بیست و سێیه‌مین راپۆرتى مانگانه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان

2021/09/01    482 جار بینراوە
 
رادیۆى ده‌نگ
 
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، بیست و سێیه‌مین راپۆرتى مانگانه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به:‌ "زانکۆی گەرمیان و گرفتەکانی رەخساندنی ھەلی کار بۆ دەرچوان".
 
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه‌ بكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە.
 
 
راپۆرته‌كه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، به‌ وردیی باسى له‌ گرفته‌كانى دروستنه‌بونى هه‌لى كار بۆ ده‌رچوانى زانكۆ كراوه‌ و هۆكاره‌كانى رونكراوه‌ته‌وه‌.
 
هه‌روه‌ك باس له‌وه‌شكراوه‌ كه‌ ئه‌و رێكارانه‌ چین كه‌ پێویسته‌ بگیرێنه‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و گرفتانه‌.
 
له‌ كۆتاییشدا وه‌ك سه‌رجه‌م راپۆرته‌كانى دیكه‌، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده‌ خراونه‌ته‌ڕو به‌ ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكورتیه‌كان‌.
 
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌ و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به‌ رادیۆی ده‌نگه‌، به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه‌ راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به‌ حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی.
 

پێشه‌كى:

ساڵانه‌‌ سه‌‌دان فێرخواز زانكۆ ته‌‌واو ده‌‌كه‌‌ن، به‌‌ڵام ئه‌‌وان روبه‌‌ڕوى كێشه‌‌یه‌‌كى سه‌‌خت ده‌‌بنه‌‌وه‌‌: نه‌‌بونى هه‌‌لی كار. هۆكارى ئه‌‌مه‌‌ش په‌‌یوه‌‌سته‌‌ به‌‌وه‌‌ى به‌‌شی زۆریان رانه‌‌هێنراون به‌‌ پێداویستی بازاڕ و كار، یاخود به‌‌ش و بوارێكی ئه‌‌كادیمیان ته‌‌واو كردوه‌‌ كه‌‌ له‌‌ بازاڕى هه‌‌لی كاردا گرنگ نین، سه‌‌رباری ئه‌‌مه‌‌ش دامه‌‌زراندنى حكومیی راوه‌‌ستاوه‌‌.
ئه‌‌م كێشه‌‌یه‌‌ له‌‌ هه‌‌مو كوردستان و عێراقدا بونى هه‌‌یه‌‌، ئه‌‌گه‌‌رچی ئێمه‌‌ له‌‌م راپۆرته‌‌دا به‌‌تایبه‌‌ت له‌‌سه‌‌ر زانكۆی گه‌‌رمیان وه‌‌ستاوین، به‌‌وپێیه‌‌ى په‌‌یوه‌‌سته‌‌ به‌‌و ناوچه‌‌یه‌‌ى كه‌‌ یه‌‌كه‌‌كه‌‌مان تیادا چالاكه‌‌.
له‌‌م راپۆرته‌‌دا به‌‌ وردی له‌‌سه‌‌ر ئه‌‌م كێشه‌‌ و هۆكاره‌‌كانى ده‌‌وه‌‌ستین، لایه‌‌نه‌‌كانى رون ده‌‌كه‌‌ینه‌‌وه‌‌، هه‌‌روه‌‌ك كاریگه‌‌ریی و لێكه‌‌وته‌‌كانیشی ده‌‌خه‌‌ینه‌‌ڕو.
 
كورته‌‌یه‌‌كى مێژوى زانكۆى گه‌رمیان
زانكۆى گه‌رمیان ساڵى 2010 به‌ فه‌رمانێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارى كردنه‌‌وه‌‌ى درا، ئه‌‌مه‌‌ش دوای ئه‌‌وه‌‌ى پێشتر له‌‌ كۆمه‌‌ڵێك كۆلێژ پێكهاتبو كه‌‌ سه‌‌ر به‌‌ زانكۆی سلێمانى بون، به‌‌شێوه‌‌یه‌‌ له‌ ساڵى 2004-2005 به‌ كۆلێژى په‌روه‌رده‌ له‌ كه‌لار و كۆلێژى ئاداب له‌ خانه‌قین ده‌ستى پێكرد، پاشان له‌ ساڵى 2007-2008 كۆلێژى په‌‌روه‌‌رده‌ى بنه‌‌ڕه‌ت له‌ كه‌لار كه‌ پێشتر په‌یمانگاى مامۆستایان بو كرایه‌وه‌، له‌ هه‌مان ساڵدا كۆلێژى وه‌رزش له‌ خانه‌قین كرایه‌وه‌، له‌ ساڵى 2011 ئه‌م 4 كۆلێژه‌ خرانه‌ سه‌ر زانكۆى گه‌رمیان.
 
به‌شى یه‌كه‌م: راپۆرت
1. دەرچوانی زانکۆ: پسپۆڕیه‌كه‌مان سودى نه‌بوه‌ بۆ هەلی کار لە بازاڕدا
به‌شێكى زۆرى ده‌رچوانى زانكۆ بێ هيوا بون له‌و به‌شه‌ى كه‌ خوێندویانه‌ وه‌ك خۆیان ده‌‌ڵێن كه‌ هيچ گرنگیه‌كى نه‌بوه‌ بۆیان و كارى بۆ په‌‌یدا نه‌‌كردون.
جوانە ئیسماعیل، دەرچوی بەشی جوگرافیا لە زانکۆی گەرمیان، دەڵێت: بەشەكەی من لە هەمو وڵاتێك گرنگی تایبەتی پێ دەدرێت، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتەكەی خۆم بێ سودترین بەشە.
ئه‌‌و دەرچوانه‌‌ ئاماژه‌‌ به‌‌وه‌‌ده‌‌كه‌‌ن خوێندنى چه‌‌ند ساڵه‌‌یان نه‌‌بوه‌‌ته‌‌ هۆی ئه‌‌وه‌‌ى له‌‌ پاش ده‌‌رچون كار و پیشه‌‌یه‌‌كیان ده‌‌ستكه‌‌وێت كه‌‌ به‌‌هۆیه‌‌وه‌‌ ژیانى خۆیانى له‌‌سه‌‌ر بونیاد بنێن.
بەختیار عومەر محه‌‌مه‌‌د، دەرچوی بەشی مێژو لە زانکۆی گەرمیان، وتى: دەرچوی ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٤م، بە هيچ شێوەیەک سودم لێ نەبینیوە بۆ کاروباری رۆژانەم.
به‌‌شێكى به‌‌رچاوى به‌‌شه‌‌كانى زانكۆی گه‌‌رمیان، ئه‌‌وانه‌‌ن كه‌‌ نابنه‌‌ هۆی دۆزینه‌‌وه‌‌ى هه‌‌لیكار له‌‌ كه‌‌رتى تایبه‌‌ت، به‌‌ڵكو زۆرتر ده‌‌رچوه‌‌كان ده‌‌بنه‌‌ مامۆستا و له‌‌گه‌‌ڵ راگرتنى دامه‌‌زراندنى حكومییش دا، ئه‌‌وان سودێك له‌‌ بڕوانامه‌‌كه‌‌یان نابینن.
شێنێ حارس، دەرچوی بەشی بیرکاری لە زانکۆی گەرمیان باسی لەوە کرد: لە ساڵی ٢٠١٧ خوێندنم تەواو کردوە، ھیچ سودێکی بۆم نەبوه کە تەواوم کرد، چونکە ئەچیتە هەر شوێنێک داوای ئەزمونی کار ئەکەن، من شوێنێک وەرم نەگرێت ئەزمون لە کوێ بهێنم؟
به‌پێچه‌وانه‌وه‌، عومەر محەمەد، دەرچوی بەشی زانستی کیمیا لە زانکۆی گەرمیان، وتى: دواى ده‌‌رچونى له‌‌ زانكۆ، بڕوانامه‌‌كه‌‌ى هاوكاریی كردوه‌‌ كه‌‌ پرۆژه‌‌یه‌‌ك بۆخۆی ده‌‌ستپێبكات.
وتى: لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە خوێندنم تەواو کرد، بەهۆی بڕوانامه‌‌كه‌‌وه‌‌ لە کارگەیەکی بچوکی دروستکردنی سابون کاردەکەم کە لەگەڵ پسپۆڕیەکەم دەگونجێت، ئه‌‌گه‌‌رچی داهاتێکی وای نیە كه‌‌ وەکو تاكه‌‌ سەرچاوه‌‌ی داهاتى ژیانم بەکاریبهێنم.
«خوێندنه‌كه‌م بۆ هەلی كار گرنگی پێ نادرێت، چونكە هەمو مەرجی هەلی كارەكان زمانە و هيچ شوێنێكیش پێویستیان بەمامۆستای جوگرافیا نیە»، جوانە ئیسماعیل، دەرچوی بەشی جوگرافیا لە زانکۆی گەرمیان وا دەڵێت.
 لە ھەمان کاتدا، بەختیار عومەر، دەرچوی بەشی مێژو لە زانکۆی گەرمیان، وتی: نزیکەی 7 ساڵە لە بواری فرۆش و بەبازاڕکردن دا کاردەکەم کە زۆر دورە لە بەشەکەی خۆمەوە و پەیوەندی بە بڕوانامه‌‌كه‌‌وه‌‌ نییه‌‌ نیە.
«بەشەکەم بەشی خۆی گرنگە، بەڵام دۆخەکە وایکرد کە لێی پەشیمان بم و گەشتومەتە ئەو قەناعەتەی کە هەڵخەڵەتێنراوم، چونکە لەگەڵ کەسێک کە هيچی نەخوێندبێت وەک یەکین و له‌‌ یەک شوێن کاردەکەین». خالد فەریق، دەرچوی بەشی فیزیا لە زانکۆی گەرمیان، وا دەڵێت.
ئه‌‌و كه‌‌ له‌‌ به‌‌نزینخانه‌‌یه‌‌كدا كار ده‌‌كات، باس له‌‌وه‌‌ده‌‌كات ئیشه‌‌كه‌‌ى هيچ په‌‌یوه‌‌ندیه‌‌كى نیه‌‌ به‌‌ پسپۆڕێتیه‌‌كه‌‌یه‌‌وه‌‌.
هه‌‌ندێكى تریان ئه‌‌و به‌‌شانه‌‌ى كه‌‌ ته‌‌واویان كردوه‌‌ به‌‌ گرنگ ده‌‌زانن، به‌‌ڵام بێئومێدن له‌‌وه‌‌ى نه‌‌بوه‌‌ته‌‌ هۆی ره‌‌خساندنى هه‌‌لی كار بۆیان.
ھاوژین مەھدی، دەرچوی بەشی کۆمپیوتەر لە زانکۆی گەرمیان وتی: بەشەکەم گرنگە، بەڵام سودی چیە کە نەبوەتە سه‌‌رچاوه‌‌ى داهاتى ژیانم.
هه‌‌ندێكى تریشیان به‌‌گله‌‌یین له‌‌وه‌‌ى بۆ ئه‌‌وه‌‌ى هه‌‌لی كاریان ده‌‌ستكه‌‌وێت پێویستیان به‌‌ واسته‌‌یه‌‌، نه‌‌ك بڕوانامه‌‌.
عومەر محەمەد، دەرچوی بەشی زانستی کیمیا لە زانکۆی گەرمیان وتی: بۆ رەخساندنی هه‌‌لی  کار بۆ هەر دەرچویەك، پێویستیت  بە واستەیە کە خاڵێکی بەهێزە بۆ ئێستا.
 
