”بەبڕیارێک هونەر لە گەرمیان پەکی خراوە و لە قەیراندایە“

2021/03/17    1021 جار بینراوە
 
رادیۆى ده‌نگ
 
بەڕێوبەری گشتی هونەر و رۆشنبیری گەرمیان و هەردو جێگرەکەی رایدەگەیەنن ”بەبڕیارێک هونەر لە گەرمیان پەکی خراوە و لە قەیراندایە“ هونەرمەندانیش داوەدەکەن هەڵوێستی مەدەنی بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی حکومەت بێتەسەرخەت بۆ بەروپێشبردنی هونەر لە ناوچەکە.
 
لە مێزگردێکی یەکەی چاودێری حکومەتی خۆجێی گەرمیان، گفتوگۆیەکی لە نێوان بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان و هونەرمەندانی ناوچەکە ئەنجامدرا لە بارەی راپۆرتی ژمارە ١٦ی یەکە کە تایبەت بو بە 'رۆڵی حکومەت لە برەودان بە هونەر لە گەرمیان'.
 
ئاکۆ یوسف، بەڕێوبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان، باسی لەوەکرد بەڕێوبەرایەتیەکەیان هیچ بوجەیەکی تایبەتی نیە تاوەکو بتوانن هونەر لە ناوچەکە ببەنە پێشەوە، ئەوەی هەیانە نەسریەیە بۆ کۆمەڵێک پێداویستی سەرەتایی.
 
وتیشی: ”بەهۆی هاتنی کۆرۆنا لە ساڵی رابردو قەیرانی چەند ساڵە بە وەزارەت وتراوە چاوی حکومەت لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانە و نایەوێت داهاتەکەی لە بوارەکانی دیکە خەرج بکات ئەمە واتە هونەر لە حکومەتەوە گرنگى پێنه‌دراوه‌“.
 
لەگەڵ ئەوەشدا یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی ئاماژەی بەوەکرد ئەوان دەیانەوێت لە کاری بچوک دورکەنەوە هونەر ببنە ئاستی دەرەوە، بەرهەمە هونەریەکان لە وڵاتانی دیکە نمایشبکرێت.
 
سەربەست ئەحمەد، یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی بۆ کاروباری هونەری، وتی: ”هونەری باش داهاتێکی باشی دەوێت، چونکە ئێمە دەبێت لە ئاستی ئیشی بچوک نەوەستین بۆ ئەمەش دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری گۆرانکاری بکات بناغەیەک بۆ هونەر دابنێت بەشێوەیەک هونەر داهات بۆ هونەرمەندان کۆبکاتەوە، چونکە هونەر بەدەر لە چێژبینن بزنسە“.
 
وەزارەتی رۆشنبیری سەرجەم بەڕێوبەرایەتیەکانی بچوکردوەتەوە بۆ بەش ئەمەش بە هۆکارێک دەبینرێت بۆ پەراوێزخستنی هونەر.
 
ئازاد حەسەن، جێگری بەڕێوبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان، جەختی کردوە کە کاریگەری زۆرخراپی کردوەتە سەر ئاستی هونەر، چونکە لە قەزایەکی وەک کفری بەشێک چی پێدەکرێت بۆ هونەر”بەشەکە ناتوانێت قرتاسیەیک بکرێت ئایا بۆ هونەر چی لەدەست دێت!“.
 

 

هونەرمەندان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی هونەر چەند رێگە چارەیەک پێشنیازدەکەن و داوەدەکەن پێکەوە گردبونەوە سزابکەن بۆ جێبەجێکردنی.
 
شوان جەلال، ئەکتەرو دەرهێنەر پێشنیازدەکات هونەر و وەبەرهێنان پێکەوە ببەسترێتەوە ”هەروەک چۆن بۆ تیپە وەرزشیەکان کافێ و بەنزینخانەو مارکیت دەکرێت بە ناویانەوە داهاتەکەی بۆ ئەوانە دەبێت بۆ هونەریش هەمان رێگە بگیرێتە بەر، چونکە ناکرێت بۆ کارێکی شانۆیی ئەکتەرەکان سێ مانگ پرۆڤەبکەن بە بێ ئەوەی هاوکارێکی مادی بکرێن ئەمە رێزنەگرتنە لە هونەر کە وادەکات بێ ئومێدبین لە کارە هونەریەکانمان“.
 
ئەحمەد محەمەد، گۆرانیبێژ، لە بارەی نەبونی تیپی مۆسیقا و نەبونی ستۆدیۆ بۆ تۆمارکردنی بەرهەمەکانیان چارسەرەکەی بەستەوە بەوەی کەسانی پسپۆری موزیک بهێندرێتە ناوچەکە کادر پێبگەیەنێت ئەو کات بیر لە دروستکردنی ستۆدیۆ بکرێتەوە چونکە موزیک و گۆرانی لە گەرمیان پێویستی بە بناغەیە.
 
بۆ جێبەجێکرنی ئەم داوایانە بە رای هونەرمەندی شێوەکار عەدنان عەبدولقادر، دەبێت هونەرمەندان گردببنەوە پێکەوە و بەیاننامە بدەنە حکومەت، ”بەو شیوەیە نەبێت کەس بە بێدەنگی هیچی پێناکرێت بۆیە یەک هەڵوێستی هونەرمەندان گرنگە لەم دۆغەدا“.
 
ئەم راپۆرتە دەرئەنجامی مێزگردێکی یەکەی چاودێری حکومەتی خۆجێی گەرمیانە بە بەشداری(ئاکۆ یوسف، بەڕێوبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان)، (سەربەست ئەحمەد، یاریدەدەری بەڕێوبەر بۆ کاروباری هونەری)، (ئازاد حەسەن، جێگری بەڕێوبەر)، (شوان محەمەد، ئەکتەرو دەر‌هێنەر) (عەدنان عەبدولقادر، شێوەکار)، (ئەحمەد محەمەد، گۆرانیبێژ).
 
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,172,891     ژمارەی میوان 3312