به‌كارهێنانى مه‌لزه‌مه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندن قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

4/3/2019 1    1324 جار بینراوە
 
رادیۆى ده‌نگ
 
یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان له‌گه‌ڵ به‌رێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار و به‌شێك له‌ به‌رێوبه‌رى ناوه‌نده‌كانى كۆبویه‌وه‌ وبه‌رێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار جه‌ختى له‌وه‌كردوه‌ كه‌ نوسراویان ئاراسته‌ى ناوه‌نده‌كان كردوه‌ و به‌كارهێنانى مه‌لزه‌مه‌ له‌ ناوه‌نده‌كان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌.
 
له‌ راپۆرتى 17ى یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان باسی له‌ به‌ كارهێنانى مه‌لزه‌مه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندن كراوه‌ و ئه‌مرۆش یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ به‌رێوبه‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ به‌رێوبه‌رى ناوه‌نده‌كان كۆبوه‌ته‌وه‌ بۆ خستنه‌روى ناوه‌رۆكى راپۆرته‌كه‌ و دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌ى گونجاو.
 
ئه‌حمه‌د حه‌مید، سه‌رپه‌رشتیارى یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسى له‌ كاره‌كانى یه‌كه‌كه‌ كرد كه‌ له‌ راپۆرته‌كانیاندا خستویانه‌ته‌رو.
 
دواتر زریان محه‌مه‌د سه‌رپه‌رشتیارى دۆسیه‌ى په‌روه‌رده‌ ناوه‌رۆكى راپۆرتى 17ى یه‌كه‌ى چاودێرى كه‌ باس له‌ به‌كارهێنانى مه‌لزه‌مه‌ ده‌كات خسته‌رو له‌گه‌ڵ ئه‌نجامى  راپرسیه‌ك كه‌ له‌ به‌شێك ناوه‌نده‌كانى خوێندنى سنورى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان ئه‌نجامدراوه‌.
 
له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ 40 به‌رێوبه‌ر تێیدا ئاماده‌بون و له‌ به‌رێوبه‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار ئه‌نجامدرا، به‌رێوبه‌رى ناوه‌نده‌كانیش بۆچونى خۆیان له‌باره‌ى به‌كارهێنانى مه‌لزه‌مه‌ و چاره‌سه‌ره‌كانیه‌وه‌ خسته‌رو.
 
له‌باره‌ى به‌كارهێنانى مه‌لزه‌مه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندن عه‌داله‌ت له‌تیف، به‌رێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ نوسراویان ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كان كردوه‌ و پێیان راگه‌یاندون كه‌ به‌كارهێنانى مه‌لزه‌مه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌.
 
باسی له‌وه‌شكرد: هه‌ر مامۆستایه‌ك قوتابى و خوێندكار ناچار به‌ به‌كارهێنانى مه‌لزه‌مه‌ بكات لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
 
یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان پرۆژه‌یه‌كى رادیۆى ده‌نگه‌ به‌ پاڵپشتى رێكخراوى (NED)ى ئه‌مریكى ئه‌نجامیده‌دات و به‌دواداچون بۆ كه‌رتى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى ده‌كات له‌ سنورى گه‌رمیان.
 
 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,349,496     ژمارەی میوان 472