2. «نه‌بونى هه‌لى كار بۆ ده‌رچوانى زانكۆ زیاتر له‌ به‌شه‌ وێژه‌ییه‌كان ره‌نگى داوه‌‌ته‌‌وه‌‌»
مامۆستایه‌‌كى زانكۆی گه‌‌رمیان باس له‌‌وه‌‌ده‌‌كات له‌‌ كاتێكدا زۆرترین به‌‌شه‌‌كانى زانكۆكه‌‌یان به‌‌شى وێژه‌‌یین، كه‌‌چى ده‌‌رفه‌‌تى كار بۆ ده‌‌رچوانى ئه‌‌م به‌‌شانه‌‌ش زۆر كه‌‌م و سنورداره‌‌.
سامان به‌همه‌‌ن، ده‌‌ڵێت: نه‌بونى هه‌لى كار بۆ ده‌رچوانى زانكۆ زیاتر له‌ به‌شه‌ وێژه‌‌ییه‌‌كان ره‌نگى داوه‌‌ته‌‌وه‌‌ و پێویسته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ چۆن هه‌لى كاریان بۆ بڕه‌خسێنرێت، رێژه‌یه‌كى كه‌مى ده‌رچوان بون به‌ خاوه‌نى كارى خۆیان ئه‌وه‌شى بوه‌ له‌ رێگه‌ى حزب یاخود به‌ میزاجى شه‌خسى بوه‌. 
پێیشوایه‌‌ «زانكۆ ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كى باشى به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و بازاڕه‌وه‌ هه‌بێت و لینكێكى په‌یوه‌ندى دروست بكات له‌گه‌ڵ ئه‌و داموده‌‌زگایانه‌‌ى كه‌ هه‌لى كار بۆ تاك ده‌‌ڕه‌‌خسێنن، به‌ڵام له‌ نێو زانكۆكان ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌ و گه‌رمیانیش به‌ده‌ر نیه‌ له‌و گرفته‌».
مامۆستایه‌‌كى دیكه‌‌ وایده‌‌بینێت كه‌‌ پێویسته‌‌ زانكۆ بره‌‌و به‌‌و به‌‌ش و كۆلێژانه‌‌ بدات كه‌‌ كادیر بۆ بازاڕ ئاماده‌‌ ده‌‌كه‌‌ن.
د. یادگار عه‌لى، مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: پێویسته‌ زانكۆ كار له‌سه‌ر ئه‌و به‌‌ش و كۆلێژانه‌ بكات كه‌ له‌ بازاڕى كاردا كاریان ده‌ست ده‌كه‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌شانه‌ به‌ته‌نها گرنگ نیه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش بكات كه‌ ئه‌و تاكانه‌ى رو له‌وێ ده‌كه‌ن له‌ روى جۆرییه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بۆ بازاڕ ئاماده‌یان بكات.
به‌‌رپرسی دو به‌‌شى زانكۆی گه‌‌رمیان، جه‌‌خت له‌‌وه‌‌ ده‌‌كه‌‌نه‌‌وه‌‌ به‌‌هۆی ئه‌‌وه‌‌ى به‌‌شه‌‌كانیان زانستین و ده‌‌رفه‌‌تى كاریان باشتر ده‌‌بێت، بۆیه‌‌ خواست له‌‌سه‌‌ریان زیاتره‌‌.
د. حسێن ئیسماعیل، راگرى كۆلێژى په‌روه‌رده‌ له‌ زانكۆى گه‌رمیان، ده‌‌ڵێت: كۆلێژى ئێمه‌ 13 به‌‌شمان له‌‌ ده‌‌وامى به‌‌یانیان و ئێواران هه‌‌یه‌‌، 4 به‌‌شیان زانستین له‌‌ به‌‌یانیان كه‌‌ خواست له‌‌سه‌‌ریان زیاتره‌‌، هۆكارى ئه‌مه‌ش قه‌یران و ئه‌و دۆخه‌ بو كه‌ هاته‌ ئاراوه‌ وایكرد كه‌ ره‌خساندنى كار و دامه‌زراندن زیاتر له‌و به‌شانه ‌بێت وه‌ك له‌ به‌شه‌كانى دیكه‌.
هاوكات د. عومه‌ر یونس، راگرى كۆلێژى زانست له‌ زانكۆى گه‌رمیان، وتى: 2 به‌‌شمان هه‌‌یه‌‌ (كیمیا و كۆمپیوته‌ر)، ئه‌م دو به‌شه‌ش خواستى زۆر له‌سه‌ره‌، چونكه‌ هه‌لى كارى هه‌یه‌ له‌ بازاڕدا.
راگرى كۆلێژێكیش ره‌‌دی ده‌‌كاته‌‌وه‌‌ ته‌‌نها به‌‌شه‌‌ زانستیه‌‌كان بره‌‌ویان هه‌بێت، به‌‌ڵكو له‌‌نێو به‌‌شه‌‌ وێژه‌‌ییه‌‌كانیشدا به‌‌ش هه‌‌ن كه‌‌ گرنگ بێت به‌‌ لای فێرخوازانه‌‌وه‌‌.
د.كۆمار نیعمه‌ت، راگرى كۆلێژى په‌روه‌رده‌ى بنه‌ڕه‌ت له‌ زانكۆى گه‌رمیان، ده‌‌ڵێت: كۆلێژه‌كه‌مان له‌ 5 به‌ش پێك هاتوه‌: كوردى، عه‌ره‌بى، باخچه‌ى ساوایان، په‌روه‌رده‌ى وه‌رزش و زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، هه‌‌مویان خواستیان له‌سه‌ره‌ له‌لایه‌ن خوێندكاره‌وه‌، به‌تایبه‌ت به‌شى په‌روه‌رده‌ى وه‌رزش و باخچه‌كان كه‌‌ تاڕاده‌یه‌ك هه‌لى كارى هه‌یه‌ بۆ ده‌‌رچوان.
له‌‌باره‌‌ى ئه‌‌و بۆچونه‌‌ى كه‌‌ پێیوایه‌‌ كه‌‌ زۆرێك له‌‌و به‌‌شانه‌‌ زیاده‌‌ن، وتى: هه‌ر به‌شه‌ و گرنگى خۆى هه‌یه‌ و زیاده‌ نین.
 
3. زانكۆكان بون به‌‌ شوێنى خوێندن ته‌‌واو كردن
ئه‌‌گه‌‌رچی بڕیاره‌‌ زانكۆ كادیری پسپۆڕ له‌‌ بواره‌‌ جیاوازه‌‌كان دروست بكات، به‌‌ڵام ئه‌‌وه‌‌ى له‌‌ زانكۆكانى عێراق و هه‌‌رێم به‌‌گشتى و ئه‌‌وه‌‌ى گه‌‌رمیان به‌‌تایبه‌‌تى به‌‌دیی ده‌‌كرێت، ئه‌‌وه‌‌یه‌‌ كه‌‌ پلانیان نیه‌‌ بۆ ره‌‌خساندنى هه‌‌لی كار.
كه‌ریم مه‌دحه‌ت، مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان، وتى: زانكۆ له‌ هه‌رێم و گه‌رمیان هيچ پلانێكیان نیه‌، زۆربه‌ى دامه‌زراوه‌كان و زانكۆى گه‌رمیانیش به‌ هه‌ڕه‌مه‌كى دامه‌‌زراون، كه‌ دێیت دامه‌زراوه‌یه‌ك ده‌كه‌یته‌وه‌ و هيچ پلان و توانایه‌‌كت نیه‌‌، ئه‌‌مه‌‌ كاره‌‌سات دروست ده‌كات.
به‌هه‌مان شێوه‌، سامان به‌‌همه‌ن، مامۆستا له‌ به‌شى كوردى له‌ زانكۆى گه‌رمیان، وتى: زانكۆكان بون به‌‌ شوێنى ئه‌‌وه‌‌ى ته‌نها فێرخواز خوێندن ته‌واو ده‌كات و ده‌چێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و داده‌نیشێت، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ ده‌رچویه‌كى زۆر له‌ ماڵه‌وه‌بێت و بێكاربێت.
مامۆستایه‌‌كى دیكه‌‌ى زانكۆی گه‌‌رمیان جه‌‌خت له‌‌م بۆچونه‌‌ ده‌‌كاته‌‌وه‌‌.
د. عه‌دنان مه‌حمود، باسى له‌وه‌كرد: حكومه‌ت پلانى نه‌بوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌لى كار له‌ رێگه‌‌ى پسپۆڕیییه‌وه‌ بڕه‌خسێنێ و ئه‌و به‌شانه‌ش نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ بازاڕدا یه‌ك ده‌‌گرنه‌وه‌،  به‌تایبه‌ت به‌شه‌ پیشه‌ییه‌كان.
«وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا پلانى بۆ زانكۆ نیه‌ و نه‌شیبوه‌، ئه‌‌مه‌‌ش به‌‌ ته‌‌نها وه‌‌زاره‌‌ت به‌ ته‌‌نها لێى به‌رپرس نیه‌، به‌ڵكو وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى وه‌‌زیرانیش لێى به‌رپرسن كه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى كارى له‌سه‌ر بكرێت»، سامان عه‌‌زیز، چالاكوان و شاره‌زاى بوارى كارگێڕی وا ده‌ڵێت.
له‌‌باسكردنى هۆكارى ئه‌‌وه‌‌ى زانكۆكان رۆڵیان له‌‌ دروستكردنى كادیر بۆ بازاڕ و پسپۆڕێتیه‌‌كاندا نیه‌‌، هۆكارى جیاواز باس ده‌‌كرێت.
كه‌ریم مه‌دحه‌ت، مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان، پێیوایه‌‌ هۆكاره‌‌كه‌‌ى ئه‌‌وه‌‌یه‌‌ كه‌‌ «زانكۆكان به‌ شێوه‌ى ستاندارد دانه‌مه‌زراون». سامان به‌همه‌ن، مامۆستا له‌ به‌شى كوردى له‌ زانكۆى گه‌رمیان، پێیوایه‌‌ زانكۆكان «له‌سه‌ر میزاجى حزبى و شه‌‌خسی دامه‌‌زراون».
 
