رێنمایی بۆ رۆژنامه‌نوسان له‌باره‌ى روماڵی حاڵه‌ته‌كانى خۆكوشتن

8/5/2018 1    748 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ 
نوسینی: Cristiana Bedei
 
روماڵی روداوى خۆكوشتن به‌ته‌نیا روداوێكى خه‌مگین یان دڵته‌زێن نییه‌ بۆ رۆژنامه‌نوسان، به‌ڵكو قورسییشه‌.
 
له‌م جۆره‌ روماڵه‌دا، رۆژنامه‌نوسان روبه‌ڕوى قورسیی زۆر ده‌بنه‌وه‌، هه‌ر له‌ مه‌ترسیی ئاماده‌كردنى راپۆرتێك كه‌ نابه‌رپرسیار بێت، تا ده‌گات به‌وه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى داتا و زانیارییه‌كان ره‌نگه‌ ببنه‌ هۆی زیادبونى ئازار و ناڕه‌حه‌تى و شه‌رم بۆ ئه‌وانه‌ى به‌هۆی روداوه‌كه‌وه‌ توشى زیان بون.
 
وروژاندنى گفتوگۆ له‌باره‌ى حاڵه‌ته‌كانى خۆكوشتن، ده‌شێت رویه‌كى ئیجابیی و باشی هه‌بێت، به‌ڵام زۆر قورسه‌ بتوانی هاوسه‌نگییه‌ك دروست بكه‌یت له‌نێوان زانیارییه‌ ورد و پشتراستكراوه‌كان و رێگریی كردن له‌ هه‌ر زیانێكى ناپێویست كه‌ به‌ كه‌سه‌كان بگات.
 
له‌كاتى روماڵی خۆكوشتن دا "كه‌ هۆكارى ژماره‌ ده‌ى زۆرینه‌ى مردنه‌كانى ئه‌مریكایه‌ له‌هه‌مو ته‌مه‌نه‌كان"، كه‌میش زۆره‌، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ى كه‌ ورده‌كاریی كه‌م بخه‌ره‌ رو و ناونیشانى نا وروژێنه‌ر به‌كاربێنه‌ و كه‌مترین ده‌ستێوه‌ردانیش بكه‌ له‌ چیرۆكه‌كه‌دا.
 
رۆژنامه‌نوسان له‌م روماڵه‌یاندا ناتوانن هه‌مو كات ره‌وشه‌كه‌ باشتر بكه‌ن، به‌ڵام لانی كه‌م پێویسته‌ له‌سه‌ریان كه‌ خراپتری نه‌كه‌ن.
 
داوامانكرد له‌ ژماره‌یه‌ك شاره‌زاى راگه‌یاندن و ته‌ندروستى عه‌قڵییی بۆ ئه‌وه‌ى رێنمایی خۆیان بۆ رۆژنامه‌نوسان بخه‌نه‌ڕو له‌كاتێكدا ویستیان روماڵی ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن.
 
 
1. خۆت دور بگره‌ له‌ ده‌سته‌واژه‌ى وه‌كو "خۆكوشتنى سه‌ركه‌وتو"
 
ناتاشا دیفۆن، ژنه‌ نوسه‌رێكه‌ كه‌ دامه‌زرێنه‌رى میساقی رۆژنامه‌وانى ته‌ندروستى عه‌قڵیه‌ له‌ شانشینی یه‌كگرتو، ده‌ڵێت: ده‌سته‌واژه‌ى "خۆكوشتنى سه‌ركه‌وتو" نه‌ك هه‌ر ورد نییه‌، به‌ڵكو وه‌ها پیشان ده‌دات كه‌ خۆكوشتن كارێكى باش و ئیجابی بێت، هه‌روه‌ك بێزاركه‌ریشه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌ روداوه‌كه‌ خۆشه‌ویستیان له‌ده‌ستداوه‌.
 
ده‌شڵێت: بۆچونێك هه‌یه‌ ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر خه‌ڵكى وابزانن كه‌ خۆكوشتنیان كاردانه‌وه‌ى ده‌بێت له‌روى یاساییه‌وه‌، ئه‌مه‌ وایانلێده‌كات لێی پاشگه‌ز ببنه‌وه‌"، به‌ڵام ئه‌م رایه‌ له‌راستیی دا ئه‌فسانه‌یه‌، چونكه‌ خۆكوشتن تاوان نیه‌، به‌ڵكو بابه‌تێكى په‌یوه‌ندیی به‌ ته‌ندروستى عه‌قڵییه‌وه‌ هه‌یه‌.
 
بۆیه‌ به‌كارهێنانى زمانێكى گونجاو، ره‌نگه‌ هاوكارى خه‌ڵكانێك بكات كه‌ پێویستیان به‌هاوكارییه‌، بۆ داواكردنى.
 
2. ورده‌كاریی مه‌خه‌ره‌ رو
 
دیفۆن، ده‌ڵێت: زۆر به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌یسه‌لمێنن خسته‌نه‌ڕوى ورده‌كاریی زۆر و ناپێویست له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى كه‌سه‌كه‌ چۆن خۆی كوشتوه‌، ره‌نگه‌ لێكه‌وته‌ و كاریگه‌ریى بۆ سه‌ر وه‌رگران هه‌بێت، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى مه‌ترسی خۆكوشتن یان زیانگه‌یاندن به‌خۆیان له‌سه‌ره‌، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا هاندانى خه‌ڵكیه‌ بۆ خۆكوشتن.
 
