سێیه‌مین كۆنفرانسی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان به‌ڕێوه‌چو

2022/09/15    849 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
ئه‌مڕۆ (15ـى ئه‌یلولی 2022) یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان سه‌ر به‌ رادیۆی ده‌نگ به‌ پاڵپشتى سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED ئه‌مریكی، سێیه‌مین كۆنفرانسی ساڵانه‌ى حكومه‌تى خۆجێی و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ئه‌نجام دا كه‌ ته‌وه‌ره‌كه‌ى تایبه‌ت بو به‌ پرسی شه‌فافیه‌ت له‌ حكومڕانی دا.
 
له‌ كۆنفرانسه‌كه‌كه‌دا كه‌ له‌ هۆڵی سوڵتان له‌ كه‌لار به‌ڕێوه‌چو و (32) كه‌س له‌ به‌رپرسانى حكومى و چالاكوانان به‌شدار بون، سێ ته‌وه‌رى له‌خۆ گرتبو.
 
ته‌وه‌رى یه‌كه‌مى تایبه‌ت بو به‌و تێبینی و سه‌رنجانه‌ى كه‌ یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان هه‌یه‌تى له‌باره‌ى پرسی شه‌فافیه‌ت، تیایدا زریان محه‌مه‌د ئه‌ندامى یه‌كه‌كه‌، دیارترین تێبینی و سه‌رنجه‌كانى یه‌كه‌كه‌ى خۆیانى له‌ماوه‌ى 5 ساڵی كاركردنیان دا خسته‌ڕو له‌باره‌ى پرسی شه‌فافیه‌ت، له‌وباره‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا زۆربه‌ى جار ده‌زگا فه‌رمیه‌كان ئامارى كار و چالاكیان راده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام كه‌متر ئاماده‌ن داهات و خه‌رجیان ئاشكرا بكه‌ن. هه‌روه‌ك چه‌ند خاڵێكى دیكه‌ى له‌مباره‌یه‌وه‌ خسته‌ڕو. هه‌روه‌ك به‌شدارانیش سه‌رنجی خۆیان له‌مباره‌یه‌وه‌ پیشان دا.
 
له‌ ته‌وه‌رى دوه‌میشدا، سروه‌ كه‌ریم، ئه‌ندامى یه‌كه‌ى چاودێری، گفتوگۆیه‌كى به‌ڕێوه‌برد له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ى گه‌رمیان، له‌باره‌ى راده‌ى پابه‌ندبونى حكومه‌تى خۆجێی به‌ شه‌فافیه‌ته‌وه‌.
جه‌لال شێخ نورى، سه‌رپه‌رشیتاری ئیداره‌ى گه‌رمیان، له‌وته‌كانى دا ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌ پرسی شه‌فافیه‌ت ده‌ڕوانن و به‌پێی ئه‌و چوارچێوه‌ یاسایی و كارگێڕییانه‌ى كه‌ به‌رده‌ستن له‌ هه‌وڵی چه‌سپاندنى شه‌فافیه‌ت دان، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ بونى مه‌ركه‌زیه‌ت له‌ بڕیاردان دا وایكردوه‌ زۆر ده‌سه‌ڵات له‌لای ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێیه‌كان نه‌بێت، به‌مه‌ش كار له‌ راده‌ى بونى شه‌فافیه‌ت بكات له‌ كۆمه‌ڵگادا.
دواتر ژماره‌یه‌ك له‌ به‌شداران پرسیار و تێبینی و سه‌رنجی خۆیان له‌باره‌ى ئه‌م پرسه‌وه‌ ئاراسته‌ى سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ى گه‌رمیان كرد و ئه‌ویش وه‌ڵامى دانه‌وه‌.
 
له‌ ته‌وه‌رى سێیه‌میش دا، به‌شداران به‌سه‌ر چوار گروپ دا دابه‌ش بون، دو له‌ گروپه‌كان كاریان له‌سه‌ر نوسینه‌وه‌ى ئه‌و هۆكارانه‌وه‌ كرد كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ى به‌رقه‌رار نه‌بونى شه‌فافیه‌ت له‌ حكومڕانى دا، دو گروپیشیان له‌باره‌ى ئه‌و هه‌نگاو و راسپاردانه‌وه‌ كاریان كرد كه‌ ده‌توانرێت له‌ رێگه‌یانه‌وه‌ بره‌و به‌ شه‌فافیه‌ت بدرێت. دواتر به‌ تێكڕا به‌شداران قسه‌ و گفتوگۆییان له‌باره‌ى ئه‌و خاڵ و سه‌رنج و تێبینیانه‌وه‌ كرد.
 
بڕیاریشه‌ له‌ رۆژانى داهاتودا راسپارده‌ى كۆنفرانسه‌كه‌ ئاراسته‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكرێت به‌مه‌به‌ستى كار له‌سه‌ر كردنیان.
 
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌ و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به‌ رادیۆی ده‌نگه‌، به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، راپۆرتی ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسه‌كانى په‌یوه‌ندیدار به‌ حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه‌ و چالاكی جۆراوجۆریش له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی.
 
 

 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,348,784     ژمارەی میوان 147