4. سه‌رۆكى زانكۆى گه‌رمیان: نیوه‌‌ی ده‌‌رچوانى زانكۆ دامه‌‌زراون
سه‌رۆكى زانكۆى گه‌رمیان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و فێرخوازانه‌ى كه‌ له‌ زانكۆكه‌دا ده‌‌رچون، زیاتر له‌ %50یان دامه‌زراون له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌كان.
د. فه‌رهاد قادر، باسى له‌وه‌كرد: ئه‌و خوێندكارانه‌ى كه‌ له‌ ماوه‌ى 7 خولى ده‌رچونى زانكۆى گه‌رمیان ده‌‌رچون، به‌‌رێژه‌‌ى زیاتر له‌  %50 بون به‌ خاوه‌نى كارى خۆیان و دامه‌زراون.
سه‌‌رۆكى زانكۆی گه‌‌رمیان ئاماژه‌‌ى به‌‌وه‌‌نه‌‌دا كه‌‌ ئه‌‌م داتایه‌‌یان چۆن و به‌‌ پشت به‌‌ستن به‌‌ چ روپێوییه‌‌ك به‌‌ده‌‌ستهێناوه‌‌.
 
 
5. گرنگیی نه‌‌دان به‌‌ به‌‌شه‌‌ پیشه‌‌ییه‌‌كان
وه‌‌ك باس ده‌‌كرێت، له‌‌ زانكۆی گه‌‌رمیان دا زۆر به‌ كه‌مى گرنگى به‌ به‌شه‌ پیشه‌ییه‌كان دراوه‌، ئه‌‌مه‌‌ش ئه‌‌گه‌‌ر به‌‌شێكى بۆ كه‌مى ستاف و تاقیگه‌ و ئامێرى تایبه‌‌تمه‌‌ند بگه‌‌ڕێته‌‌وه‌‌، به‌‌شه‌‌كه‌‌ى ترى په‌‌یوه‌‌سته‌‌ به‌‌ نه‌‌بونى پلانه‌‌وه‌‌.
د. یادگار عه‌لی،  ده‌ڵێت: هه‌مو ئه‌‌و  زانكۆ تایبه‌ت و حكومیانه‌ى كه‌ هه‌ن، ستافى پێویستیان بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌ش و وه‌رچه‌رخانه‌ نوێیه‌ ئاماده‌ نه‌‌كردوه‌‌ كه‌ له‌ ئێستادا هه‌‌یه‌‌.
وتیشى: به‌شێكى گه‌وره‌ى ئه‌و دۆخه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ زانكۆكان گرفتى به‌‌ڕێوه‌‌بردن و زانستییان هه‌یه‌، ته‌نها به‌ كردنه‌وه‌ى به‌شى نوێ نابنه‌ خاوه‌‌ن بونێكى كاریگه‌ر له‌ ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌رچواندا.
له‌‌به‌‌رامبه‌‌ردا سه‌‌رۆكى زانكۆی گه‌‌رمیان، باس له‌‌ بونى پرۆژه‌‌ ده‌‌كات له‌‌لایه‌‌ن زانكۆكه‌‌یانه‌‌وه‌‌ بۆ كردنه‌‌وه‌‌ى به‌‌شى نوێی زانستى.
د. فه‌رهاد قادر، وتى: پرۆپۆزه‌ڵى 6 به‌شى زانستى ئاماده‌یه‌ بۆ كردنه‌وه‌یان له‌ كۆلێژه‌‌كانى زانكۆدا، هه‌مو ئه‌و به‌شانه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى پێویستى ناوچه‌كه‌ و ره‌‌خساندنى هه‌لى كار بۆ خوێندكار ده‌كرێنه‌وه‌، هاوته‌ریب به‌ پێویستیه‌ زانستیه‌كانى سه‌‌رده‌م.
وتیشی: بۆنمونه‌ یه‌كێك له‌‌و به‌‌شانه‌‌ى به‌‌نیازین بیكه‌‌ینه‌‌وه‌‌،  ژمێریارییه‌، چونكه‌ بۆ هه‌لى كار له‌ بازاڕدا خواستى له‌سه‌ره‌، بۆ هه‌ر به‌شێكیش لێكۆڵینه‌‌وه‌‌ى ئابورى و زانستى كراوه‌.
 
6. ئه‌و به‌شانه‌ى له‌ نێو زانكۆ دان تاچه‌ند به‌پێى خواستى بازاڕن؟
به‌پێى به‌دواداچونێكى یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێى گه‌رمیان به‌شێكى زۆرى ئه‌و به‌شانه‌ى كه‌ له‌ نێو زانكۆى گه‌رمیاندا هه‌ن به‌پێى خواستى بازاڕ نیه‌، مامۆستایانیش ئه‌‌وه‌ پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌.
سامان  به‌همه‌ن، ده‌ڵێت: ئه‌و به‌شانه‌ى كه‌ له‌ نێو زانكۆكه‌دا هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى كه‌ به‌‌پێى ستاندارد و شوێنى جوگرافى و ئه‌و تێروانینه‌ زانستیانه‌ى كه‌ بۆ زانكۆ هه‌یه‌ نه‌‌كراوه‌، نه‌ك نابێت بكرێنه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت دابخرێن چونكه‌ زیاده‌ن.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: زانكۆى گه‌رمیان له‌ چاو زانكۆكانى تر تازه‌تره‌، كه‌چى ئه‌میش كه‌وتوه‌ته‌ ناو ئه‌و بێسه‌روبه‌رییه‌ى كه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ هيچ به‌رنامه‌یه‌كى نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌لى كار بۆ ده‌رچوانى بڕه‌خسێنێت.
«له‌م ساڵانه‌ى دوایدا زانكۆى گه‌رمیان كۆمه‌ڵێك به‌ش و كۆلێژى كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ پێویستى كۆمه‌ڵگه‌ و بازاڕدا یه‌كده‌گرێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كۆلێژى پزیشكى و به‌شیى ئه‌‌ندازیارى شارستانى، به‌ڵام گرفت لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌‌كپێویست پێداویستى و ستافى بۆ ئاماده‌ نه‌كراوه‌»، ئه‌مه‌ به‌پێى وته‌ى د.یادگار عه‌لى، مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان.
مامۆستایه‌كیش ده‌پرسێت: بازاڕ بونى هه‌یه‌ تاوه‌كو هه‌لى كار هه‌بێت بۆ ده‌رچوان؟
د. خالد فایه‌‌ق، مامۆستا له‌‌ زانكۆی گه‌‌رمیان، وتى: نه‌‌ له‌ عێراق ونه‌‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانیش ئه‌و به‌شانه‌ى كه‌ له‌ زانكۆ كراونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى پێویستى بازاڕ نه‌‌بون.
له‌‌باره‌‌ى زانكۆی گه‌‌رمیانیشه‌‌وه‌‌، چالاكوانێك پێیوایه‌‌ له‌‌ كردنه‌‌وه‌‌ى به‌‌شه‌‌كاندا ره‌‌چاوى پێویستیی ناوچه‌‌كه‌‌ نه‌‌كراوه‌‌.
سامان عه‌زیز، ده‌ڵێت: ئه‌و به‌شانه‌ى كه‌ هه‌ن له‌ زانكۆى گه‌رمیان به‌ پێى پێویستى و گه‌‌شه‌پێدانى ئابورى ناوچه‌كه‌ نه‌كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر هه‌مان شێوه‌ كلاسیكیه‌ كۆنه‌‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشتر هه‌بوه‌.
ده‌شڵێت: بۆ نمونه‌ به‌شى ئابورى به‌ هه‌مو لقه‌كانیه‌وه‌ گرنگه‌‌، كه‌‌چى لێره‌ نیه‌، كارگێڕى و دارایى گرنگه‌، ئه‌‌ویش نیه‌، ته‌كنه‌لۆژیاش ته‌نها له‌ به‌شى كۆمپیوته‌ر بچوك كراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ گرنگى به‌و به‌شانه‌ بدرێت كه‌ له‌گه‌ڵ خواستى بازاڕدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌ وه‌ك چۆن وڵاتان ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن. 
 
7. سه‌‌رۆكى زانكۆی گه‌‌رمیان: به‌‌شه‌‌كان به‌‌ زانستیانه‌‌ نه‌‌كراونه‌‌ته‌‌وه‌‌
سه‌‌رۆكى زانكۆی گه‌‌رمیان دان به‌‌وه‌‌دا ده‌‌نێت كه‌‌ زۆرینه‌‌ى ئه‌‌و به‌‌شانه‌‌ى له‌‌ زانكۆكه‌‌ كراونه‌‌ته‌‌وه‌‌، به‌‌ رێكارى زانستى نه‌‌كراونه‌‌ته‌‌وه‌‌.
د. فه‌رهاد قادر، وتى: كاتى خۆى كه‌ ئه‌و به‌شانه‌ كراونه‌ته‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌ و به‌ هۆكارى جیاواز بوه‌، به‌شێوه‌یه‌كى زانستى بڕیارى له‌سه‌ر نه‌دراوه‌ و زۆربه‌ى به‌شه‌كان دوباره‌‌ن، به‌تایبه‌ت به‌شه‌ زانستیه‌‌كان زۆر كه‌من، بۆیه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى هه‌‌ر به‌شێكى زانستى جگه‌ له‌ پێداویستى و تاقیگه‌ و بینا و هۆڵى تایبه‌ت، پێویستیت به‌ ستافێكى باشیش هه‌یه‌، له‌ گه‌رمیان و كوردستانیش زۆربه‌ى ئه‌و ستافانه‌ى كه‌ هه‌ن مامۆستاى به‌‌شه‌ مرۆییه‌كانن.
به‌‌وته‌‌ى سه‌رۆكى زانكۆى گه‌رمیان، له‌‌سه‌‌ره‌‌تاوه‌‌ ژماره‌ى ئه‌و مامۆستایانه‌ى كه‌ له‌ ناوچه‌‌كه‌‌ بڕوانامه‌‌ى دكتۆرا و ماسته‌ریان هه‌بوه‌‌، 10 مامۆستا بون، به‌ڵام ئێستا زانكۆى گه‌رمیان خاوه‌نى 404 مامۆستایه‌ كه‌   90%یان خه‌ڵكى گه‌رمیانن.
د. فه‌رهاد قادر، جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: ژماره‌ى ئه‌‌و مامۆستایانه‌ى زانكۆی گه‌‌رمیان له‌‌ به‌‌شه‌‌ زانستیه‌‌كان دا ماسته‌‌ر و دكتۆرایان هه‌یه‌ زۆر كه‌من، بۆیه‌ كه‌متر ئه‌و به‌‌شانه‌ش كراونه‌‌ته‌‌وه‌.
 