پێش ماوه‌یه‌ك، جۆن دانیسۆفیسكی، جێگری سه‌رۆكى كوالێتى له‌ ئاژانسی ئه‌سۆشێتد پرێس، رایگه‌یاند كه‌ له‌و چیرۆكه‌ى له‌باره‌ى خۆكوشتنى (ئه‌نتۆنى بۆردان و كایت سبید) بڵاویانكردوه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك ورده‌كاری ناپێویستیان لاداوه‌، هه‌روه‌ك هانى رۆژنامه‌نوسانیشیان داوه‌ كه‌ كه‌مترین زانیاریی له‌باره‌ى شێوازی خۆكوشتنى كه‌سه‌كان بخه‌نه‌ڕو و نه‌یكه‌نه‌ بنه‌ماى چیرۆكه‌كه‌یان.
 
له‌و نمونه‌ جوانانه‌ش له‌م روه‌وه‌ له‌به‌رده‌ست دان، روماڵی سی ئێن ئێن بو بۆ خۆكوشتنى (بۆردان)، كه‌ له‌بری ئه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ت و چۆنیه‌تى روداوه‌كه‌ بخاته‌ڕو، باسی رابردو و كاره‌كانى ناوبراوى كردوه‌.
 
 
3. به‌رده‌وام زانیاریی له‌باره‌ى هاوكاریی بخه‌ره‌ رو
 
ره‌نگه‌ رسته‌یه‌كى ساده‌، ژیانى كه‌سێك رزگار بكات، هه‌ربۆیه‌ له‌ راپۆرته‌كانت دا ده‌توانیت هه‌ندێك ده‌ستەواژه‌ به‌كاربێنیت بۆ هاوكاریكردنى ئه‌وانه‌ى مه‌ترسی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى خۆكوشتنیان لێده‌كرێت، له‌نمونه‌ى: "ئه‌گه‌ر ده‌زانیت له‌ كێشه‌یه‌ك دایت، ده‌توانى په‌یوه‌ندیی به‌م ژماره‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ بكه‌یت....".
 
له‌مباره‌وه‌ ستیڤانى كۆجن، جێگری سه‌رۆكى به‌شى په‌یوه‌ندیه‌كان و به‌بازاڕكردن له‌ ده‌زگاى ئه‌مریكی بۆ به‌رگرتن به‌ خۆكوشتن، ده‌ڵێت: "بونى ئه‌م ده‌سته‌واژانه‌ هاوكارییه‌كى خێرای ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ چیرۆكه‌كه‌ت ده‌خوێنه‌وه‌ و خۆیان یان كه‌سێكى نزیكیان پێویستیان به‌هاوكاری هه‌بێت بۆ به‌رگرتن به‌ خۆكوژیی".
 
هه‌روه‌ك ده‌بێت ره‌چاوى به‌كارهێنانى هێماكانى ئاگادار كردنه‌وه‌ بیت، بۆ ئه‌وه‌ى خێزان و هاوڕێكان به‌هۆیه‌وه‌ بزانن.
 
4. واپیشان مه‌ده‌ كه‌ یه‌ك روداو هۆكارى خۆكوشتنه‌
 
خۆكوشتن پرۆسه‌یه‌كى ئاڵۆزه‌، به‌گشتى ده‌ره‌نجامى چه‌ندین هۆكاره‌ له‌گه‌ڵ بونى نه‌خۆشی عه‌قڵیى ئیتر پێی زانرابێت و چاره‌سه‌ركرابێت یان نا.
 
كۆجن، ده‌ڵێت: خۆت به‌دور بگره‌ له‌كاتى ئاماده‌كردنى راپۆرته‌كه‌ت دا له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى خۆكوشتنه‌كه‌ ته‌نها یه‌ك هۆكارى هه‌یه‌، بۆنمونه‌ بڵێیت كه‌سێك له‌هاوسه‌ره‌كه‌ى جیا ده‌بێته‌وه‌ یان بێكار ده‌بێت په‌نا بۆ خۆكوشتن ده‌بات، چونكه‌ توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستوه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك به‌هۆی یه‌ك كێشه‌وه‌ كۆتایی به‌ژیانى خۆی ناهێنێت، به‌ڵكو به‌هۆی كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌كات.
 
ده‌شڵێت: "پیشاندانى ئه‌وه‌ى كه‌ یه‌ك هۆكار له‌ پشت خۆكوشتنه‌وه‌كه‌یه‌، واده‌كات وه‌رگر به‌ هه‌ڵه‌ له‌ خۆكوشتن بگات و پرۆسه‌كه‌ى له‌پێش چاو ئاسان ده‌كات".
 
ئه‌گه‌ر روداوه‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ لایه‌نى عه‌قڵی یان ئالوده‌بون به‌ ماده‌ى هۆشبه‌ره‌وه‌ هه‌بێت، واباشتره‌ تۆزێك چوارچێوه‌ى راپۆرته‌كه‌ت فراوانتر بكه‌یت و تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌یت ئه‌م كێشانه‌ قابیلی چاره‌سه‌رن.
 
ده‌ڵێت: "دڵنیابه‌ له‌وه‌ى له‌ به‌كارهێنانى زمان و شێوازى نوسین و وێنه‌، په‌یامی ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نیت كه‌ ده‌توانرێت به‌رگریی و خۆپارێزیی له‌ خۆكوشتن بكرێت".
 
 
وه‌رگێڕانى: یه‌كه‌ى رۆژنامه‌نوسی مافه‌كانى مرۆڤ له‌ رادیۆی ده‌نگ
سه‌رچاوه‌: ijnet
 


Radiodeng.net - 2021
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 3,816,042     ژمارەی میوان 14