كان له‌سه‌ر باشبونى ژیان و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان نابینن، واتا باج ده‌ده‌ن، به‌ڵام خزمه‌تگوزارییه‌ حكومییه‌كان به‌و ئاسته‌ باش و گونجاو نین.
ئه‌مه‌ش پێویستی پێداچونه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت به‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌یه‌كى جیاواز بكات له‌گه‌ڵ داهاتى باجه‌كان و بۆ پرۆژه‌گه‌لی خزمه‌تگوزاریی به‌كاربهێنرێت، هه‌روه‌ك ره‌چاوى تایبه‌تمه‌ندى ناوچه‌كان بكرێت و به‌شێكى باجه‌كان بۆ خودی ناوچه‌كان خه‌رج بكرێت.
 
 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,458,115     ژمارەی میوان 91