8. ئه‌‌رك و كارى زانكۆ پێویستى به‌ رێكخستنه‌وه‌یه‌
مامۆستایانى زانكۆی گه‌‌رمیان ئاماژه‌‌ به‌‌وه‌‌ده‌‌كه‌‌ن به‌شێوه‌یه‌كى گشتى زۆربه‌ى ئه‌و به‌شانه‌ى كه‌ له‌ نێو زانكۆكه‌‌یاندا هه‌‌ن كۆن و كلاسیكین، پێویستیان به‌‌ سه‌‌رله‌‌نوێ رێكخستنه‌‌وه‌‌یه‌‌.
د. یادگار عه‌لى، مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان، وتى: زۆربه‌ى به‌ش و كۆلێژه‌كان بون به‌ مه‌ڵبه‌ندى ده‌رچواندنى خوێندكار به‌بێ له‌پێش چاوگرتنى پێویستى كۆمه‌ڵگه‌ و بازاڕ، ئه‌‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى دروستكردنى وێنه‌یه‌ك بۆ بێبه‌ها پیشاندانى پرۆسه‌ى خوێندن، ده‌‌رچوانیشى نائومێد كردوه‌، ده‌‌بێت ئه‌‌م واقیعه‌‌ بگۆڕێت.
مامۆستایه‌‌كى دیكه‌‌ش هاوڕای ئه‌‌م بۆچونه‌‌یه‌‌، پێیوایه‌‌ شێوازى كارى زانكۆ له‌‌ هه‌‌رێم ته‌‌قلیدییه‌‌ «زانكۆ پێویستى به‌ گۆڕانكارى و رێكخستنه‌وه‌یه‌»، كه‌ریم مه‌دحه‌ت، مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان وای وت.
پێیشیوایه‌‌ به‌‌رپرسان و كه‌‌سانى یه‌‌كه‌‌مى زانكۆ ده‌‌توانن گۆڕانكاریی بكه‌‌ن، به‌‌ڵام وه‌‌كخۆی ده‌‌ڵێت «بێباكن»، ئه‌‌ویش به‌‌و به‌‌ڵگه‌‌یه‌‌ى كه‌‌ له‌‌م روه‌‌وه‌‌ كۆبونه‌‌وه‌‌ و كۆنفرانسیان له‌‌گه‌‌ڵ مامۆستایان ئه‌‌نجام نه‌‌داوه‌‌ بۆ دۆزینه‌‌وه‌‌ى چاره‌‌سه‌‌ر، به‌‌ڵكو ره‌‌خنه‌‌ له‌‌ وه‌‌زیری خوێندنى باڵاش ده‌‌گرێت كه‌‌ چاوی به‌‌ مامۆستایانى زانكۆ نه‌‌كه‌‌وتوه‌‌ و كۆنه‌‌بوه‌‌ته‌‌وه‌‌ له‌‌گه‌‌ڵیان.
چالاكوانێكیش باس له‌وه‌ ده‌كات زانكۆ پێویستى به‌ ڕیفۆرمێكه‌ له‌ ئاستى باڵا و بنه‌ڕه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رچویه‌ك كه‌ خوێندن ته‌واو ده‌كات پێویستى به‌ دامه‌زراندن نه‌بێت .
سامان عه‌زیز، چالاكوان و شاره‌زا له‌ كارگێڕیی، وتى: وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ناوه‌ندى پرسه‌كه‌یه‌، تاوه‌كو ئێستا وه‌زاره‌ت پلانێكى نه‌بوه‌، چونكه‌ ئه‌و به‌شانه‌ى كه‌ له‌ نێو زانكۆى گه‌رمیاندا هه‌ن ناتوانین بڵێن زیاده‌ن، به‌ڵام له‌ سه‌ر رێگه‌ كلاسیكیه‌ كۆنه‌كه‌ به‌‌رده‌وامن.
وتیشی: زانكۆ پێویستى به‌ ڕیفۆرمێكه‌ له‌ ئاستى باڵا و بنه‌ڕه‌ت بۆ ئه‌مه‌ش پلانێكى نیه‌ تاوه‌كو ئێستا، چونكه‌‌ له‌ گه‌رمیان رێژه‌ى بێكارى گه‌شتوه‌ته‌ سه‌روى %15 به‌شێكى زۆرى ئه‌وه‌ش ده‌رچوى زانكۆن.
 
9. خاوه‌نكاره‌كان: ده‌‌رچوانى زانكۆ دور له‌‌ پسپۆڕیی خۆیان لامان كارده‌‌كه‌‌ن
به‌شێكى خاوه‌نكاره‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن رێژه‌‌یه‌‌ك له‌‌ كارمه‌نده‌‌كانیان ده‌رچوى زانكۆن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى مایه‌ى تێبینیه‌ كه‌ زۆرینه‌‌یان به‌پێى پسپۆڕى خۆیان كاریان ده‌ستنه‌‌كه‌وتوه‌، به‌ڵكو ئه‌و كاره‌ى كه‌ ده‌یكه‌ن له‌گه‌ڵ پسپۆڕیه‌كه‌یان یه‌ك ناگرێته‌وه‌.
ئارام ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى بازاڕى سۆران له‌‌ كه‌‌لار، باس له‌وه‌ ده‌كات: بنه‌ماى وه‌‌رگرتنى كارمه‌‌ند له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكى دیكه‌ جیاوازه‌، سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنى كارمه‌ند لاى ئێمه‌ خاڵى یه‌كه‌م له‌ سه‌ر بنه‌ماى تواناى گشتى و كه‌سایه‌تى كه‌سه‌كه‌‌یه‌‌.
وتیشى: بڕوانامه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ ئیجابیه‌كان بۆ ئێمه‌، ئه‌گه‌ر نه‌شبێت كێشه‌‌ نیه‌‌، به‌‌ڵام مه‌‌رجه‌ خوێنده‌وار بێت.
سه‌باره‌ت به‌‌وه‌‌ى وه‌رگرتنى كارمه‌ند له‌ سه‌ر بنه‌ماى پسپۆڕییه‌كان تا چه‌ند گرنگه‌ بۆ كاره‌‌كه‌‌یان، به‌ڕێوبه‌رى بازاڕى سۆران وتی: به‌شێكى زۆرى كارمه‌نده‌كانمان ده‌رچوى زانكۆن، به‌ نيسبه‌ت پسپۆڕییه‌كانه‌وه‌ بۆ هه‌ندێك به‌ش و كار گرنگیمان پێداوه‌، بۆ هه‌‌ندێكیش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، بۆ نمونه‌ ئێمه‌ وه‌ك خۆمان گرنگیمان به‌ پسپۆڕى بوارى كۆمپیوته‌ر داوه‌.
خاوه‌نى كارگه‌یه‌ك باس له‌وه‌ ده‌كات به‌شێكى زۆرى كارمه‌نده‌كانى ده‌رچوى زانكۆن، به‌‌ڵام رێژه‌‌یه‌‌كى كه‌‌میان له‌‌سه‌‌ر بنه‌‌ماى پسپۆڕی وه‌‌رگیراون.
هيوا محه‌مه‌د، خاوه‌نى كارگه‌ى چیاو له‌ كه‌لار، ده‌ڵێت: ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ لێره‌ كارده‌كه‌ن زیاتر له‌ 55%یان  ده‌رچوى زانكۆن، %10ى كارمه‌‌نده‌‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌ماى پسپۆڕى وه‌‌رگیراون، بۆ نمونه‌ ده‌رچوى پسپۆڕى بازرگانى و ژمیریارى و كاره‌با و خۆراك و تاقیگه‌ن، ئه‌و رێژه‌كه‌ى كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى كۆمه‌ڵایه‌تى و كه‌سى و دۆخى ئابورى وه‌رگیراون نه‌ك پسپۆڕى.
له‌ سنورى گه‌رمیان رێژه‌یه‌كى زۆرى ده‌رچوى كۆلێژى كشتوكاڵى هه‌یه‌، به‌ڵام به‌پێى به‌دواداچونێكى یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێى گه‌رمیان رێژه‌یه‌كى كه‌مى ئه‌و ده‌‌رچوانه‌ له‌‌ پرۆژه‌‌كانى ئه‌‌م بواره‌‌دا كارده‌‌كه‌‌ن.
سه‌لام ئیبراهیم، خاوه‌نى مه‌شته‌لى گوڵ و دار له‌ كه‌لار، وتى: خودى خۆم هيچ پسپۆرییه‌كم له‌ كاره‌كه‌م نیه‌، به‌پێى ئه‌زمون فێرى ئه‌وه‌بوم، ئه‌وانه‌شى له‌لام كار ده‌كه‌ن ده‌رچوى كۆلێژى كشتوكاڵى نین، نه‌بوه‌ ده‌رچویه‌كى ئه‌و كۆلێژه‌ش بێته‌ لامان و كار بكات، ته‌نها یه‌ك كه‌سمان هه‌یه‌ مه‌‌شته‌لى هه‌یه‌ لێره‌ و ده‌رچوى كشتوكاڵه‌.
 
10. به‌دواداچون بۆ كارى ده‌رچوانى زانكۆ ناكرێت
مامۆستایان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا نه‌بوه‌ زانكۆى گه‌رمیان به‌دواداچون بكات بۆ ئه‌وه‌ى بزانرێت ئه‌و ده‌رچوانه‌ى كه‌ له‌ زانكۆكه‌دا خوێندویانه‌ بون به‌ خاوه‌نى كارى خۆیان یاخود نا.
كه‌ریم مه‌دحه‌ت، مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان، هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات: زانكۆى گه‌رمیان خه‌مى ئه‌وه‌ى نیه‌ خوێندن له‌ نێو زانكۆكه‌دا چۆنه‌ چ جاى بگات به‌وه‌ى كه‌‌ ده‌‌رده‌‌چێت چى لێ به‌سه‌ردێت!
سامان به‌همه‌ن، وتى: ئه‌وه‌ى رۆژانه‌ ده‌یبینین كه‌ ده‌رچویه‌كى زۆر دێته‌ سه‌ر شه‌قام و ده‌‌چنه‌ به‌رده‌م داموده‌زگا حكومیه‌كان و داواى هه‌لى كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كار نه‌كراوه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رچوان كاریان هه‌بێت بۆ ده‌چنه‌ سه‌ر شه‌قام بۆ داواكردنى كار؟!
ئه‌‌م گرفته‌‌ و زۆربه‌‌ى گرفته‌‌كانى دیكه‌‌ش وه‌‌ك مامۆستایه‌‌كى زانكۆ باسی لێوه‌‌ده‌‌كات، تایبه‌‌ت نیه‌‌ به‌‌ زانكۆی گه‌‌رمیان، ته‌‌نانه‌‌ت خودی مامۆستاكانیش لۆمه‌‌ى خۆیان ده‌‌كه‌‌ن له‌‌و روه‌‌وه‌‌.
«نه‌ك له‌ زانكۆى گه‌رمیان، به‌ڵكو له‌ كوردستانیش به‌دواداچون نیه‌ بۆ ده‌رچوان كه‌ بون به‌ خاوه‌نى كارى خۆیان یاخود نا، به‌ خودى خۆشمه‌وه‌ له‌ ده‌رچویه‌كى خۆمم نه‌پرسیوه‌ تا چه‌ند كارى ده‌ست كه‌وتوه‌‌». د. عه‌دنان مه‌حمود، مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان واى وت.
به‌‌ڵام له‌‌ زانكۆكانى جیهان، ئه‌‌م به‌‌دواداچونه‌‌ هه‌‌یه‌‌ و بگره‌‌ پێویستیشه‌‌.
سامان عه‌زیز، چالاكوان له‌ گه‌رمیان، وتى: له‌ زانكۆكانى جیهان داتابه‌یسى تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ و ناوى ده‌رچوانى زانكۆى تێدا تۆمار ده‌كرێت، له‌ دوای ساڵێك بۆ دوساڵ په‌یوه‌ندیان پێوه‌ ده‌كرێت تاوه‌كو بزانرێت تا چه‌ند ده‌رچوان بون به‌ خاوه‌نى كارى خۆیان و ئه‌و پسپۆڕییه‌ى كه‌ خوێندویانه‌ تا چه‌ند سودیان لێبینیوه‌ بۆ كار.
وتیشی: خۆم له‌ ده‌ره‌وه‌ خوێندومه‌، له‌لایه‌ن زانكۆكه‌مه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم پێوه‌كرا كه‌ بزانن كارم ده‌ست كه‌وتوه‌ یاخود نا.
باسی له‌‌وه‌‌شكرد زانكۆكانى جیهان وێبسایتى تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ ساڵانه‌ ئاماره‌كانیان راده‌گه‌یه‌نن كه‌ چه‌ند ده‌رچویان بون به‌ خاوه‌نى كار.
د. فه‌رهاد قادر، سه‌رۆكى زانكۆى گه‌رمیان، له‌‌باره‌‌ى ئه‌‌م پرسه‌‌وه‌‌ وتى: سیسته‌مى داتابه‌یسمان نیه‌‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خوێندكار كه‌ ده‌رده‌چێت هيچ په‌یوه‌ندیه‌كى به‌ زانكۆوه‌ نامێنێت، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى خه‌‌ڵكى ده‌ره‌وه‌ى شارن و لێره‌ ده‌خوێنن، ئێمه‌ ناتوانین چاودێریان بكه‌ین كه‌ تاچه‌ند بون به‌ خاوه‌نى كار.
 
11. خولى راهێنانى تواناكان بۆ فێرخوازان ده‌كرێته‌وه‌
 چه‌‌ند ساڵێكه‌‌ خولى راهێنانى تواناكان له‌ زانكۆكانى كوردستان ده‌كرێته‌وه‌، زانكۆى گه‌‌رمیانیش گرنگى به‌م راهێنانه‌ داوه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ى 2 مانگ خولى تایبه‌ت به‌ ده‌رچوانى زانكۆ له‌ سنورى گه‌رمیان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ تێیدا ده‌رچوان له‌‌ ناوه‌‌ند و شوێنكاره‌‌ ئه‌‌هلیه‌‌كان راده‌هێنرێن به‌مه‌به‌‌ستى دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كار.
دریڤان جەلال، بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار له‌‌ زانكۆی گه‌‌رمیان، ده‌‌ڵێت: ئامانجى ئه‌م سه‌نته‌ره‌ بەستنەوەی زانکۆیه‌ بە بازاڕی کار بەمەبەستی بەدەستخستنی دەرفەتی راهێنان لەشوێنی کار بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی خوێندکارانی زانکۆ و زەمینەسازی بۆ پراکتیزەکردنی ئەو زانیارییانەی کە فێری دەبن لەناو هۆڵەکانی خوێندن بەشێوەی تیۆری.
به‌پێى ئامارێكى سەنتەری گەشەپێدان بۆ کاری زانکۆی گەرمیان، له‌ ماوه‌ى 3 ساڵى رابردو زیاتر له‌ 300 فێرخواز سودمه‌ند بون له‌و راهێنانه‌ى كه‌ كراونه‌ته‌وه‌.
دریڤان جه‌‌لال، وتى: لەخولی ئێستای پرۆگرامەکەدا (2020-2021) دا زیاتر له‌‌ 140 فێرخواز لەپرۆسەی راهێنانن لەشوێنی کارەکانیان.
به‌پێى راپرسییەکی رێکخراوی (IREX)ی ئەمریکی بۆ سەرجەم بەشداربووانی پرۆگرامی راهێنانی تواناکان، دەرکەوت کە سەروی ٩٠%ـی بەشداربوان گۆڕانکاری ئەرێنی بەسەر بیروباوەڕیان هاتوه‌ له‌ رێگه‌ى كردنه‌وه‌ى ئه‌و راهێنانه‌.
مه‌ریه‌م خالد، قۆناغى چواره‌م له‌ به‌شى جوگرافیا، ئه‌‌مساڵ به‌‌شداریی له‌‌م راهێنانه‌‌دا كردوه‌‌، وه‌‌كخۆی ده‌‌ڵێت: ئه‌م راهێنانه‌ سودى ده‌بێت بۆ ده‌ستكه‌وتنى كار، چونكه‌ من وه‌‌ك خۆم به‌شداربوم له‌ راهێنانه‌كه‌ بۆ كارى راگه‌یاندن و به‌شه‌كه‌شم وه‌كپێویست له‌ كه‌‌رتى تایبه‌ت كارم ده‌ست ناكه‌وێت، ئه‌م راهێنانه‌ بو به‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى كه‌ قۆناغى چواره‌‌مم ته‌واو كرد بتوانم كاربكه‌م له‌و بواره‌دا.
به‌هه‌مان شێوه‌، كه‌وسه‌ر سۆران، ده‌رچوى به‌شى كوردى له‌ زانكۆى گه‌رمیان و یه‌‌كێك له‌به‌شدارانى خولى راهێنانى تواناكان، وتى: ئامانج له‌‌ راهێنانى ده‌رچوان‌ بۆ دۆزینه‌‌وه‌‌ى هه‌لى كاره و بروانامه‌ى تایبه‌تمان پێده‌درێت له‌سه‌ر ئه‌و خوله‌ كه‌ به‌ تیۆرى و پراكتیكى راهێنراوین.
 
12. به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ك راهێنان به‌ فێرخوازانى زانكۆ ده‌كات
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كار و راهێنانى پیشه‌ى له‌ گه‌رمیان له‌ ساڵى 2012 تاوه‌كو ساڵى 2021 له‌ گه‌رمیان 1496 كه‌س راهێنراون كه‌ به‌شێكیان خوێندكارى ده‌رچوى زانكۆ و په‌یمانگاكان بون.
كاوه‌ جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كار و راهێنانى پیشه‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: «ئێمه‌ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان هۆبه‌یكمان هه‌یه‌ به‌ناوى راهێنان كه‌ 15 وه‌رشه‌ و پیشەی جیاواز له‌ خۆ ده‌گرێت و وه‌رشه‌كانیش جۆراوجۆرن، بۆ هه‌ر وه‌رشه‌یه‌كیش خولى به‌رده‌وامى هه‌یه‌ و جارى واهه‌یه‌ خوله‌كان ده‌گاته‌ 45 رۆژ».
وتیشى: رێژه‌یه‌كى به‌رچاوى ده‌رچوى زانكۆ و په‌یمانگاكان دێنه‌ لامان به‌ كۆى گشتى ده‌گاته‌ %50، بۆ هه‌ر وه‌رشه‌یه‌كیش جیاوازه‌، هاوكات لیژنه‌ى تایبه‌تیشمان هه‌یه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى كار له‌ رێگه‌ى كۆمپانیاكانه‌وه‌ كه‌ كارمه‌ند وه‌رده‌گرن.
 
13. مامۆستایه‌ك: ده‌‌بێت خوێندكار له‌ ناو زانكۆ رابهێنرێت
مامۆستایه‌كى زانكۆی گه‌‌رمیان ده‌ڵێت: پڕۆژه‌م پێشكه‌ش كرد له‌ نێو زانكۆ به‌و پێداویستى و بینايانه‌ى كه‌ هه‌یه‌ فێرخواز به‌ پراكتیكى رابهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت له‌ بازاڕ هه‌لى كارى بۆ ئاسانتر ببێت، به‌ڵام گرنگى به‌‌ بیرۆكه‌‌كه‌‌ى نه‌‌درا.
د. خالد فایه‌‌ق، وتى: له‌‌  نێو زانكۆ سه‌نته‌ر هه‌یه‌، به‌ڵام رێژه‌یه‌كى كه‌مى خوێندكار لێى سودمه‌ند بون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پراكتیكى نیه‌، ئه‌گه‌ر پراكتیكى بێت ئه‌وه‌ بۆت رون ده‌‌بێته‌‌وه‌‌ چ به‌شێك گرنگه‌ له‌ بازاڕدا.
ده‌شڵێت: له‌ ئێستادا كارگه‌یه‌كى سابونم كردوه‌ته‌وه‌ سه‌ربه‌خۆ له‌ گه‌رمیان، ده‌رچوى زانكۆ كارى تێده‌كه‌ن له‌ به‌شى كیمیا، پلانى ئه‌وه‌شم هه‌یه‌ گه‌وره‌ترى بكه‌م و ببێت به‌ جێگه‌یه‌ك بۆ خوێندكارانى زانكۆ كه‌ بێن و به‌ پراكتیكى بابه‌ته‌كه‌ ببین.  
 
14. به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵى گه‌رمیان: ته‌نها یه‌ك پڕۆژه‌ى ده‌رچوانى زانكۆ هه‌یه‌ له‌ سنوره‌كه‌
به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كات له‌ سنورى گه‌رمیان ته‌نها یه‌ك پرۆژه‌ به‌ فه‌رمى هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌رچوانى زانكۆوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
شادیه‌ حسێن، وتى: له‌ گه‌رمیان ته‌نها یه‌ك پرۆژه‌ لاى ئێمه‌یه‌ و مۆڵه‌تى هه‌یه‌ و ده‌‌رچوى زانكۆ به‌ڕێوه‌ى ده‌بات ئه‌ویش كارگه‌ى دروستكردنى سابونى قه‌ڵایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پرۆژه‌یه‌كى دیكه‌ هه‌یه‌ ده‌رچوى كولێژى كشتوكاڵیه‌ پرۆژه‌ى به‌خێوكردنى قازه‌، به‌ڵام مۆڵه‌تیان نیه‌، ئێمه‌ وه‌ك خۆمان ته‌نها هاوكاریان بوین له‌ كاره‌كانیان و رێنمایمان پێداون.
وتیشى: 2 پرۆژه‌ى دیكه‌ هه‌یه‌ وه‌ك به‌رێوبه‌رایه‌تیمان مۆڵه‌تمان داوه‌ و له‌ كاردان هێشتا ته‌واو نه‌بون، ئه‌ویش: پرۆژه‌ى كارگه‌ى قارچك و پرۆژه‌ى به‌خێوكردنى مانگایه‌ كه‌ ده‌‌بێت ده‌رچوى كۆلێژى كشتوكاڵى سه‌رپه‌رشتى بكات و به‌ڕێوه‌ى ببات.
سه‌باره‌ت به‌ بونى پڕۆژه‌ى تایبه‌ت به‌ خۆیان كه‌ تا چه‌ند كارمه‌ندى ده‌رچوى كۆلێژى كشتوكاڵى به‌ڕێوه‌ى ده‌بات، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: خۆمان 2 نوسینگه‌ى تایبه‌تمان هه‌یه‌ به‌ فرۆشتنى به‌روبومى كشتوكاڵى، ده‌رچوى كۆلێژى كشتوكاڵى به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پڕۆژه‌ى كشتوكاڵى بۆ ناوچه‌ى گه‌‌رمیان نوێیه‌، به‌رهه‌مه‌كانى له‌ ساڵانى داهاتو ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كه‌رتى تایبه‌ت كارى تێدا ده‌كات. 
 
١٥.  بۆچی ئه‌‌و به‌‌شانه‌‌ ناكرێته‌‌وه‌‌ كه‌‌ بۆ بازاڕ گرنگن؟
ئه‌و به‌شانه‌ى كه‌ له‌ كۆلێژه‌كانى زانكۆى گه‌رمیان هه‌ن به‌پێى وته‌ى مامۆستایان و فێرخوازانیش كۆن و كلاسیكین، تاوه‌كو ئێستا هه‌نگاو نه‌نراوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌‌شانه‌‌ى كه‌ له‌ بازاڕدا ده‌رفه‌تى كارى هه‌یه‌ بۆ ده‌رچوان.
د. سامان محه‌مه‌د، راگرى كۆلێژى پزیشكى له‌ زانكۆى گه‌رمیان، وتى: كۆلێژى ئێمه‌ نوێیه‌ و هێشتا ده‌رچوى زانكۆمان نیه‌، له‌لایه‌ن فێرخوازه‌وه‌ خواستى زۆرى له‌سه‌ره‌ جیاواز له‌ كۆلێژ و به‌شه‌كانى دیكه‌، خوێندكار زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌‌یه‌‌ بگات به‌و به‌شانه‌.
جه‌‌ختیشیكرده‌‌وه‌‌: كۆلێژی پزیشكى كۆلێژێكى زۆر گرنگه‌ بۆ ناوچه‌ى گه‌رمیان.
ئه‌‌مه‌‌ش له‌‌كاتێكدایه‌‌ به‌‌هۆی نه‌‌بونى مامۆستای پێویسته‌‌وه‌‌، مه‌‌ترسی هه‌‌یه‌‌ ئه‌‌م كۆلێژه‌‌ بۆ ساڵی نوێی خوێندن فێرخواز وه‌‌رنه‌‌گرێت.
راگرى كۆلێژه‌كان له‌ زانكۆى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن پلان و پرۆپۆزه‌ڵى خۆیان پێشكه‌ش كردوه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك پسپۆڕى نوێ كه‌ له‌ زانكۆكه‌دا بكرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى نه‌‌بونى ستاف و قه‌یرانى داراییه‌‌وه‌‌، تاوه‌كو ئێستا به‌ ئه‌نجام نه‌‌گه‌‌شتون.
د. محه‌مه‌د ئیبراهیم، راگرى كۆلێژى ئه‌ندازیارییه‌ كشتوكاڵیه‌كان له‌ قه‌زاى كفرى، وتى: پلانى ئه‌وه‌مان ئاماده‌كردوه‌ و پرۆپۆزه‌ڵمان بۆكردنه‌‌وه‌‌ى به‌شه‌كانى: (به‌بیابان بون و ئابورى كشتوكاڵى) پێشکەشکردوە و ئامانجه‌كه‌ش به‌ستنه‌وه‌یانه‌ به‌ بازاڕه‌وه‌ و سودى بۆ ده‌‌رچوان ده‌بێت.
هاوكات، د.كۆمار نیعمه‌ت، راگرى كۆلێژى په‌روه‌رده‌ى بنه‌ڕه‌ت له‌ زانكۆى گه‌رمیان، باسی له‌‌وه‌‌كرد ئه‌‌گه‌‌رچی ده‌‌یانه‌‌وێت به‌‌شه‌‌كانى: (په‌‌روه‌‌رده‌‌ى بنه‌‌ڕه‌‌ت و كۆمپیوته‌‌ر) بكه‌‌نه‌‌وه‌‌، به‌‌ڵام به‌‌وپێیه‌‌ى رێنماییه‌كان قورسن به‌جۆرێك هه‌ر به‌‌شێكى نوێ ده‌‌بێت 7 مامۆستاى پسپۆڕی هه‌بێت، تاكو ئێستا نه‌‌كراونه‌‌ته‌‌وه‌‌.
به‌‌هه‌مانشێوه‌‌ به‌‌ش و كۆلێژه‌‌كان پلانی ئه‌‌وه‌‌یان هه‌‌یه‌‌ به‌‌شى جیاواز بكه‌‌نه‌‌وه‌‌، به‌‌تایبه‌‌تى ئه‌‌وانه‌‌ى كه‌‌ بۆ بازاڕ گرنگن، به‌‌ڵام به‌‌هۆكارى جیاواز نه‌‌كراونه‌‌ته‌‌وه‌‌.
 
16. گرفتى نه‌‌بونى سه‌نته‌رى گه‌شه‌پێدانى كار و پیشه‌یی 
له‌ وڵاتانى پێشكه‌وتو سه‌نته‌رى گه‌شه‌پێدانى كار و پیشه‌ى هه‌یه‌، كه‌ خوێندكارێك خوێندن ته‌واو ده‌كات له‌ زانكۆ ناوى تۆمارده‌كرێت له‌و سه‌نته‌ره‌دا، راهێنانى دورمه‌‌ودایان پێده‌كرێت كه‌ له‌ 6 مانگه‌وه‌ بۆ ساڵێك و شه‌ش مانگ ده‌ست پێده‌كات.
سامان عه‌زیز، چالاكوان له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت: ئه‌و سه‌نته‌ره‌ له‌ كوردستان گرنگى پێنه‌‌دراوه‌، چونكه‌ حكومه‌تى هه‌رێم پاڵپشتى مادى ناكات، بۆ نمونه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى قه‌‌رزى بچوك هه‌بو كه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌رچوى خسته‌ كاره‌وه‌، كه‌چى ئه‌ویش راگیراوه‌ به‌ پاساوى قه‌یرانى دارایی.
وتیشى: له‌ ئێستا ته‌نها ته‌ركیز له‌سه‌ر خولى درومانى و سه‌رتاشییه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش رێژه‌‌یه‌‌كى زۆرى هاوڵاتى و ده‌رچو خه‌ریكى ئه‌م كاره‌ن.
سه‌‌رۆكى زانكۆی گه‌‌رمیان، باس له‌‌وه‌‌ده‌‌كات سه‌‌نته‌‌ری هاوشێوه‌‌ له‌‌لایان هه‌‌یه‌‌.
د. فه‌رهاد قادر، وتى:  له‌ زانكۆ ماوه‌‌ى 3 ساڵه‌‌  سه‌نته‌رى گه‌شه‌پێدانى كارمان هه‌‌یه‌‌، له‌‌م ماوه‌‌یه‌‌دا 31 كه‌س كه‌‌ راهێنانیان لای ئێمه‌‌ كردوه‌‌ له‌‌م سه‌‌نته‌‌ره‌‌دا، بون به‌ خاوه‌نى كارى خۆیان.
 
17. دان نه‌نان به‌ زانكۆى گه‌رمیاندا رێگره‌ له‌ كردنه‌وه‌ى به‌شى نوێ
له‌ ساڵى 2010ـه‌وه‌ زانكۆى گه‌رمیان كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ دان به‌و زانكۆیه‌دا نه‌نراوه، ئه‌گه‌رچى باس له‌وه‌ ده‌كرێت كاره‌كانى قۆناغى باشى بڕیوه‌.
سه‌‌رۆكى زانكۆی گه‌‌رمیان باس له‌‌وه‌‌ده‌‌كات، كێشه‌‌ى دانپێنان به‌‌ زانكۆی گه‌‌رمیان له‌‌لایه‌‌ن وه‌‌زاره‌‌تى خوێندنى باڵای عێراقه‌‌وه‌‌، هۆكاره‌‌ بۆ نه‌‌كردنه‌‌وه‌‌ى به‌‌شى نوێ.
د. فه‌رهاد قادر، سه‌رۆكى زانكۆى گه‌رمیان، وتى: وه‌ك سه‌رۆكایه‌تى زانكۆ و وه‌‌زاره‌‌تى خوێندنى باڵاش پلانمان هه‌یه‌ كۆلێژ و به‌شه‌كان له‌ زانكۆ رێك بخه‌ینه‌وه‌، به‌‌ڵام ده‌بێت چاوه‌ڕوانى دانپێدانانى زانكۆى گه‌رمیان بكه‌ین له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌، چونكه‌ تاوه‌كو ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ته‌واو نه‌بێت نه‌ ده‌توانین به‌شى نوێ بكه‌ینه‌وه‌ و‌ نه‌ ده‌‌توانین به‌شى كۆن لابده‌ین.
وتیشى: به‌ نوسراوى فه‌رمى بۆمان هاتوه‌ كه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌بین و نابێت گۆڕانكارى بكه‌ین.
 
18. نوسینگه‌ى قه‌رزى بچوكى گه‌‌رمیان:  40%ى سودمه‌ندبوان ده‌رچوى زانكۆن
حكومه‌‌تى هه‌‌رێم پێش هاتنى قه‌‌یرانى دارایی، پرۆژه‌‌یه‌‌كى به‌‌ناوى قه‌‌رزی بچوك راگه‌‌یاندبو، كه‌‌ پاره‌‌ى بۆ ئه‌‌نجامدانى پرۆژه‌‌ به‌‌ گه‌‌نجان ده‌‌دا و دواتر به‌‌ قیست پاره‌‌كانى لێوه‌‌رده‌‌گرتنه‌‌وه‌‌.
ئه‌‌م پرۆژه‌‌یه‌‌ وه‌‌ك به‌ڕێوبه‌رى نوسینگه‌ى قه‌رزى بچوك له‌ گه‌رمیان باسی لێوه‌‌ده‌‌كات، به‌ فه‌رمانێكى زاره‌كى وه‌زیرى دارایی له‌ دواى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ راگیراوه‌.
ئارام كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى نوسینگه‌ى قه‌رزى بچوك له‌ گه‌رمیان، له‌‌باره‌‌ى سودمه‌‌ندبونى ده‌‌رچوانى زانكۆ له‌‌ پرۆژه‌‌كه‌‌، وتى: ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى كه‌ سودمه‌ندبون له‌ قه‌رزى بچوك و بون به‌ خاوه‌نى پڕۆژه‌ى خۆیان و كاریان كردوه‌، 40%یان ده‌رچوى زانكۆ بون.
 
19. چی بكرێت؟ 
به‌شێك له‌ مامۆستایان پێیانوایه‌ پێویسته‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بۆ ئه‌وه‌ى هه‌لى كار له‌ بازاڕدا بڕخسێنێت بۆ ده‌رچوانى، كۆنفرانسى تایبه‌ت به‌و پرسه‌ رێكبخرێت له‌گه‌ڵ زانكۆ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، گرنگى به‌و به‌شانه‌ش بدات كه‌ هه‌لى كار له‌ بازاڕدا ده‌ڕه‌خسێنن، هاوكات ده‌ستى حزبیش به‌ نێو زانكۆكان دوربخرێته‌وه‌.
د. یادگار عه‌لى، مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: یه‌كێك له‌ رێگه‌چاره‌‌كان كاركردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى حكومه‌تى عێراق دان به‌ زانكۆى گه‌رمیاندا بنێت، ئه‌‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌مه‌به‌ستى زانینى پێداویستى راسته‌‌قینه‌‌ى بازاڕ و ده‌‌ست بردن بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌ش و پسپۆڕیانه‌ى كه‌ له‌ بازاڕدا پێویستن.
وتیشى: به‌ستنى كۆنگره‌ و كۆنفرانسى تایبه‌ت به‌و پرسه‌ و داڕشتنه‌وه‌ى پلان و به‌‌رنامه‌‌ى تۆكمه‌ به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ بازاڕدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دورخستنه‌وه‌ى ده‌ستى حزب له‌ نێو زانكۆكان و دورخستنه‌وه‌ى ده‌ستى شه‌خسى و دانانى كه‌سى پسپۆڕ و لێهاتو له‌ بواره‌كه‌دا.
مامۆستایه‌كى زانكۆی گه‌‌رمیانیش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌نته‌رى تایبه‌ت به‌ راهێنان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كان بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌شی كه‌‌ ده‌رچوان ببن به‌ خاوه‌نى كارى خۆیان، ته‌‌نها پشت به‌ بڕوانامه‌ى ئه‌كادیمى نه‌به‌سترێت.
د. عه‌دنان مه‌حمود، باسى له‌وه‌كرد: «پێویسته‌ حكومه‌ت بازاڕ رێكبخاته‌وه‌، هه‌‌روه‌‌ك به‌‌شه‌‌كانى زانكۆش رێكبخرێنه‌وه‌ و به‌شى نوێ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ بازاڕدا یه‌كبگرێته‌وه‌.
«پێویسته‌ گرنگى به‌و به‌شانه‌ بدرێت كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ ته‌ندروستى و ئاسایشى خۆراكه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ جۆریك زیاتر گرنگى به‌ كۆلێژى كشتوكاڵ بدرێت و به‌شه‌كانى به‌روبومى كێڵگه‌یی و پیشه‌سازى خۆراك بكرێته‌‌وه‌‌، له‌‌پاڵ كردنه‌‌وه‌‌ى كۆلێژى نوێ وه‌‌كو:  كارگێڕى و ئابورى، چونكه‌ ئه‌و به‌ش و كۆلێژانه‌ هه‌لى كاریان زیاتره‌ له‌ بازاڕدا». د. خالد فایه‌‌ق، مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان واى وت.
 
به‌شى دوه‌م: دەرئەنجام و راسپاردەکان
یه‌كه‌م: دەرئەنجامەکان
1. خوێندنى زانكۆیی له‌‌ گرفت ئه‌‌گه‌‌ر نه‌‌ڵێین له‌‌ قه‌‌یرانێكى گه‌‌وره‌‌ دایه‌‌، له‌‌و روه‌‌وه‌‌ى كه‌‌ په‌‌یوه‌‌سته‌‌ به‌‌ گه‌‌یشتنى فێرخواز به‌‌ هه‌‌لی كاری گونجاو پاش ده‌‌رچونى له‌‌ زانكۆ، چونكه‌‌ زۆربه‌‌یان وه‌‌ك له‌‌ راپۆرته‌‌كه‌‌دا رونكراوه‌‌ته‌‌وه‌‌، روبه‌‌ڕوى نه‌‌بونى ده‌‌رفه‌‌تى كار ده‌‌بنه‌‌وه‌‌، ئه‌‌وانه‌‌شى كه‌‌ كاریان ده‌‌ستده‌‌كه‌‌وێت، به‌‌زۆری له‌‌ بواری پسپۆڕێتى زانكۆیاندا نیه‌‌.
 
2. به‌‌وته‌‌ى سه‌‌رۆكى زانكۆی گه‌‌رمیان، نیوه‌‌ی ده‌‌رچوانى زانكۆ بون به‌‌ خاوه‌‌نى كار، ئه‌‌گه‌‌رچی ئاماژه‌‌ى به‌‌وه‌‌نه‌‌دا كه‌‌ به‌‌پشت به‌‌ستن به‌‌ چ توێژینه‌‌وه‌‌ و روپێویه‌‌ك ئه‌‌م ئه‌‌نجامه‌‌یان ده‌‌ستكه‌‌وتوه‌‌، به‌‌ڵام هێشتا رێژه‌‌كه‌‌ زۆر كه‌‌مه‌‌ و ده‌‌رخه‌‌رى گه‌‌وره‌‌یی ئه‌‌و كێشه‌‌یه‌‌یه‌‌ كه‌‌ ده‌‌رچوانى زانكۆ روبه‌‌ڕوى ده‌‌بنه‌‌وه‌‌، به‌‌وه‌‌ى له‌‌ باشترین حاڵه‌‌تدا نیوه‌‌یان به‌‌ بێ بونى كار ده‌‌مێننه‌‌وه‌‌.
 
3. وه‌‌ك ده‌‌رده‌‌كه‌‌وێت، به‌‌شی زۆری ئه‌‌و به‌‌شانه‌‌ى كه‌‌ هه‌‌ن، كادیرێك پێده‌‌گه‌‌یه‌‌نن كه‌‌ بۆ فه‌‌رمانگه‌‌ى حكومیی ده‌‌ست بده‌‌ن نه‌‌ك بازاڕ، به‌‌شى زۆری ئه‌‌و به‌‌ش و كۆلێژانه‌‌شى هه‌‌ن، ده‌‌رچوه‌‌كانى ده‌‌بن به‌‌ مامۆستا، به‌‌ڵام له‌‌ ئه‌‌رزی واقیع دا حكومه‌‌ت دامه‌‌زراندنى راگرتوه‌‌ و ئه‌‌وه‌‌نده‌‌ هه‌‌لی كارى راسته‌‌قینه‌‌ كه‌‌ ته‌‌ریب بێت به‌‌ بڕوانامه‌‌ و پسپۆڕێتیه‌‌كه‌‌یان، بۆ ئه‌‌و ده‌‌رچوانه‌‌ ده‌‌سته‌‌به‌‌ر نابێت.
 
4. هۆكارى ئه‌‌م كێشه‌‌یه‌‌ په‌‌یوه‌‌سته‌‌ به‌‌ زۆر بوار و زۆر لایه‌‌نیش لێی به‌‌رپرسن، له‌‌لایه‌‌ك بازاڕ رێكنه‌‌خراوه‌‌ته‌‌وه‌‌ و به‌‌شى زۆریش ئه‌‌كتیڤ نیه‌‌، یان ئه‌‌كتیڤێكه‌‌یشی به‌‌ یاسا و رێكارى زانستی نه‌‌خراوه‌‌ته‌‌ چوارچێوه‌‌وه‌‌، له‌‌لایه‌‌كى تریشه‌‌وه‌‌ به‌‌ش و كۆلێژه‌‌كان به‌‌بێ بونى بنه‌‌ماى زانستی كراونه‌‌ته‌‌وه‌‌، له‌‌لایه‌‌كى دیكه‌‌شه‌‌وه‌‌ كێشه‌‌ى ستاف و مامۆستاى پسپۆڕ و تاقیگه‌‌ و هۆڵ و ئامێر و ئامرازی هه‌‌یه‌‌.
 
5. به‌‌ دانپێدانانى سه‌‌رۆكى زانكۆ و مامۆستایان، كردنه‌‌وه‌‌ى به‌‌ش و كۆلێژه‌‌كان به‌‌ رێكاری زانستى نه‌‌كراوه‌‌، كێشه‌‌كه‌‌ ئه‌‌وه‌‌یه‌‌ كه‌‌ له‌‌گه‌‌ڵ ئه‌‌وه‌‌ى ده‌‌زانرێت ئه‌‌م به‌‌ش و كۆلێژانه‌‌ له‌‌سه‌‌ر هێڵێكى راست و زانستی نین، كه‌‌چى خوێندن تیایاندا به‌‌رده‌‌وامن و ساڵانه‌‌ش به‌‌ سه‌‌دان ده‌‌رچویان هه‌‌یه‌‌.
6. به‌‌شى پیشه‌‌یی كه‌‌متر له‌‌ زانكۆی گه‌‌رمیان دا گرنگیی پێدراوه‌‌ و هه‌‌یه‌‌، هه‌‌روه‌‌ك به‌‌شه‌‌ زانستیه‌‌كانیش سنوردارن، له‌‌به‌‌رامبه‌‌ردا به‌‌شه‌‌ وێژه‌‌ییه‌‌كان به‌‌ ژماره‌‌ زۆرن و فێرخوازیشیان زۆره‌‌، ئه‌‌مه‌‌ش له‌‌كاتێكدایه‌‌ ده‌‌رفه‌‌تى كار بۆ ده‌‌رچوانى به‌‌شه‌‌ وێژه‌‌ییه‌‌كان زۆر كه‌‌متره‌‌.
 
7. به‌‌رپرسانى زانكۆ باس له‌‌وه‌‌ده‌‌كه‌‌ن كه‌‌ ده‌‌یانه‌‌وێت به‌‌شى نوێی پیشه‌‌یی و زانستى بكه‌‌نه‌‌وه‌‌، به‌‌ڵام كێشه‌‌ى گه‌‌وره‌‌یان ئه‌‌وه‌‌یه‌‌ ده‌‌ستیان به‌‌ستراوه‌‌ به‌‌ ئاراسته‌‌ى كردنه‌‌وه‌‌ى به‌‌ش و كۆلێژی نوێ كه‌‌ له‌‌گه‌‌ڵ داواوخواستى بازاڕدا بگونجێت، ئه‌‌مه‌‌ش به‌‌هۆی دانپێدانه‌‌نانى زانكۆكه‌یه‌ له‌‌لایه‌‌ن حكومه‌‌تى عێراقیه‌‌وه‌‌.
 
8. حكومه‌‌ت هه‌‌ندێك ده‌‌ستپێشخه‌‌ریی هه‌‌بوه‌‌ بۆ ئه‌‌وه‌‌ى ده‌‌رچوانى زانكۆ بخرێنه‌‌ سه‌‌ركار، له‌‌وانه‌‌: بونى خولی راهێنان، له‌‌گه‌‌ڵ پێدانى قه‌‌رزی بچوك، به‌‌ڵام ئه‌‌وه‌‌ى یه‌‌كه‌‌میان زامنى بون به‌‌ خاوه‌‌ن كار و پیشه‌‌ ناكات، دوه‌‌میشیان به‌‌كاریگه‌‌ریی قه‌‌یرانى دارایی راگیراوه‌‌.
 
9. هه‌‌ست به‌‌وه‌‌ده‌‌كرێت كه‌‌ زانكۆ له‌‌ دۆڵێكه‌‌ و بازاڕیش له‌‌ دۆڵێكى تر، هيچ په‌‌یوه‌‌ستیی و په‌‌یوه‌‌ندییه‌‌ك له‌‌نێوان ئه‌‌م دوانه‌‌دا نییه‌‌، به‌‌شێوه‌‌یه‌‌ك ببن به‌‌وه‌‌ى كه‌‌ یه‌‌كترى ته‌‌واو بكه‌‌ن. ئه‌‌مه‌‌ش ده‌‌گه‌‌ڕێته‌‌وه‌‌ بۆ كۆنی و خراپی ئه‌‌و سیسته‌‌مه‌‌ى كه‌‌ هه‌‌ردو بواره‌‌كه‌‌ى پێ به‌‌ڕێوه‌‌ده‌‌برێت.
 
10. هۆكارێكى گرنگی ئه‌‌وه‌‌ى زانكۆكان نه‌‌بونه‌‌ته‌‌ سه‌‌رچاوه‌‌ى خوڵقاندنى ده‌‌رفه‌‌تى كار، بۆ ئه‌‌وه‌‌ ده‌‌گه‌‌ڕێته‌‌وه‌‌ كه‌‌ پرۆسه‌‌ى خوێندن به‌‌گشتى و له‌‌نێویشیاندا خوێندنى زانكۆیی، كه‌‌متر پراكتیكین و زۆرتر گرنگیی به‌‌ لایه‌‌نى تیۆریی ده‌‌درێت، ئه‌‌مه‌‌ش واده‌‌كات فێرخوازان خاوه‌‌نى كارامه‌‌یی پێویست نه‌‌بن له‌‌ بواری پسپۆڕێتیه‌‌كه‌‌یاندا.
 
دوەم: راسپارده‌كان
 
1. پێش زانكۆی گه‌‌رمیان وه‌‌زاره‌‌تى خوێندنى باڵا و پێش ئه‌‌ویش حكومه‌‌ت و له‌‌پێش حكومه‌‌تیشه‌‌وه‌‌ پارله‌‌مان، پێویسته‌‌ له‌‌سه‌‌ر ئه‌‌م پرسه‌‌ به‌‌ جیدیی بوه‌‌ستن، چونكه‌‌ وه‌‌ك ده‌‌رده‌‌كه‌‌وێت زانكۆكان ته‌‌نها بون به‌‌ مۆڵگه‌‌ى ته‌‌واوكردنى خوێندن، نه‌‌ك دروستكردنى تاكی به‌‌هره‌‌مه‌‌ند كه‌‌ بتوانن دواى ده‌‌رچونیان رۆڵیان هه‌بێت له‌‌ كۆمه‌‌ڵگادا. ئه‌‌مه‌‌ش سه‌‌رده‌‌كێشێت بۆ دروستبونى بێكارییه‌‌كى گه‌‌وره‌‌ كه‌‌ ئاكامی زۆر خراپی لێده‌‌كه‌‌وێته‌‌وه‌‌.
بۆیه‌‌ گرنگه‌‌ ئه‌‌و لایه‌‌نانه‌‌ پێداچونه‌‌وه‌‌یه‌‌كى جیدیی بكه‌‌ن به‌‌ پرۆسه‌‌ى خوێندن و بازاڕ دا، وابكه‌‌ن كه‌‌ گونجاندنێك له‌‌نێوانیان دا دروست بكه‌‌ن، چ به‌‌ ده‌‌ركردنى یاسای نوێ و تایبه‌‌تمه‌‌ند، چ به‌‌ هه‌‌مواركردنه‌‌وه‌‌ى یاسا كۆن و كێشه‌‌داره‌‌كان، چ به‌‌ ده‌‌ركردنى رێنمایی و هه‌‌نگاو له‌‌لایه‌‌ن حكومه‌‌ته‌‌وه‌‌ بۆ بره‌‌ودان به‌‌ خستنه‌‌سه‌‌ركارى ده‌‌رچوانى زانكۆ له‌‌ كه‌‌رتى تایبه‌‌ت دا.
 
2. هانى زانكۆی گه‌‌رمیان ده‌‌ده‌‌ین كه‌‌ له‌‌ ئاستى خۆجێی دا ئه‌‌م گرفته‌‌ به‌‌هه‌‌ند وه‌‌ربگرێت، ئه‌‌ویش له‌‌ رێگه‌‌ى ئه‌‌نجامدانى لێكۆڵینه‌‌وه‌‌ و روپێویی وردتر له‌‌سه‌‌ر ئه‌‌م پرسه‌‌، هه‌‌روه‌ها ئه‌‌نجامدانى كۆنفرانس و سیمینار و كۆبونه‌‌وه‌‌ى كراوه‌‌، به‌‌ به‌‌شدارى كادیرانى ناوخۆیی و شاره‌‌زایانى ده‌‌ره‌‌وه‌‌ى زانكۆ و ته‌‌نانه‌‌ت بیانییش، به‌‌مه‌‌به‌‌ستى دۆزینه‌‌وه‌‌ى بیرۆكه‌‌ى نوێ و گونجاو بۆ چاره‌‌سه‌‌ركردنى ئه‌‌م كێشه‌‌یه‌‌، كه‌‌ به‌‌پشت به‌‌ستن به‌‌و چاره‌‌سه‌‌رانه‌‌، هه‌‌نگاوی پێویست بنێت.
 
3. گرنگه‌‌ زانكۆكه‌‌ پێداچونه‌‌وه‌‌ به‌‌ كۆلێژ و به‌‌شه‌‌كانى دا بكات، به‌‌وه‌‌ى ئه‌‌و به‌‌شانه‌‌ى كه‌‌متر سودیان بۆ فێرخوازان ده‌‌بێت له‌‌ ده‌‌ستكه‌‌وتى هه‌‌لی كار، سنوردار بكرێن یان دابخرێن، به‌‌پێچه‌‌وانه‌‌وه‌‌ ئه‌‌و كۆلێژ و به‌‌شانه‌‌ى كه‌‌ له‌‌و روه‌‌وه‌‌ گرنگن به‌‌تایبه‌‌ت له‌‌ بواره‌‌ زانستى و پیشه‌‌ییه‌‌كان، بكرێنه‌‌وه‌‌.
 
4. ئه‌‌گه‌‌رچی به‌‌ره‌‌وپێشه‌‌وه‌‌چون هه‌‌یه‌‌، به‌‌ڵام یه‌‌كێك له‌‌ كێشه‌‌ دیاره‌‌كانى زانكۆی گه‌‌رمیان، دانپێدانه‌‌نانێتى له‌‌لایه‌‌ن حكومه‌‌تى عێراقیه‌‌وه‌‌، ده‌‌بێت هه‌‌وڵدان بۆ به‌‌ده‌‌ستهێنانى ئه‌‌و دانپیانانه‌‌ له‌‌ ئه‌‌وله‌‌ویه‌‌تى حكومه‌‌تى هه‌‌رێم و به‌‌رپرسانى سنوره‌‌كه‌‌ بێت، كه‌‌ زۆرجار وه‌‌كو هۆكار بۆ گه‌‌شه‌‌نه‌‌كردنى زانكۆكه‌‌ یان نه‌‌كردنه‌‌وه‌‌ى به‌‌شى گرنگ و نوێ لێكده‌‌درێته‌‌وه‌‌.
 
5. پێویسته‌‌ پێداچونه‌‌وه‌‌ به‌‌ پرۆگرام و شێوازى خوێندن دا بهێنرێت، له‌‌پاڵ بنه‌‌چه‌‌ تیرۆرییه‌‌كان، گرنگیی زیاتر به‌‌ لایه‌‌نى پراكتیكی و هاوتاكردنى ئه‌‌م دولایه‌‌نه‌‌ بدرێت. هه‌‌روه‌‌ك پرۆگرامه‌‌كان به‌‌شێوه‌‌یه‌‌ك دابڕێژرێن كه‌‌ كارامه‌‌یی كار بۆ بازاڕ به‌‌رهه‌‌م بهێنن نه‌‌ك وه‌‌ك ئه‌‌وه‌‌ى ئێستا هه‌‌یه‌‌ و زۆرتر به‌‌ ئاراسته‌‌ى حكومه‌‌ت و دامه‌‌زراندنه‌‌ له‌‌ كه‌‌رتى گشتى.
 
6. ئه‌‌نجامدانى راهێنان و بونى سه‌‌نته‌‌رى تایبه‌‌ت به‌‌ گه‌‌شه‌‌پێدانى تواناى فێرخوازان، هه‌‌نگاوی گرنگن، هانى زانكۆی گه‌‌رمیان ده‌‌ده‌‌ین كه‌‌ گرنگیی زیاتر به‌‌م بواره‌‌ بده‌‌ن و به‌‌شێوه‌‌ى زانستی و پشت به‌‌ستو به‌‌ توێژینه‌‌وه‌‌ و روپێوی، پێداچونه‌‌وه‌‌ى ئیجابیی تێدا بكه‌‌ن. 
 
7. بونى پرۆژه‌‌ى پاڵپشت بۆ ده‌‌رچوانى زانكۆ زۆر پێویسته‌‌، له‌‌نمونه‌‌ى قه‌‌رزی بچوك، یان كردنه‌‌وه‌‌ى سه‌‌نته‌‌رى خستنه‌‌كارى ده‌‌رچوان، بۆ ئه‌‌مه‌‌ش ده‌‌كرێت زانكۆی گه‌‌رمیان و به‌‌ڕێوبه‌‌رایه‌‌تیه‌‌كانى سه‌‌ر به‌‌ وه‌‌زاره‌‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌‌ڵایه‌‌تى، هه‌‌ماهه‌‌نگیی بكه‌‌ن.
 
8. هانى زانكۆی گه‌‌رمیان ده‌‌ده‌‌ین كه‌‌ ده‌‌ستپێشخه‌‌ریی هه‌بێت له‌‌نمونه‌‌ى ئه‌‌نجامدانى كۆبونه‌‌وه‌‌ى به‌‌رفراوان و كۆنفرانس له‌‌گه‌‌ڵ خاوه‌‌نكار و كۆمپانیاى بازرگانى و پیشه‌سازیی و كارگه‌‌ و... هتد، به‌‌مه‌‌به‌‌ستى دروستكردنى په‌‌یوه‌‌ندی و دۆزینه‌‌وه‌‌ى ئالیه‌‌تى گونجاو بۆ هاوكارییكردنى یه‌‌كترى و سودبینینی دولایه‌‌نه‌‌، به‌‌تایبه‌‌ت له‌‌ خستنه‌‌سه‌‌ركارى ده‌‌رچوانى زانكۆ دا، بۆ ئه‌‌مه‌‌ش ئه‌‌و لایه‌‌نه‌‌ حكومیانه‌‌ى په‌‌یوه‌‌ستن به‌‌ رێكسختنى بازاڕ له‌‌گه‌‌ڵ سه‌‌ندیكا تایبه‌‌تمه‌‌نده‌‌كان ده‌‌توانن به‌‌شدار و هاوكار بن.
 

 

 



Radiodeng.net - 2021
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 3,800,393     ژمارەی میوان 14